بەرزە موچە و موچە بڕاوو پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێم
2024-01-27 16:12:52
راپۆرتی: درەو
🔹 ئەو داهاتەی بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەی موچەخۆرانەوە لە (8) ساڵی ڕابردوودا بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ (5 ترلیۆن و 996 ملیار و 368 ملیۆن و 800 هەزار) دینار، لە هەردوو کابیەی هەشتەم و نۆیەمدا.
🔹 کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دیناری فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوتکردووە.
🔹 لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێم بڕی (10 ترلیۆن و 986 ملیار) دیناری موچەخۆرانی بڕیوە.
🔹 کەواتە کۆی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم (27 ترلیۆن و 580 ملیار و 365 ملیۆن و 800 هەزار) دینارە.
🔹 ئەگەر موچەخۆرێک بڕی موچەکەی (ملیۆنێک) دینار بێت، بەهۆی پاشەکەوت، لێبڕین و ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بڕی (48 ملیۆن و 320 هەزار) دیناری لای حکومەتی هەرێمە.
یەکەم؛ سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) چییە؟
لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە؛
(مادەی سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەی ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرز کردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
سەرمووچەی ساڵانە
لە (مادەی پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرمووچەی ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە (9)ی ئەم یاسایە.
هەروەها لە (مادەی نۆیەم)دا هاتووە؛
یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ پلەی دواتر یان پێدانی سەرمووچەی ساڵانەی بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەی مووچەی پلەکەی، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەی ساڵانەی پێ بدرێت لە پلەی دواتری پلەکەی خۆی.
دووەم: فەرمانبەری پایە (11)ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەی بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەی پلە باڵاکان (ب)
پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر
لە (مادەی شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە؛
یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەی فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەی پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی.
سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر هەر لە (مادەی شەشەم) و بڕگەی (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەی کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە:
ا. هەبووونی پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەی کە تێیدایە لەنێو (چمن) میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەی.
ب. تەواوکردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەی ژمارە (١).
ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە.
د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە نیاز وایە پلەکەی بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەی سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا.
لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەی پلە بەرز کردنەوە)
لە (مادەی حەوتەم)دا هاتووە؛
یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکی پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەی لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەی وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ بینینی داواکارییەکانی پلە بەرز کردنەوە لە ماوەی 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرز کردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ی ئەم یاسایە.
دووەم: فەرمانی پلە بەرز کردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرز کردنەوەکەشی جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوەکەی.
مادەی هەشتەم
یەکەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرز کراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەی بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەی پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەی هاوتا بێت.
دووەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرز کراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەی کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەی پایەی بەرزتری پێ دەدرێت.
خشتەی ژمارە (١)
موچەی بنەڕەتی پلەکانی وەزیفی
سیستمی موچە بە هەزار دینار
دووەم؛ شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم
فەرمانبەران و موچەخۆران دوو جۆر شایستەی داراییان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەوانیش بریتین لە شایستەی (بەرزە موچە)ی فەرمانبەران و موچەی (پاشەکەوت، لێبڕین و چارەکە موچە)، لە خوارەوە ڕاڤەی هەردوو ئەو جۆرە شایستەیە دەکەین و قەبارەی ئەو شایستانە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوندەکەینەوە.
1. ڕاگرتنی بەرزە موچەو کاریگەرییەکانی لەسەر فەرمانبەران مامۆستایان
لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە مافێكی یاساییە بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران، ئەم پرسە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (8) ساڵ.
ئەمە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو، پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووەتەوە کە لەم وەزارەتەش لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕاوەستابو.
کەواتە فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایانی هەرێم زەرەرمەندی یەكەمن، کە بە پێی داتاکانی بایۆمێتری ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایان (710 هەزار و 282) کەسە.
جگە لەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە کێشەی زۆری کارگێڕی وەزیفی دروستکردووە، تەنانەت بە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا هەیه خانەنشین کراون، بەبێ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەیان بکرێت، بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پێش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن کە ژمارەیان بە نزیکەی (50 هەزار) خانەنشین دەخەمڵێندرێت.
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکرنەوەی فەرمانبەرانەوە لەسەر حکومەت کەڵەکە بووەو دەبێت، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەکی لەو بارەیەوە نەبووە لەبەر ئەوەی؛
1. فەرمانبەران و مامۆستایان دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکە بووە،. بەتایبەت ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی پلە وەزیفییەکانیان لە نێوان (٦-١٠) دایەو (4) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێرەوە بۆ خشتەی ژمارە (1)).
2. بەشێک کەم لە فەرمانبەران و مامۆستایان یەک پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکەبووە، بەتایبەت ئەوانەی لە ساڵانی (2011 بۆ 2015) لەو مافە سودمەند بوونەو پلەی وەزیفیان لە نێوان (١-٥)دایەو (٥) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێوە بۆ خشتەی ژمارە (1)).
3. زانیاری ورد نییە لەبارەی کۆی ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان (هەڵگری چی بڕوانامەیەکن، لە چ پلە و پلکانەیەکی وەزیفیدان، لە چ پۆستێکی ئیداریدان) چونکە دەرماڵەماڵەکان کاریگەری گەورە لەسەر ڕێژەی بەرزبوونەوەی موچەکانیان جێ دەهێڵێت.
بەڵام بەشێوەیەکی گریمانەیی بەهای ئەو قەرزەی "بەرزە موچە" كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاترو بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران کە ژمارەیان (710 هەزار و 282) موچەخۆرە، کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە (35 ملیار و 514 ملیۆن و 100 هەزار) دینار.
بەمەش ئەگەر تەنها بۆ فەرمانبەرێک یەک پلە بەرزکردەنەوە و بۆ هەر پلە بەرزکرنەوەیەک (50 هەزار) دینار بخەمڵێنین _چونکە هەر پلە بەرزکردنەوەیەک فەرمانبەر (26 هەزار دینار بۆ 122 هەزار دینار) دەچێتە سەر موچەکەی_ بۆ (8) ساڵی ڕابردوو بەم جۆرەیە؛
• 710 هەزار و 282 موچەخۆری شارستانیX 50 هەزار دینار X 96 مانگ = (3 ترلیۆن و 409 ملیار و 353 ملیۆن و 600 هەزار) دینار.
ئەگەر سێ بەشی ئەو فەرمانبەرانە مافی دوو جار پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەتی هەرێم بێت، ئەوا بەپێی ئەم لێکدانەوەیەی خوارەوە، ئەم بڕەش لە شایستەی دارایی موچەخۆران وەک بەرزە موچە لەسەر حکومەت کەڵەکە دەبێت.
• 532 هەزار و 711 موچەخۆری شارستانیX 50 هەزار دینار X 96 مانگ = (2 ترلیۆن و 557 ملیار و 15 ملیۆن و 200 هەزار) دینار.
بەم پێیەش کۆی ئەو شایستە داراییەی موچەخۆرانی شارستانی کە بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛
• (3 ترلیۆن و 409 ملیار و 353 ملیۆن و 600 هەزار) دینار + (2 ترلیۆن و 557 ملیار و 15 ملیۆن و 200 هەزار) دینار = (5 ترلیۆن و 996 ملیار و 368 ملیۆن و 800 هەزار) دینار
2. پاشەکەت و لێبڕین و ڕاگرتنی بەرزە موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لەسەر شانی حکومەت
لە ماوەی (9) ساڵدا، واتا لە (108) مانگدا، هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها (49) موچەی تەواویان وەگرتووە، (15) موچەیان پێ نەدراوەو (44) موچەشیان بە چارەک و لێبڕین و بەشێک لە پاشەکەوتەوە بۆ خەرج کراوە.
کۆی ئەو بڕە پارەیەی وەک شایستەی دارایی موچەخۆران خەرج نەکراوە، قەبارەکەی گەیشتووە بە (21 ترلیۆن و 583 ملیار و 997 ملیۆن) دینار.
بەجۆرێک کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم لە ماوەی (54) مانگدا، تەنها (15) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (34) مانگیشی بە کەم و کوڕی و پاشەکەوتەوە کردووە، (5) مانگیشی خەرج نەکردو ناوینا پاشەکەوت. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی هەشتەم لای حکومەت مایەوە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا.
هاوکات لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (54) مانگی رابردوودا، تەنها (34) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکردووە. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی هەشتەم لای حکومەت مایەوە بە (10 ترلیۆن و 986 ملیار) دینار دەخەمڵێندێت.
بڕوانە خشتەکانی خوارە تایبەت بە شێوازی خەرجکردنی موچە و بڕو قەبارەی قەرزی کەڵەکەبوی موچەخۆران لە سەر حکومەت.
خشتەی ژمارە (2)
خشتەی سێیەم (3)
سێیەم؛ شایستە داراییەکانی تەنها موچەخۆرێک لای حکومەتی هەرێم
لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییانەی لە بەشی یەکەم و دووەمدا ئاماژەمان پێدا، ئەگەر گریمانەی ئەوەی بکەین موچەخۆرێک موچەکەی (ملیۆنێک) دینارە، ئەوا؛
1. (15) موچەی تەواوی وەرنەگرتووە کە دەکاتە (15 ملیۆن) دینار.
2. (23) جار چارەکە موچەی وەرگرتووەو هەر موچەیەک (750 هەزار) دیناری لێبڕاوە، کە دەکاتە (17 ملیۆن و 250 هەزار) دینار.
3. (11) موچەی بە تێکڕا (40%) و (400 هەزار) دیناری لێبڕاوە، کە دەکاتە (4 ملیۆن و 400 هەزار) دینار.
4. (9) موچەی بە لێبڕینی (210 هەزار دینار) بە رێژەی (21%) لێبڕاوە، کە دەکاتە (ملیونێک و 890 هەزار) دینار.
5. (1) موچە بە لێبڕنی (18%) واتە (180 هەزار) دیناری لێبڕاوە.
6. بەهۆی ڕاگرتنی (1-2) بەرزە موچەوە لە ساڵی (2016 - 2024)، بە لانی کەمەوە مانگانە (100 هەزار) دیناری بۆ خەرج نەکراوە بە درێژایی (96) مانگ، بە کۆی گشتی دەکاتە (9 ملیۆن و 600 هەزار) دینار.
کەواتە هەر موچەخۆرێک، ئەگەر موچەکەی (ملیۆنێک) دینار بێت، بەهۆی پاشەکەوت، لێبڕین و ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بڕی (48 ملیۆن و 320 هەزار) دیناری لای حکومەتی هەرێمە، بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە خشتەی ژمارە (4).
خشتەی سێیەم (4)