Draw Media

هەناردەو داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان 2022 و 2023

هەناردەو داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان 2022 و 2023

2024-01-06 10:50:55



 
راپۆرتی: درەو

🔻 بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگەکانی ساڵی (2022 و 2023)دا؛
🔹 لە ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 375 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا ساڵی (2022) زیاتر لە (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 311 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیە لە ساڵی (2023) هەناردەکردن بە رێژەی (2%) بڕی (23 ملیۆن و 639 هەزار) بەرمیل زیادی کردووە.
🔹 لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2023)، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (79) دۆلار فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (95.5) دۆلار، واتا هەر بەرمیلێک نەوت (16.4) دۆلار بە رێژەی (17%) نرخەکەی لە دەستداوە، بەراورد بە ساڵی (2022).
🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە ساڵی (2023)دا (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار بووە. بەڵام لە ساڵی (2022)دا گەیشتبووە (115 ملیار و  568 ملیۆن و  801 هەزار) دۆلار. واتە لە ساڵی (2023) بەراورد بە ساڵێ پێش خۆی نزیکەی (18 ملیار) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) داهاتی نەوت کەمی کردووە.

یەکەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2023
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق تایبەت بە پرۆسەی نەوتی عێراق بۆ ساڵی (2023)، (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە ساڵی (2023)دا بڕی (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 126) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان ساغکردووەتەوە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 375 هەزار و 130) بەرمیلی فرۆشراو.
 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (79.08) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (ئەیلول) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە سەروو (91) دۆلار فرۆشراوە، بە درێژایی ساڵ تێکڕای نرخی نەوت نەهاتووەتە خوار (71) دۆلارەوە.
هەر بەپێی داتاکان کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار. مانگی (تشرینی یەکەم)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکراوەتەوەو گەیشتووە بە (9 ملیار و 669 ملیۆن) دۆلار، هیچ مانگێکی ساڵەکەش داهاتی نەوتی فرۆشراو دانەبەزیوە بۆ خوار (7 ملیار) دۆلار.
خشتەی ژمارە (1)

دووەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2022
بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە ساڵی (2022)دا بڕی (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار و 119) بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 311 هەزار و 416) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (تشرینی یەکەم)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (104 ملیۆن و 831 هەزار و 120) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی خاو.
 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (95 دۆلارو 53 سەنت) فرۆشرابوو، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (حوزەیران) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە (112 دۆلار 20 سەنت) فرۆشراوە، نزمترین نرخێکیش نەوتی پێ فرۆشرابێت مانگی (کانونی یەکەم) بووەو بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (73 دۆلار و 63 سەنت).
هەر بە گەڕانەوە بۆ داتاکانی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق بریتی بووە لە بڕی (115 ملیار و 568 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلار. مانگی (ئایار)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکرابوویەوەو گەیشتبووە (11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2022)دا لە مانگی (کانونی یەکەم)دا بووەو بڕی (7 ملیار 708 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلار داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بووە.
خشتەی ژمارە (2)

سێیەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2023 بەراورد ساڵی 2022
لە ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 375 هەزار) بەرمیل.
لە کاتێکدا ساڵی (2022) زیاتر لە (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 311 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو.
بەم پێیە لە ساڵی (2023) هەناردەکردن بە رێژەی (2%) بڕی (23 ملیۆن و 639 هەزار) بەرمیل زیادی کردووە.
 (بۆ وردەکاری تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (1))
چارتی ژمارە (1)

هەرچی دەربارەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی عێراقە، لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2023)، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (79) دۆلار فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022)  بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (95.5) دۆلار.
واتا هەر بەرمیلێک نەوت (16.4) دۆلاری رێژەی (17%) نرخەکەی لە دەستداوە بەراورد بە ساڵی (2022). (بۆ وردەکاری تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (2)).
چارتی ژمارە (2)

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان، کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی گشتی نەوتی عێراق جێهێشتووە، بە جۆرێک؛ کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە ساڵی (2023)دا (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار بووە. بەڵام لە ساڵی (2022)دا گەیشتبووە (115 ملیار و  568 ملیۆن و  801 هەزار) دۆلار.
واتە لە ئەمساڵی (2023) بەراورد بە ساڵێ پێش خۆی نزیکەی (18 ملیار) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. (بۆ وردەکاری داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (3)).
چارتی ژمارە (3)

سەرچاوەکان؛

-    ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ساڵی 2022.
-    ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ساڵی 2023.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand