هەر پەرلەمانتارێكی عێراق مانگە (23) ملیۆن دینار وەردەگرێت
2024-01-29 17:01:16
درەو:
نزیكەی (50) رۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمدا تێپەڕ دەبێت، هەرێم چاوی لە (618) ملیارەكەی بەغدایە، ئێستا كورد خاوەنی (63) پەرلەمانتارە لە بەغداد، مانگانە یەكی (23) ملیۆن دینار دەچێتە سەر ئەژماری بانكیان، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی پەرلەمانتاران بەكەمتەرخەمتەر دەزانن لە ئاست بەدەمەوەچوون داواكاری و موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
مامۆستا شنە عەلی خەیات لە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە (گفتوگۆی درەو)دا رایگەیاند: بەداخەوە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد زۆر كەمتەرخەمن، دەبوایە لە بری مامۆستایانی ناڕازی لە بەغداد كاریان بكردایە.
كورد (63) پەرلەمانتاری هەیە لە عێراق، (جگە لە وەزیرو پۆستە باڵاكانی كورد) ئەو پارەیەی مانگانە دەچێتە سەر ئەژماری بانكی هەر پەرلەمانتارێك، (23) ملیۆن و 200 هەزار) دینارە.
پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو پارەیەی دەخرێتە سەر ئەژماری بانكی پەرلەمانتارێك (23 ملیۆن و 400 هەزار) دینارە بەم شێوەیە:
🔹 كۆی موچەی مانگێكی پەرلەمانتار: (6 ملیۆن و 400 هەزار ) دینارە، (4 ملیۆن) دینار موچەی بنەڕەتی و (2ملیۆن و 400) هەزار دینار دەرماڵەی میوانداریی.
🔹مانگانە بڕی ( 3 ملیۆن) دینار بۆ كرێی خانوو یان شوقەی پەرلەمانتار خەرجدەكرێت
🔹 مانگانە بڕی ( 16 ملیۆن و 800هەزار) دینار دەخرێتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتارێكی عێراق، بۆ ستافێكی (16) كەسی لە ( پاسەوان و سكرتێر و راگەیاندندكار)بۆ پەرلەمانتارێك دابین دەكرێت، موچەی هەر پاسەوانێك ئەگەر هاوسەری هەبێت ( ملیۆن و 80 هەزار) دینار ئەگەر هاوسەری نەبێت (950 هەزار) دینارەو بە نزیكەی كۆی پارەی پاسەوان كە دەخرێتە سەر ئەژماری بانكی پەرلەمانتارەكە زیاتر لە ( 16 ملیۆن و 800 هەزار) دینارە، پەرلەمانتار خۆی ئازادە لە شێوازی دابەشكردنی، بەشێك لە پەرلەمانتاران ئەو بڕە پارەیە نادەنە ئەو ستافەو برێكی كەمیان دەدەنێ و دەوامیان پێناكەن.
🔹 كۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ پەرلەمانتارێكی عێراق مانگانە خەرج دەكرێت بریتیە لە ( 23 ملیۆن و 200 هەزار) دینارە لەگەڵ چەند ئیمتیازێكی تر.
🔹 ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (329) كەسە،
ژمارەی پەرلەمانتارانی كورد (63) پەرلەمانتارە، كۆی ئەو پارەیەی دەخرێتە سەر ئەژماری بانكیان ( ملیارێك و 461 هەزار) دینار .
پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردیەكان:
- فراكسیۆنی پارتی: 31 پەرلەمانتار
- فراكسیۆنی یەكێتی: 18 پەرلەمانتار
- فراكسیۆنی نەوەی نوێ: 9 پەرلەمانتار
- فراكسیۆنی یەكگرتوو: 4 پەرلەمانتار
- فراكسیۆنی كۆمەڵ: 1 پەرلەمانتار
نوێنەرانی كورد:
- سەرۆككۆماری عێراق
جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە
- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
- وەزیری ئاوەدانكردنەوە
- وەزیری داد
- وەزیری ژینگە
- جێگری وەزیری دارایی
- جێگری وەزیری نەوت