نوری مالیكی رێككەوتی فەتح و یاسا لەگەڵ پارتی رەتدەكاتەوە
2018-07-09 12:19:46
( درەو میدیا):
میدیاكانی عێراق دەقی رێككەوتنێكی هەردوو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و فەتح و پارتی دیموكراتی كوردستانیان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و حكومەتی نوێی عێراق بڵاوكردەوە.
بە گوێرەی بەندەكانی رێككەوتنەكە هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و فەتح پشتیوانی لە كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن كە مەسعود بارزانییە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشتیوانی كاندیدی هەردوو لیستەكە دەكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە نوری مالیكییە.
دوای بڵابوونەوەی دەقی ئەو رێككەوتنە، هیشام ركابی بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دوورە راستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە.
ركابی لە لێدوانێكیدا بۆ " غەد پرێس" وتی ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاوكراوەتەوە راست نییە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا روونكردنەوە لە بارەیەوە بڵاودەكاتەوە.
هاوكات نوسینگەی رۆژنامەوانی، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو نوسراوە بڵاوكردەوە، كە ناوەڕۆكی ئەو نوسراوە، ساختەیە سەرلەبەری دوورە لە راستی ”شێوازێكی نەشیاوە، بۆ راوكردن لە ئاوی لێڵدا“.
نوسینگەی رۆژنامەوانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، جەختیشیكردوەتەوە كە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن كە لێكۆڵینەوە لەو لایەنە بكەن، كە ئەو هەواڵەی بڵاو كردووەتەوە، هەركاتێك ئەو لایەنانە ئاشكرا بوون، دەیاندەنە دادگا.
ئەمەش دەقی بەڵگەنامەكەیە:
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
یاداشتی رێككەوتنی سیاسی
بۆ پتەوتركردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییە باڵاكانی وڵات و رەچاوكردنی ئەو بارودۆخەی كە گەلی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، پارتی دیموكراتی كوردستان و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح بۆچونی خۆیان یەكخست لەسەر ئەم خاڵە بنەڕەتییانە بۆ پاڵپشتیكردن لە پێكهێنانی كوتلەی گەورە كە حكومەتی داهاتووی عێراق پێكدەهێنێت.
1- هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و فەتح پشتیوانی لە كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن كە بەڕێز مەسعود بارزانییە.
2- پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی كاندیدی هەردوو لیستەكە دەكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە بەڕێز نوری مالیكییە.
3- هەردوو ئیئتییلافی فەتح و دەوڵەتی یاسا پشتیوانی هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن بۆ هێنانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو ئەم رێككەوتنە.
4- پارتی دیموكراتی كوردستان كاردەكات بۆ قایلكردنی لیستە سونییەكان بۆ هاتنەناو ئەم هاوپەیمانێتییە.
5- هەردوو ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و فەتح بەڵێن دەدەن بە پێكهێنانی ئیدارەیەكی سەربازی هاوبەش لە كەركوك و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك لەگەڵ هێشتنەوەی هێزە فیدراڵییەكان لەو شارە.
تێبینی: كۆبونەوەیەك لەنێوان نوێنەرانی ئەو لایەنانەی كە ئیمزای ئەم رێككەوتنانەیان كردووە بەڕێوەدەچێت بە ئامادەبوونی سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، بە ئامانجی جێگیركردنی ئەم خاڵە و جێبەجێكردنی دوای پێكهێنانی حكومەت بەشێوەیەكی راستەوخۆ.
6- زیندوكردنەوەی دانوستانەكانی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هەوڵدانی پەرلەمانتارانی (فەتح و قانون) بۆ گەڕاندنەوەی رێژەی 17%ی بودجەی بۆ هەرێم لە بودجەی ساڵی 2019دا.
ئیمزاكان:
محەمەد هاشمی
حەسەن سنێد
فازل میرانی
7/7/2018