Draw Media

"بەو پەرتەوازەییەوە كورد گرەنتی بەدەستهێنانەوە پارێزگاری كەركوكی نیە"

"بەو پەرتەوازەییەوە كورد گرەنتی بەدەستهێنانەوە پارێزگاری كەركوكی نیە"

2023-12-14 19:10:05



درەو:
راپۆرتی:پەیمانگای واشنتن- راپۆرتی هیوا عەبدوڵا

لە راپۆرتێكدا پەیمانگای واشنتۆن باس لەوە دەكات بەو پەرتەوازەییەوە كورد گرەنتی بەدەستهێنانەوە پارێزگاری كەركوكی نیە، چونكە وڵاتانی دراوسێ لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دەستوەردان لە ناوچە كێشە لەسەرەكاندا دەكەن.

پوختەی راپۆرتەكەی پەیمانگانی واشنتۆن كە لەلایەن هیوا عەبدوڵاوە نوسراوە:

هەڵبژاردنەکەی دوو شەممەی داهاتوو کاریگەری راستەوخۆی لەسەر داهاتووی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەبێت، بۆیە گرنگە هێزە سیاسییەکان لەم هەڵبژاردنە و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووشدا کار لەسەر کەمکردنەوەی قووڵبوونەوەی دابەشبوونە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هاووڵاتی بوون ببێتە ناوەند و چەقی کارنامەی هەڵبژاردن.
هەڵبژاردن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە بە شەرعیەتی هەڵبژاردن، بووەتە خاڵێکی تری ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، ئەگەریش رێز لە دەنگی دەنگدەرانی ئەو ناوچانە بگیرێت و کار بە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، دەکرێت ببێتە هەوێنی پێشکەوتن و پێکەوەکارکردنی زیاتری پێکهاتەکان، بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەگوێرەی دەستوور دەسەڵاتێکی لامەرکەزی فراوانیان هەیە و بەرپرسن لە دانانی پارێزگار و بودجە و پڕۆژەکانی پارێزگاکان.

زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردن لە ناوچە کێشەلەسەرەکان وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ بەرزکردنەوەی وتاری نەتەوەیی و مەزهەبیی بە هەموو رەنگ و شێوازەکانی بۆ هێنانی دەنگدەرانیان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، پرۆسەی هەڵبژاردنیش لەو ناوچانە لەسەر بنەمای کارنامەی هەڵبژاردن و خزمەتگوزاری نییە، دەنگدەرانی هەر نەتەوە و پێکهاتەیەکیش تەنها دەنگ بە حیزبەکانی خۆیان دەدەن.
لەسەر ئاستی عێراق هەڵبژاردنەکە لەلایەن هاووڵاتیانەوە پێشوازی لێناکرێت، بەجۆرێک نزیکەی 40%ی هاووڵاتیان بەهۆی وەرنەگرتنەوەی کارتی دەنگدان مافی دەنگدانیان لەدەستداوە، هۆکارەکەشی بۆ نائومێدی دەنگدەران دەگەڕێتەوە لە کێشە سیاسییەکان و دۆخی ئەمنی و ناکۆکییەکان مەزهەبییەکان کە دوو دەیەیە بەردەوامی هەیە.
دانیشتووانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەدەست نەبوونی هەماهەنگی نوێنەرەکانیان لە بەغداد و حکومەتە خۆجێیەکانەوە دەناڵێنن، بەجۆرێک بەشێک بەرپرسەکانیان تەنها گرنگی بەو ناوچانەی دانیشتووان دەدەن کە پێکهاتەکەی خۆی تیایدایە، جگەلەوەش بوونی زیاتر لە هێزێکی ئەمنی بەناو و ناونیشانی جیاواز هەموو کات ئاستەنگییەکی گەورەیە لەبەردەم سەلامەتی هاووڵاتیان و پەرەپێدانی ئەو ناوچانە.
گرنگە لایەنە سیاسییەکان راستەوخۆ دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لەماوەی یاسایی دیاریکراودا بگەنە رێککەوتن لەسەر حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان بەتایبەت لە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکە، بەپێچەوانەوە دەستووەردانی دەرەکی بەتایبەت دەستووەردانی وڵاتانی دراوسێ ئەگەرێکی کراوەیەوە.

بوونی یەک بەرەیی کوردیی و رێککەوتن لەگەڵ پێکهاتەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەمەبەستی پێکهێنانی ئیدارەیەکی خزمەتگوزار، خاڵێکی بەهێزە بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان. بەپێچەوانەشەوە بەو پەرتەوازەییەوە، کورد گەرەنتی دووبارە بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی نییە.

تائێستا هیچ کارنامەیەکی هاوبەش بەدیناکرێت بۆ چۆنیەتی پێکەوەکارکردن بۆ داهاتوو. بەڵام پەیوەندییەکانی ئێستای هەولێر و بەغداد کە تاڕادەیەک پێکەوەکاردن هەیە، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئیدارەی ناوچە کێشەلەسەرەکان دەبێت.
ناوچە کێشەلەسەرەکان بەهۆی بوونی سەدان شوێنی شوێنەواری و گەشتیاری و کلتوری لەگەڵ بوونی زەوییەکی بەپیتی کشتوکاڵی، لەحاڵەتی بوونی کارنامەیەکی هاوبەشدا بۆ پێکەوەکارکردن، دەتوانرێت بکرێنە هۆیەکی بەهێزی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی، ئەو دەرفەتانەش سەرەتاکەی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی دوور لە بانگەشەی توندی مەزهەبیەوە دەستپێدەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand