Draw Media

هەرێم دەچێتەوە باوەشی توركیا !

هەرێم دەچێتەوە باوەشی توركیا !

2018-07-09 10:57:43


توركیا لەڕێگەی سەربازی و ئابوری و كلتورییەوە هەرێمی داگیركردووە
راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف 
 "ئەولادەكانم، سەددام حسێن دەیەوێ ئێمە لە عێراق نەهێڵێت، دەشزانن كە ئێران ئێمەی جێهێشت، بۆیە لەناوچەكە تاكە میللەت كە باوەڕمان پێی هەبێت (گەلی تورك)ە" ئەمە وەسێتی مەلا مستەفای بارزانییە بۆ كوڕەكانی، كە لە 20ی شوباتی 1992 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەردەم سلێمان دەمیرەلی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا ئاشكرایكردووە
لەم وەسێتەی مەلا مستەفای بارزانیەوە دەردەكەوێت، كە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و توركیا ئەگەر هەندێكجار بەرزی و نزمیشی تێكەوتبێت، بەڵام پەیوەندییەكی مەبدەئییە بۆ پارتی و وەسێتێكە كە دەبێت جێبەجێبكرێت، بۆیە هەركات توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پارتیدا خراپ بووبێت، بەردەوام پارتی هەوڵی ئاساییكردنەوەی داوە.


ئێستا توركیا لەڕووی سیاسی، سەربازی، ئابوری، بازرگانی و كلتوری، تەواوی باشوری كوردستانی كۆنترۆڵكردووە، هەرێمی ناچاركردووە بەردەوام چاوی لە توركیا بێت، ئەگەرچی توركیا لە كاتی تەنگانەدا ئامادەنەبووە هاوكاری هەرێم بكات و بگرە دژایەتیشی كردووە، باشترین نمونەش هێرشی داعش بوو بۆ هەولێر لە 3ی ئابی 2014 كاتێك هەرێمی كوردستان داوای هاوكاری بەپەلەی لە توركیا كرد، بەڵام ئەنكەرە رەتیكردەوە.
فەلاح مستەفا بەرپرسی‌ فەرمانگەی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند، توركیا نائومێدی‌ كردین سەبارەت بە هەڵوێستەكانی‌ لەسەر روبەڕوبونەوەی‌ داعش و هاوكاری‌ ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی‌ كوردستان، لەسەر ریفراندۆمیش توركیا هەڵوێستی توندی هەبوو لەگەڵ ئێران و عێراق.
 
هەژمونی سیاسی توركیا لە هەرێمی كوردستان
توركیا لەڕووی سیاسییەوە زۆرترین كاریگەری لەسەر سیاسەتی هەرێمی كوردستان هەیە، كە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ هەژمونی بازرگانی و ئابوری و سەربازی توركیا و دەروازەی فرۆشی نەوتی هەرێم لەو وڵاتەوە، لەدوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 ەوە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێم ئاڵۆزی بەخۆوە بینی، بەڵام حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی، بەردەوام لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكاندا بووە، تا لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا نیچێرڤان بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەكات و لەبەرامبەریشدا ئەردۆغان بانگهێشتی دەكات بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكایەتی.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێكی لە پێناو ئەوەیە پەیوەندییەكانی توندتر بكات لەگەڵ توركیا لە كاتێكدا توركیا هاوپەیمانە ستراتیژییەكەی بە هاوكاری تیرۆر (پەكەكە) تۆمەتبار دەكات، توركیا چەندجارێك یەكێتی و تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕانیشی بە هاوكاریكردنی پەكەكە تۆمەتبار كردووەو لەبەرامبەریشدا ئامادە نییە گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت.
هەموو ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن كە بەرپرسانی پارتی و حكومەتی هەرێم رووەو توركیا هەنگاو دەنێن و پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی 
ئێستا زیاتر لە (3 هەزار) كۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستان كارو سەرمایەگوزاری دەكەن، شێخ عەتا محەمەد جێگری سەرۆكی یەكێتیی هاوردەو ناردنكارانی هەرێمی كوردستان، راگەیاند، ساڵانە بە قەبارەی (١٠ ملیار دۆلار) بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیادا دەكرێت.
" شەش هەزار كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان بازرگانی لەگەڵ توركیا دەكەن، بەشێوەیەك تەنها لەشاری سلێمانی كە هاوسنووری توركیاش نییە، (دوو هەزار) كۆمپانیا بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەكەن‌و بازرگانانی سلێمانی ساڵانە بەقەبارەی (چوار ملیار دۆلار) بازرگانی لەگەل توركیادا دەكەن".
داودئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لە سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، قەبارەی بازرگانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق ( 12 ملیار دۆلارە) و (8 ملیار دۆلار)ی لەگەڵ هەرێمی كوردستانە و زیاتر لە (100 هەزار) هاوڵاتی توركیا لە هەرێم كار دەكەن.
ئەگەرچی داودئۆغلۆ ئاماژەی بەوەدا زیاتر لە ( هەزار و 500 ) كۆمپانیای توركیا لە هەرێم كاردەكەن، بەڵام بەوتەی نێچیرڤان بارزانی  هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا زیاتر لە  ( 11 ملیار دۆلار ) وەبەرهێنانی هەیە، بەوتەی بەرپرسانی خۆجێی هەولێریش نزیكەی (سێ هەزار) كۆمپانیای گەورەو بچوكی توركی لە هەولێردا سەرمایەگوزاری دەكەن، كە بڕەكەی ساڵانە خۆی لە (4 ملیار دۆلار) دەدات و  لەلایەن بەرپرسانی هەولێرەوە هەموو ئاسانكارییەك دەكەن بۆ كۆمپانیا توركیان بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لە هەولێر بخەنەگەڕ و كەمترین باجیان لەسەر دادەنێن.
داهاتی كۆمپانییە توركییەكان لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی (٧ ملیار دۆلار)ە،  ئەمەش داهاتێكی زۆری بۆ ژێرخانی توركیا فەراهەم كردووە.  
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەبەرهێنان، نزیكەی 20% پشكی وەبەرهێنانی بیانی هەرێمی كوردستان بەر توركیا كەوتووە، كە زیاترە لە (ملیارێك و 100 ملیۆن) دۆلار.

نەوت و غاز توركیا و هەرێم یەكدەخات
گەورەترین قەبارەی بازرگانی لە ئێستادا لەنێوان هەرێم و توركیا، نەوت و غازە، كە داهاتێكی گەورە دەخاتە خەزینەی توركیاو هەرێمەوە، ئەو ئاڵوگۆرە بازرگانییە زەبەلاحە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بواری سیاسی و دیپلۆماسیش دروستكردووە، بە جۆرێك ئەستەمە هەردوولا دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندییە ئابورییە گەورەیە بن، بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئێستا رۆژانە (320 هەزار) بەرمیل نەوت) لەڕێگەی توركیاوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی رۆژانە سەدان تەنكەر نەوت دەگوازنەوە، واتا بەر لە ناردنەدەرەوەی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە.
بەپێی یەكێك لەو بەڵگەنامانەی كە سایتی‌ (مەسەلە)‌ سەبارەت بە داهاتی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، بەپێی خشتە‌ی حكومەتی ناوەندی، حكومەتی هەرێم لەساڵی (2010)دا بڕی (27 ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە‌ و هەناردەی توركیای كردووە، ئەو بڕەش بەهاكەی بە (ملیارێك و 939ملیۆن دۆلار)  خەمڵاندووە، لە بەڵگەنامەیەكی‌ تردا هاتووە:  لەساڵی (2011) دا حكومەتی هەرێم (68 ملیۆن بەرمیل) نەوتی هەناردەی‌ توركیا‌ كردووە. لە ساڵی (2012)دا بڕی (56 ملیۆن و 757 هەزار و 470) بەرمیل نەوتی بۆ توركیا هەناردە كردووە، لە دوای هاتنی داعشەوە بۆ ناوچەكەو دەستگرتن بەسەر بیرە نەوتییەكانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە دەگەیشتە (600 هەزار ) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
داهاتی ئێستای نەوتی هەرێم كە رۆژانە بە تێكڕا زیاتر لە (320 هەزار) بەرمیل نەوت رەوانە دەكرێت، دەكاتە ( 660 ملیۆن دۆلار)، كە بەشێكی بەهۆی گواستنەوەو بۆری نەتەوە دەدرێت بە توركیا، ئێستادا توركیا (4 ملیار) دۆلار قەرزی لای حكومەتی هەرێمی كوردستانەو مانگانە لە پارەی نەوتی دەبڕێت.
بوونی رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نەوت لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، هەردوولا ناچار بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان دەكات، بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەتەواوی ئاسایی ببێتەوە بەهۆی بەرژەوەندی نەوتەوە. 
پێشتریش ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان كە لە گۆڕبەندی غازی دەریای قەزوین لە ئەستەنبوڵ وتی:" لەماوەی (١٨) مانگ بۆ دوو ساڵی داهاتوو، (١٠) ملیار مەتر سێجا غازی سروشی بە توركیا و لەماوەیەكی درێژخایەنیشدا بە ئەوروپا دەفرۆشین". بەو پێیەش توركیا لەڕێگەی نەوت و غازی هەرێمەوە، سەرەڕای جموجوڵی بازرگانی و بوژاندنەوەی ژێرخان، توركیا ساڵانە دەیان ملیار دۆلار قازانج دەكات. 

خاڵی گومرگی برایم خەلیل 
خاڵی سنوری برایم خەلیل بەیەكێك لە خاڵە گرنگەكانی نێوان هەرێم و توركیا دادەنرێت، بەتایبەت لە بواری پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوولا، لەرابردوودا پێش ساڵی‌ 2003 تەنها خاڵی گومرگی ئیبراهیم خەلیل توانای دابینكردنی بەشی زۆری مووچەو خەرجی هەرێمی هەبووە.
بەپێی زانیاری رۆژنامەی حوریەتی توركی ڕۆژانە نزیكەی (2 هەزار و 500) ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر لە هەرێمی كوردستانەوە دەچنە توركیا و لە توركیاوە دێنە هەرێم، ئەم ژمارە زۆرەیش ئاماژەیە بەو پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە لەبار و بەهێزە كە لە نێوان هەولێر و ئەنكەرەدا هەیە. ئێستا قەبارەی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەگەڵ توركیادا گەشتووەتە (12 ملیار) دۆلارو لەگەڵ ئێران (4 ملیار) دۆلارە.   
داهاتی‌ رۆژانەی‌ خاڵی‌ سنوری‌ ئیبراهیم خەلیل – توركیا  زیاترە لە (2 ملیار دینار)ە، واتا مانگانە (60 ملیار دینار) ‌و ساڵانەش (720 ملیار) دینار. ئەم پارەیە ئەگەر نیوەشی بچێتە گیرفانی توركیاوە، ئەوا ساڵانە زیاتر لە (350 ملیار دینار) دەكات، ئەمە لە كاتێكدا بەپێی ئامێری یەكێتی هاوردە‌و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2012 خاڵی گومرگی برایم خەلیل، لەپێشەوەی گومرگەكانی تری هەرێمدایە لەئاڵوگۆڕی بازرگانیدا‌و (1832) مۆڵەتی هاوردەكردنی لەو ساڵەدا بەخشیوە بە قەبارەی (4 ملیار دینار)، لەكاتێكدا بە پێنج گومرگی تری هەرێم تەنیا  (1387 ) مۆڵەتیان بەخشیووە.
بەڵام بەپێی وتەی دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان "داهاتی مانگێكی گومرگی ئیبراهیم خەلیل 20ملیۆن دۆلارە".

هەژمونی كلتورو رۆشنبیری توركیا 
لەپاڵ هەژمونی بازرگانی، ئێستا توركیا هەژمونی كلتوریشی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەویش لەڕێگەی دراما توركییەكان و گۆرانی و جلوبەرگ.. هتد.
دراما توركییەكان پانتاییەكی زۆری میدیاكانی هەرێمیان داگیركردووە، بەشێك لە ئامانجی پەخشكردنی ئەو درامایانە پیشاندانی شوێنە گەشتیارییەكانی توركیایە تا هاوڵاتیانی هەرێم هان بدەن سەردانی توركیا بكەن و لەوێوە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی دروست ببێت، لە هەمانكاتدا پەخشكردنی ئەو درامایانە بە ئامانجی خستەڕووی مۆدیل و كەلوپەلی توركییە لە ماڵ و ئۆفیسەكانی هەرێمی كوردستان.
ئێستا كەلوپەل و پێداویستییەكانی توركیا بەتەواوی مۆنۆپۆڵی بازاڕەكانی هەرێمیان كردووە، زۆربەی مۆدێلاتی ماڵ و ئۆفیس و دامەزراوەكان بووە بە كەلوپەلی توركی، ئەمە سەرباری جلوبەرگ.
هاوكات ژمارەیەكی زۆری خوێندنگەو كۆلێژی توركی لە هەرێمی كوردستان هەیەو پەرە بە زمانی توركی دەدەن، دراما و فیلمە توركیەكانیش لەرێگەی كۆمپانیاكانی دۆبلاژكردنەوە هەژمونێكی گەورەیان كردووە لەسەر خێزان و تاكی كورد.
داهات و بودجەی گەورەی توركیا پشت بە گەشتیاری دەبەستێت، بە وتەی داودئۆغڵۆ، توركیا ساڵانە زیاتر لە (45 ملیۆن) هاوڵاتی سەردانی توركیا دەكەن، كە ئەگەر هەر تاكێك (هەزار دۆلاریش) خەرج بكات، ئەوا ساڵانە (45 ملیار دۆلار) تەنها لەڕێگەی گەشتیارییەوە لە توركیا دەخرێتەگەڕ، كە بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی كوردستانیش بۆ گەشتیاری روو لە توركیا دەكەن و پارەكانیان لەوێ خەرج دەكەن.

لەڕووی سەربازییەوە
توكیا سەرەرای ئەو بنكە سەربازی و هەواڵگیریانەی كە لە هەرێم هەیەتی، بەردەوام ئۆپەراسیۆنی سەربازیش لەناو خاكی هەرێم ئەنجام دەدات وەك ویلایەتێكی سەربەخۆ هەركات بیەوێت هێزە رەوانە دەكات و دێتە خاكی هەرێمەوە.
لەماوەی رابردوودا توركیا بە درێژایی (15 كم) هاتە ناو حاكی هەرێمەوە لە سنوری ناحیەی سیدەكان، بەپێی وتەی بەرێوەبەری ناحیەكە " توركیا 12 بنكەی سەربازیان لەو ناوچانە دامەزراندووە و 15 كیلۆمەتر هاتونەتە ناو سنوری هەرێمەوە".
بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، ئێستا سوپای توركیا لەناوچەی خواكورك سەرقاڵی دانانی بنكەیەكی سەربازی نوێیە.
لەدوای 1995ەوە لە چوارچێوەی (PMF) هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، لە دوای روداوەكانی 31ی ئابی 1996ەوە لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بنكە سەربازییەكانی زیاتر كرد.
لە باشوری كوردستان نزیكەی (30) بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاویكردوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی ئەو توركیا لەناو خاكی هەرێمدا (٣٢٣٥) ئەفسەر و سەرباز و ژەندرمەی هەیە لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، (٥٨) تانك، (٢٧)  زرێپۆش، (٣١) تۆپ‌ و (٢٦) هاوەن، (١٧) ئاڕبیجی ‌و (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی.
بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لە هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریان تێدایە.
گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەرباز و (٩١) ئەفسەر و (٢٤٠) جەندرمە و  (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە.
گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ‌ناحیەی بامەڕنی‌. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدەهێنن.
بەو پێیەش توركیا هەژموونی سەربازی تەواوی بەسەر هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بۆیە دوور نیە لە داهاتوودا هەرێم نەبێتەوە بە ویلایەتێكی سەربە توركیا، وەك چۆن تا ساڵای 1921 باشوری كوردستان ویلایەتێك بووە سەربە دەوڵەتی عوسمانی.  

پەراوێزو سەرچاوەكان
1-    مەلا مستەفا بۆ كوڕەكانی: تاكە گەلێك كە متمانەتان پێی هەبێت گەلی توركە/ http://www.drawmedia.net/page_detail?smart-id=1270

http://www.hurriyet.com.tr/gundem/tek-guvenebilecegimiz-millet-turklerdir-40585500
2-    فەلاح مستەفا ؛ توركیا نائومێدی‌ كردین/ http://lvinpress.com/dreja.aspx?Jmare=10377&Jor=1
3-    جارێكی تر وەزیری دەرەوەی توركیا باسی پەكەكە و یەكێتی و گۆڕان دەكات/  http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1411
4-    ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا زیاد دەكات/ http://knwe.org/?p=18093
5-    داهاتی هەرێمی كوردستان 20 ملیۆن دۆلار كەم دەكات/ http://www.rudaw.net/sorani/business/030120163
6-    داهاتی مانگی سێی نەوتی هەرێم 600 ملیۆن دۆلارە/ http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=201
7-    باشوری كوردستان دەبێتەوە ویلایەتێكی دەوڵەتی عوسمانی ..؟؟؟/ https://www.facebook.com/MuhamadRauf76/photos/a.293147917443581.66516.147061938718847/1293642677394095/?type=3&theater
8-    توركیا باشووری كوردستان داگیردەكات؟/ http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=103


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand