Draw Media

دادگای فیدراڵی سكاڵایه‌كی دژی سودانی ره‌تكرده‌وه‌

دادگای فیدراڵی سكاڵایه‌كی دژی سودانی ره‌تكرده‌وه‌

2024-01-07 09:32:14


(دره‌و):
حكومه‌تی عێراق له‌چوارچێوه‌ی یاداشتنامه‌یه‌كدا نه‌وت به‌ 16 دۆلار كه‌متر له‌ نرخی بازاڕی جیهانی به‌ ئوردن ده‌فرۆشیت، ژماره‌یه‌ك كه‌س ئه‌مه‌ به‌ هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات ناوده‌به‌ن و له‌ دادگای فیدراڵی سكاڵایان دژی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران تۆماركردووه‌، دادگای ئه‌مڕۆ سكاڵامه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ (7) كه‌س له‌سه‌ر محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران تۆماریان كردبوو. سكاڵاكاره‌كان له‌ سكاڵاكه‌یاندا داوا له‌ دادگای فیدراڵی ده‌كه‌ن بڕیارێك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ له‌  1ی شوباتی 2021دا ده‌ریكردووه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی رێكككه‌وتنی عێراق- ئوردن، به‌گوێره‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ نه‌وتی عێراق به‌ نرخیكی هه‌رزانتر ده‌درێت به‌ ئوردن، به‌جۆرێك رۆژانه‌ (10 هه‌زار) به‌رمیلی نه‌وتی پێبدرێت به‌ كه‌متر له‌ (16) دۆلار له‌ نرخی بازاڕ.
سكاڵاكاره‌كان له‌ سكاڵاكه‌یاندا پشتیان به‌ راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" به‌ستوه‌ كه‌ رۆژی 2ی حوزه‌یرانی 2022 بڵاویكردوه‌ته‌وه‌و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، نرخی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو بۆ ئوردن گه‌یشتوه‌ته‌ (97) دۆلار، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌وكاته‌دا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت (113) دۆلار بووه‌.
ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخه‌ بۆ ئوردن، به‌بۆچوونی سكاڵاكاره‌كان به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات و رۆڵه‌كانی عێراقه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ی سكاڵاكه‌ی تۆماركردووه نوێنه‌ری ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراوه‌و خۆی وه‌كو زه‌ره‌رمه‌ند له‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی عێراق نیشان ده‌دات. 
سكاڵاكاره‌كان داوایانكردووه‌ كۆپییه‌كی رێككه‌وتنی عێراق و ئوردن ئاڕاسته‌ی دادگای فیدراڵی بكرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌، دادگا بڕیار بدات به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه یان هه‌مواركردنه‌وه‌ی، به‌وپێیه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌ نرخێكی كه‌متر بۆ ئوردن مانگانه‌ بڕی (198 ملیار) دینار زیان له‌ عێراق ده‌دات. 
بریكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ رۆژی 17ی نیسانی 2023دا گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی بۆ دادگا ناردووه‌و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، بابه‌تی تانه‌دان له‌ (یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی پێدانی نه‌وتی خاو له‌نێوان حكومه‌تی كۆماری عێراق و حكومه‌تی شانشینی ئوردنی هاشمی) یاسا یان په‌یڕه‌و نییه‌، بۆیه‌ كاری دادگا نییه‌ ته‌ماشای ئه‌م بابه‌تانه‌ بكات و سه‌رباری ئه‌مه‌ش، ئه‌وانه‌ی سكاڵایان كردووه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان نییه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌یاندا. 
"یاداشتنامه‌كه‌ له‌نێوان وه‌زیری نه‌وتی عێراق و وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی ئوردن ئیمزاكراوه‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیش پشتبه‌ست به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستورییه‌كانی له‌ مادده‌ی (80/ سێیه‌م)ی ده‌ستورو مادده‌ی (3/ دووه‌م)ی یاسای به‌ستنی په‌یماننامه‌كان، په‌سه‌ندی كردووه‌و ئه‌مه‌ رێككه‌وتننامه‌ نییه‌و ئه‌و یاسایه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به‌سه‌ردا ناسه‌پێندرێت".
له‌ به‌شێكی تری گه‌ڵاڵه‌نامه‌كه‌دا، بریكاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق هۆكاری فرۆشتنی نه‌وتی عێراق به‌ كه‌متر له‌ 16 دۆلار به‌ ئوردن بۆ جیاوازی نرخی نه‌وتی عێراق و نرخی نه‌وتی جیهانی "برێنت" ده‌گه‌رێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نرخی كوالیتی نه‌وتی عێراق به‌به‌راورد به‌ نه‌وتی جیهانی، سه‌رباری ئه‌مه‌ باس له‌ خه‌رجی گواستنه‌وه‌ نه‌وتی عێراق ده‌كات له‌ شوێنی به‌رهه‌مهینان و ئه‌مباركردنه‌وه‌ بۆ سنوری ئوردن. 
بریكاره‌كه‌ی حكومه‌ت به‌هانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێ" ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاسانكارییه‌ له‌به‌رچاوبگیرێت كه‌ له‌لایه‌نی ئوردنی كردویه‌تی بۆ داشكاندنی باج و سودی ئه‌و كاڵایانه‌ی كه‌ عێراق له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌وه‌ هاورده‌ی ده‌كات، عێراق له‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌م نرخه‌ به‌ ئوردن هیچ زیانێكی دارایی به‌رناكه‌وێت". 
بریكاری حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئیمزاكردنی یاداشتنامه‌ دوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ زیادكردنی داهاته‌ بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا وه‌به‌رهێنانی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق له‌لایه‌ن رێكخراوی "ئۆپێك"ه‌وه‌ سنورداركراوه‌و ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ عێراق بۆ ئوردنی هه‌نارده‌ ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی دیاریكراوی ئۆپێكدا نییه‌و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات به‌دی ده‌هێنێت. 
دادگای وه‌ڵامی سكاڵاكاره‌كانی داوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێ به‌وشێوه‌یه‌ی سكاڵاكه‌تان نوسیوه‌، له‌ تایبه‌تمه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌مادده‌كانی (52 و 93)ی ده‌ستوردا هاتووه‌. ‌ ‌ ‌‌


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand