كشمیر نیمچه ئۆتۆنۆمییەكەی لەدەستدا
2023-12-11 16:05:17
(درەو):
دادگای باڵای هیند ئەمڕۆ بڕیارێكی حكومەتەكەی (ناریندرا مودی) پەسەندكرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی نیمچە ئۆتۆنۆمی ویلایەتی (جامۆ كشمیر)و بڕیاریدا ساڵی داهاتوو لەم ویلایەتە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانن، هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
دادگای باڵای هیندستان رایگەیاند" ئەو بڕیارەی كە ساڵی 2019 دەرچووە كە رێگەی بە حكومەتی نیودەلهی داوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ ناوچەی كشمیر بەڕێوەببات، بڕیارێكی دروستی دەسەڵات بووەو ئامانج لێی یەكگرتن بووە".
بڕیاری ئەوكاتی حكومەتی هیندستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی نیمچە خۆبەڕێوەبەرێتیییەكەی كشمیر، هاوكات بوو لەگەڵ سەپاندنی راستەوخۆ دەسەڵاتی نیودەلهی بەسەر ئەم ویلایەتە، بۆ ئەمەش چەند پرۆسەیەكی دەستگیركردنی بەكۆمەڵو داخستنی تەواوەتی ویلایەتەكەو راگرتنی پەیوەندییەكان بۆ ماوەی چەند مانگێك لەناوچەكە جێبەجێ كرا، لەپاڵ ئەمەشدا هیندستان هێزە چەكدارەكانی لە ناوچەكە كۆكردەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناڕەزایەتییەكان.
سیاسەتی توندی ناریندرا مودی سەرۆك وەزیرانی هیندستان لەم كەیسەدا ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەكشمیر دروستكرد، بەڵام لەسەر ئاستی هیندستان بەگشتی پاڵپشتی گەورەی لێكرا، چونكە ئەم هەنگاوە پاشەكشێی بە جوڵانەوەو راپەڕینی كشمیرییەكان هێنا دوای چەند دەیەیەك شەڕو كوژرانی هەزاران كەس.
پارتە سیاسییەكانی لایەنگری هیندستانو سەندیكای پارێزەرانی كشمیر لەبەردەم دادگای باڵادا ناڕەزایەتییان نیشاندا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 370ی دەستور، كە ئەم ناوچە كێشەلەسەرە لە دۆخێكی تایبەتیدا دەهێڵێتەوە، ئەمە رێگەخۆشكەر بوو بۆ دەرچوونی بڕیارەكەی ئەمڕۆ لە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییەوە.
دادگا، خۆبەڕێوەبەرێتیی "ئۆتۆنۆمی"ی ناوچەكەی هەڵوەشاندەوەو داوایكرد "لەزوترین كاتدا" كشمیر بكرێتەوە بە ویلایەتێك وەكو هەموو ویلایەتەكانی تری هیندستان.
هەر لە بڕیارەكەی ئەمڕۆدا، دادگای باڵا فەرمانیدا ساڵی داهاتوو لە كشمیر هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەمەرجێك پرۆسەی دەنگدان لەوادەیەكدا رێكبخرێت كە لە رۆژی 30ی ئەیلولی 2024 تێنەپەڕێت.
بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا، رێوشوێنی ئەمنیی توند لەسەرتاسەری كشمیر گیرایەبەر، دەسەڵاتداران سەدان سەربازو كارمەندی هێزە ئەمنییە تایبەتەكانو پۆلیسیان لە شاری سریناگار بڵاوكردەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخ لە حاڵی دروستبوونی هەر ناڕەزایەتییەكی چاوەڕوانكراودا.
ناریندرا مودی سەرۆك وەزیرانو رێبەری نەتەوەیی هیندۆسەكان پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگا كردو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) وەكو بڕیارێكی "مێژوویی" ناوی هێناو نوسی:" ئەم بڕیارە تروسكەی هیواو بەڵێنی ئایندەیەكی باشەو بەڵگەیە لەسەر ئیرادەی بەكۆمەڵمان بۆ بنیادنانی هیندستانێكی بەهێزترو یەكگرتووتر".
بۆ پارتی گەلی هیندی "بەهاراتیا جاناتا"، هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 370ی دەستور، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە پرسێكی بنەڕەتی بووە، پێشبینی دەكرێت بڕیاری ئەمڕۆی دادگا كە بەر لە هەڵبژاردنی گشتی داهاتووی هیندستان دەرچووە، گوڕێكی تر بە ناریندرا مودیو پارتەكەی بدات.
كابیل سیبال یەكێك لەو پارێزەرانەیەكە لە 16 دانیشتنی دادگادا كاری بۆ ئەوە كردووە هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمی كشمیر وەكو هەنگاوێكی نادەستوری بناسێنێت، ئەم پیاوە لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگاوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) نوسی:" تەنیا مێژوو خۆی حوكمی كۆتایی قیبلەنمای ئەخلاقی بڕیارە مێژووییەكانە.. بەشداری لە هەندێك جەنگ بۆ دۆڕاندنە، بۆئەوەی مێژوو وەكو راستییەكی ئازاربەخش تۆمار بكاتو نەوەكانی داهاتوو بیزانن".
لەدوای هەڵپەساردنی ماددەی 370وە، دەسەڵاتدارانی هیندستان ئازادی میدیاكانو ناڕەزایەتیی گشتییان سنوردار كردووە، ئەمەش وەكو كەمكردنەوەیەكی ئاشكرای ئازادییە مەدەنییەكان لەو وڵاتە تەماشا دەكرێت.
گۆڕانكارییەكان وایكردووە هاوڵاتیانی هیندی خەڵكی دەرەوەی سنورەكە بتوانن زەوی لە كشمیر بكڕنو ئەركی حكومیان هەبێتو سكۆلەرشیپی پەروەردەیی لەناوچەكە بەدەستبهێنن، ئەمەش سیاسەتێكە كە نەیارانی وەكو "كۆڵۆنیالیزم" ناوی دەهێنن.
لەدوای سەربەخۆیی هیندستانو پاكستان لە دەسەڵاتی بەریتانییەكان لە ساڵی 1947دا، ناوچەی كشمیر دابەشبووە بەسەر ئەم دوو وڵاتەدا، هەردوو وڵاتە ئەتۆمییەكە داوای ئەوە دەكەن سەروەری خۆیان بەسەر ئەم ناوچەیەدا بسەپێنن كە بەتەواوەتی دەكەوێتە هیمالایاوە، ئەم ناكۆكییە سێ جەنگی لەنێوان هیندستانو پاكستاندا هەڵگیرساندووە.
سەرەتا نیودەلهی تەنیا دەسەڵاتی بەسەر كاروباری دەرەوەو دراو و پەیوەندییەكانی كشمیردا سەپاندبوو، بەڵام بەتێپەڕینی كات، رێبەرانی پاڵپشتیكاری دەسەڵاتی هیند لە ناوچەكە، هاوكارییان لەگەڵ دەسەڵاتی نیشتمانیدا كرد بۆ كەمكردنەوەی ئەم بۆشاییە.
لەم ناوچەیەدا كە هیندەكان بەڕێوەی دەبەن، ماوەی زیاتر لە سێ دەیە نائارامیی هەبووەو بەهۆیەوە دەیان هەزار كەس كوژراون، دەسەڵاتدارانی نیودەلهی بەردەوام پاكستان تۆمەتبار دەكەن بە پاڵپشتیكردن لە جوداخوازانی كشمیر، بەڵام ئیسلام ئاباد بەردەوام ئەم تۆمەتە رەتدەكاتەوە.
لەساڵی 2019وە تاڕادەیەكی زۆر هێزە سەربەخۆخوازەكانی كشمیر كۆنترۆڵو سەركوتكراون، بەڵام هێشتاش گەنجانی ناوچەكە پەیوەندی بە گروپە چەكدارەكانەوە دەكەن.
زیاتر لە نیو ملیۆن سەربازی هیندی لە كشمیر بڵاوكراونەتەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو راپەڕینەی كە لە ساڵی 1989 هەڵگیرسا، تاوەكو ئەمساڵ زیاتر لە (120 هەزار) كەس لەو شەڕانەدا كوژراون كە زۆرینەیان جوداخوازانی كشمیرن.