Draw Media

هەڵبژاردنی رێكخەر و خانەی راپەڕاندن دواخرا

 هەڵبژاردنی رێكخەر و خانەی راپەڕاندن دواخرا

2023-12-30 09:42:52




درەو:
هەڵبژاردنی رێكخەر و ئەندامانی خانەی باپەڕاندن بۆ كاتێكی نادیار دواكەوت، بەهۆی رێكنەكەوتنی سەركردەكانی گۆڕان لەسەر كاندیدێك بۆ رێكخەری گشتی گۆڕان.
بڕیاربوو رۆژی 27ی ئەم مانگە دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دابخرێت و ئەمڕۆ (30/12/2023) لە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و رێكنەكەوتنەوە هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی  و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
زیاتر لە دوو هەفتەیە دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكانی رێكخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن كراوەتەوە، دەبوو 27ی ئەم مانگە دەرگای خۆكاندیدكردن دابخرێت، بەڵام تا ئێستاش دانەخرا، (درەو) لەگەڵ چەند سەركردەیەكی گۆڕان قسەی كردووە ، ئەوان باسیان لەوە كرد، ئێستا سەركردەكانی گۆڕان بوونەتە چەند بەرەیەكەوە و لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ رێكخەری گشتی گۆڕان رێكناكەون، ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری پرۆسەكەن و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، باسلەوە دەكەن، عومەر سەید عەلی فۆرمی خۆكاندیدكردن پڕناكاتەوەو خوازیارە جڤاتی نیشتمانی تەنیا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت و پۆستی رێكخەر بە بەتاڵی بەجێبهێڵێت، بۆئەوەی خۆی بەبێ ركابەر بمێنێتەوەو دیمەنەكە وا دەركەوێت بەناچاری لە پۆستی رێكخەری گشتیدا ماوەتەوەو كەس نەبووە پۆستەكە وەربگرێت.
ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەستیان بەم نیازە پێشوەختەی رێكخەری پێشووی بزوتنەوەكەیان كردووە، بەوهۆیەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەكۆی (48) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی (38) ئەندامیان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردووەو داوا دەكەن هەڵبژاردن بە بەبێ هەڵبژاردنی رێكخەر بەڕێوەنەچێت.
هەر لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ رێگریكردن لە مانەوەی عومەرسەید عەلی لە پۆستی رێكخەردا بەبێ هەڵبژاردن، دوو كەس لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی فۆرمی خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆستی رێكخەری گشتیی پڕكردوەتەوە كە بریتین لە هەریەكە لە ‌(نزار مەحمود)و (وشیار عومەر عەلی)، پڕكردنەوەی فۆرمی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی لە لایەن ئەو دوو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنەوە هێندەی تر كێشەكەی ئاڵۆزكرد بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، هەرچەندە هەندێك لە سەركردەكانی نزیك عومەر سەید عەلی باس لەوە دەكەن كە لەسەر داوای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پرۆسەی هەڵبژاردنی رێكخەر و خانەی راپەڕاندن دواخراوە.  

خانەی راپەڕاندن
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێكخەری گشتیەوە لە (7) ئەندام پێكدێت ئەوانیش:
•    رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    سكرتێری كاروباری خەڵك
•    سەرۆكی جڤاتی گشتی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand