Draw Media

هێرشه‌كانی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێرو ئیدلب تۆڵه‌كردنه‌وه‌ یان نیشاندانی هێز ؟

هێرشه‌كانی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێرو ئیدلب تۆڵه‌كردنه‌وه‌ یان نیشاندانی هێز ؟

2024-01-17 08:54:14


(دره‌و)- راپۆرتی بی بی سی فارسی
فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی چه‌ندینجار بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌ توانای سه‌ربازی ئێران به‌جۆرێك گه‌شه‌ی كردووه‌، كه‌  توانای روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر دوژمنێك له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌. ئه‌وان چه‌ندینجار وتویانه‌ بنكه‌كانی سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌و شاره‌كانی ئیسرائیل له‌ناو ئامانجی موشه‌كه‌ بالیستییه‌كانی ئێراندان. 
سێ شه‌ممه‌ یه‌كه‌ی موشه‌كیی سوپای پاسداران 11 موشه‌كی ئاڕاسته‌ی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كرد. یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كان ماڵی پێشڕه‌و مه‌جید ئاغای دزه‌یی سه‌رۆكی گروپی فالكۆن بوو، ئه‌م كۆمپانیایه‌ له‌ چه‌ند بوارێكی جیاوازدا له‌ عێراق كارده‌كات له‌وانه‌ نه‌وت و غاز، بیناسازی و سیكیوریتی. 
كۆمپانیای سیكیۆریتی فالكۆن ده‌یان گرێبه‌ستی سیكیوریتی له‌گه‌ڵ ئاژانس و كۆمپانیا بیانییه‌كان هه‌یه‌، له‌نێویاندا لایه‌نه‌ ئه‌مریكییه‌كان. 
پێده‌چێت به‌ئامانجگرتنی ماڵی دزه‌یی به‌ چوار موشه‌ك، كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك زیاتر له‌ بنكه‌ی ئه‌مریكاوه‌ له‌ هه‌ولێر دوور نییه‌، زیاتر په‌یامێك بێت بۆ ئه‌مریكا، بۆ نیشاندانی وردبینی ئه‌و موشه‌كانه‌و گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێت، ده‌توانێت ئه‌وانیش بكاته‌ ئامانج. 
به‌ڵام سه‌رباری هه‌ڕه‌شه‌كانی، وا نایه‌ته‌‌ به‌رچاو سوپای پاسداران بیه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌رگیر ببێت. هێرشی موشه‌كی سوپاو گروپه‌ به‌وه‌كاله‌ته‌كانی سه‌ربه‌ ئێران هیچ كاتێك زیانی گیانی جددی به‌ ئه‌مریكاییه‌كان نه‌گه‌یاندووه‌. 
ئه‌هم هێرشه‌ ده‌توانرێت بۆ سودی ناوخۆیی به‌كاربهێنرێت، له‌ چوار مانگی دوایدا سوپای ئیسرائیل چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای فه‌یله‌قی قودسی سوپای له‌ سوریا كوشتووه‌. 
فه‌رمانده‌كانی سوپا هه‌میشه‌ باسیان له‌ "تۆڵه‌ی سه‌خت" كردووه‌. ئێستا كه‌ بازرگانێكی كوردیان كردووه‌ته‌ ئامانج كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا كارده‌كات، ده‌ڵێن له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و هێرشانه‌دا، "باره‌گای سه‌ره‌كی مۆساد" ده‌زگای هه‌واڵگری ده‌ره‌كی ئیسرائیلیان له‌ هه‌ولێر وێران كردووه‌. 
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌م حكومه‌تی عێراق و هه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م تۆمه‌تانه‌یان ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام ئیسرائیل له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ بێده‌نگه‌. 
هاوكات، به‌یانی سێ شه‌ممه‌، چه‌ندین موشه‌كی بالیستی له‌ خوزستانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ئیدلبی سوریا كران، سوپای پاسداران بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ تۆڵه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی كرماندا، بنكه‌كانی داعشی له‌ ئیدلب كردوه‌ته‌ ئامانج. 
له‌و ناوچه‌یه‌ گروپی (ته‌حریر شام) هه‌یه‌و هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بیسه‌لمێنێت داعش له‌وێ بنكه‌ی هه‌یه‌. 
به‌ڵام به‌له‌به‌رچاوگرتنی دوری خوزستان له‌ ئیدلب، وادیاره‌ ئێران به‌م هه‌نگاوه‌ ده‌یه‌وێت تواناو مه‌ودای (1450) كیلۆمه‌تری موشه‌كه‌ "خه‌یبه‌رشكێنه‌كان"ی خۆی نیشان بدات. 
ئازه‌ربایجانی غه‌ربی و كرماشان كه‌ سیسته‌می موشه‌كی خه‌یبه‌ر شكێنیان تێدا جێگیركراوه‌، له‌ خوزستان نزیكترن له‌ ئیدلبه‌وه‌.
سوپای پاسداران له‌ ئازاری 2022دا به‌ موشه‌ك هه‌رێمی كوردستانی به‌ئامانج گرتبوو، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین هێرشی له‌و جۆره‌ نییه‌، به‌ڵام به‌ئامانجگرتنی سوریا، به‌ڕوونی هۆشدارییه‌كی موشه‌كییه‌ بۆ ئیسرائیل. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand