Draw Media

كابینەی حكومەتەكەی ئەردۆغان لە كێ‌ پێكدێت؟

كابینەی حكومەتەكەی ئەردۆغان لە كێ‌ پێكدێت؟

2018-07-09 11:59:24


(درەو میدیا):
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دوای سوێندخواردنی بۆ خولێكی پێنج ساڵەی سەرۆكایەتی و جێبەجێكردنی سیستمی سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كابینەی نوێی حكومەتی توركیا رادەگەیەنێت كە خودی ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات.
هاكان چەلیك، رۆژنامەنوسی توركیا لە بارەی ئەو كەسانەی كە بەشداری كابینەكەی ئەردۆغان دەكەن ئاشكرایكردووە كە بەهۆی ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان " ئاكەپە" زۆرینەیەكی لاوازی لە پەرلەمانی نوێدا بەدەستهێناوە و هەموو كورسییەكی پەرلەمان بایەخی خۆی هەیە هیچ كەسێك لەوانەی كاندیدبوون و دەرچوون بۆ پەرلەمان بەشدار ناكات لە كابینەی حكومەتدا.
ئاماژەیبەوەشداوە كە ئاكەپە دەتوانێت چوار پەرلەمانتار بكشێنێتەوە بۆئەوەی ببنە وەزیر لە كابینەی حكومەتدا و هەروەها ئەردۆغان دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە لە دامودەزگا و دەستەكانی دەرەوەی پەرلەمان وەزیرەكانی هەڵبژێرێت.
ئەو رۆژنامەنوسە پێشبینی ئەوەشیكردووە كە لەبەرئەوەی بن عەلی یەڵدرم دواهەمین سەرۆك وەزیران بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندیدكراوە، ئەوا بەكر بۆزداغ دەبێتە جێگری سەرۆك كۆمار یان سەرۆكی فراكسیۆنی ئاكەپە لە پەرلەمان.
هەروەها بە گوێرەی پێشبینی و زانیاری ئەو رۆژنامەنوسە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لە كابینە نوێكەی ئەردۆغاندا بەشداردەبێت، هەروەها بەرات ئەلبەیراق، زاوای ئەردۆغان و وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانیش بەشداری حكومەتی نوێ دەبێت و بەهۆی ئەوەشی كە گرنگترین هەنگاو دوای جێبەجێكردنی سیستمی سەرۆكایەتی هەڵگرتنی باری نائاساییە ئەوا رەنگە سولەیمان سۆیلۆ وەك وەزیری ناوخۆ لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
هەروەها هاوكات چەلیك پێشبینی ئەوەشیكردووە كە هەریەك لە عومەر چەلیك، و فاروق ئۆزڵو، ناجی ئیقبال كە پەرلەمانتار نین لە كابینەی حكومەتی نوێدا بەشداربن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand