یاسای دادگای فیدراڵی هه‌موارده‌كرێته‌وه

2023-12-24 10:46:52
(دره‌و):
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراق تاوتوێی پرۆژه‌یه‌ك ده‌كات بۆههمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی، دادگایه‌ك كه له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا سێ بڕیاری قورسی له‌دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه (بڕیاری راده‌ستكردنی نه‌وت و غاز- بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان- بڕیاری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان) و بڕیارێكی تریشی به‌ده‌سته‌وه‌یه كه بڕیاره 27ی ئه‌م مانگه رایبگه‌یه‌نێت كه تایبه‌ته به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مواری ژماره‌یه‌ك له بڕگه‌كانی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شبوونی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردندا هه‌یه.
ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌ر (فایه‌ق زه‌یدان) كۆبووه‌وه. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی، له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا گفتوگۆ كراوه له‌باره‌ی پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆژه هه‌مواره‌كه په‌سه‌ندكراوه‌و تاوتوێكردنی مادده‌كانی تری هه‌مواره‌كه بۆ دانیشتنی داهاتووی ئه‌نجومه‌ن به‌جێهێڵدراوه.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یه‌كێك له‌و دامه‌زراوه دادوه‌رییانه‌ی عێراقه كه بڕیار له‌باره‌ی ناكۆكییه ده‌ستورییه‌كان ده‌دات و بڕیاره‌كانی كۆتاییه‌و تانه‌ی لێ‌نادرێت، ئه‌م دادگایه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا مشتومڕی له‌سه‌ره‌و هه‌ندێكیان به دادگایه‌كی ناده‌ستوری ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه‌ش هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دادوه‌ری خۆیان له‌م دادگایه‌دا هه‌یه.
كورد كه به‌مدواییه زیاتر له بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی دوڕدونگ بووه، دوو دادوه‌ریی له‌م دادگایه‌دا هه‌یه.
ئه‌م دادگایه ناوه‌ڕاستی شوباتی 2022 بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك یه‌كلاكرده‌وه كه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم تۆماریكردووه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵایه، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ندكرد به‌وه‌ی نه‌وت و غازه‌كه‌ی راده‌ستی به‌غداد بكات، له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م بڕیاری دادگادا بوو كه له‌یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراقدا حكومه‌تی هه‌رێم قایل بوو به‌وه‌ی پرۆسه‌ی فرۆشی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بكات، له‌به‌ر رۆشنایی هه‌م بڕیاری دادگادا، ئێستا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له نوسینه‌وه‌ی رهشنوسیی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵ‌دا ده‌یه‌وێت هه‌موو مه‌رجه‌كانی خۆی له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمدا بسه‌پێنێت.
دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم، رۆژی 30 ئایاری ئه‌مساڵ دادگای فیدراڵی عێراق دووه‌م بڕیاری قورسی خۆی له‌دژی هه‌رێم دهركردو درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌مه‌ش گفتوگۆی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان به هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم توشی بنبه‌ست هات.
24ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ هه‌مان دادگا له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌ك درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
بڕیاری 27ی ئه‌م مانگه، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌كه‌وه رابگه‌یه‌نێت كه یه‌كێتیی نیشتمانی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی تۆماریكردووه، پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵایه شێوازی هه‌ڵبژاردن له یه‌ك بازنه‌ییه‌وه بگۆڕێت فره بازنه‌یی و كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانیشه‌وه دابه‌ش بكات به‌سه‌ر سێ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا له كوردستان، ئه‌مه نوێنه‌ری به‌شێك له پێكهاته‌كانی نیگه‌ران كردووه.
