Draw Media

"عێراق پێویستی بە نەوتی هەرێم نیە"

"عێراق پێویستی بە نەوتی هەرێم نیە"

2023-12-12 07:21:42



 
درەو:
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە كۆمپانیای كار بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوتی بۆ عێراق راگرتووە بە بیانووی خەرجنەكردنی تێچووی بەرهەمهێنانەوە، بەڵام راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت، كێشەو قەیرانی سوتەمەنی لە موسڵ درووست نەكردووە، لەبەر ئەوەی عێراق پێویستی بە نەوت و سوتەمەنی هەرێم نیە.
پێشتر حكومەتی عێراق رۆژانە (85) هەزار بەرمیل نەوتی لە كەركوكەوە دەدایە كۆمپانیای كار و بۆ پاڵاوتن و بەرهەمەكەی لە نەوت و بەنزین دەدرایە پارێزگای نەینەوا، بەڵام لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە ماوەی پێنج مانگە وەزارەتی نەوتی عێراق نەوتی كێڵگەی خۆرمەڵە دەداتە پاڵاوگەی كارو دەیپاڵێوێت، كە دەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتەكەش هەر كۆمپانیای كار لە خۆرمەڵە دەیكات، ئێستا بەهۆی خەرجنەكردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، كۆمپانیای كار بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوتی بۆ موسڵ راگرتووە، بەڵام هیچ كێشەو قەیرانێكی سوتەمەنی درووست نەبووە، بە پێی وتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ (درەو) لەبەر ئەوەی حكومەتی عێراق كاری پاڵاوتنی لەپاڵاوگەی بێجی زیادكردووەو ئەو بۆشاییەی كۆمپانیای كاری لە موسڵ پڕكردووەتەوە، لە ئێستادا پاڵاوگەی بێجی رۆژانە زیاتر لە (150) هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت، دوای گەڕاندنەوەی پارچە دزراوەكانی بێجی لە هەرێمی كوردستان بڕیارە لە سێ مانگی داهاتوودا پاڵاوگەی بێجی بە فراوانی و گەورەتر بكەوەێتەكارو رۆژانە بڕی زیاتر لە (350) هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت و تەواوی پێداویستییەكانی سوتەمەنی دابین بكات.
لە ئێستادا عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی لە پێداویستی ناوخۆ و فرۆشتنیش زیاترەو بەهیچ شێوەیەك پێویستی بە نەوتی هەرێم نیە و تەنانەت ئامادەیی نیشانداوە بە كەمكردنەوەی هەناردەی رۆژانەی نەوتی خۆی بۆ بازاڕی جیهان،
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە :" لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە بۆ 31ی ئازاری 2024، عێراق پابەندە بە كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی (220) هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەكاندایە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی‌و سەقامگیری لە بازاڕی نەوتدا".
لە ئێستادا لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك رۆژانە نزیكەی (300) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت

- بڕی (38) هەزار بەرمیل نەوتی بۆ پاڵاوگەی بازیانە كە نەوتی بۆ كەركوك دەپاڵێوێت.
- بڕی (150) هەزار بەرمیلیش بۆ پاڵاوگەی بێجی كە نەوت و بەنزین و گازو بەرهەمەكانی تر دەپاڵێوێت.
-ئەو بڕەی تر دەمێنێتەوە بەشێكی خەزن دەكرێت و بەشێكیشی لەناوخۆدا بەكاردەهێندرێت.
لە رۆژی 25ی ئازاری رابردووە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راگیراوە، لە 25ی حوزەیرانیشەوە هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی (85) هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی عێراق كردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی باڵا عێراق نایەوێت جارێكی دیكە نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیا هەناردە بكرێت، چونكە لەژێر دەستی دەردەچێت، دەیەوێت نەوتی هەرێم یان لەناوخۆدا بەكاربهێندرێت یان لە رێگەی بەسرەو بەندەری بانیاسەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو بڕیاریدا هێڵی بۆری نەوتی كەركوك – حەدیسە – بانیاسی سوریا چاكبكرێتەوەو بكەوێتەوەكار، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو هێڵ بكرێتە بەدیلی هێڵی بۆری توركیا بۆ بەندەری جەیهان.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand