Draw Media

لە كۆماری كوردستان لە مهاباد 1946:

لە كۆماری كوردستان لە مهاباد 1946:

2023-12-10 18:50:29




درەو:
"موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەران مانگانە لە تارانەوە دەهات، ئەو مانگانەی كۆتایی تاران پارەی نەدەنارد، موچە نەبوو، بۆیە حزب دەرگای عەمبارەكانی كردەوەو لەبری موچە مانگانە شەكریان دەدانێ"
سەعید ناكام كە سەرنوسەری رۆژنامەی كوردستانی زمانحاڵی كۆماری كوردستان بوو لە 1946 لە لاپەڕە (62)ی كتێبەكەیدا بەناوی (بیرەوەری سەعید ناكام) باس لە رۆژانی كۆتایی كۆماری كوردستان لە مهاباد دەكات و دەڵێت: بودجەی دام و دەزگاكانیكوردستان لە تارانەوە دەهات، بەڵام لەو مانگانەی كۆتایی كۆماردا، تاران پارەی نەدەنارد، بۆیە حزبی دیموكرات لەبری موچە مانگانە شەكری دەدایە پێشمەرگەو فەرمانبەرانی كۆمارەكە.
سەعید ناكام لە لاپەڕە (62-63)ی كتێبەكەیدا نوسیویەتی:
كۆماری كوردستان لە (مهاباد) كە تەمەنی لە یانزە مانگ تێنەدەپەڕی خۆی بە سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵات دەزانی، خەڵكی رزگاركراو حكومەتی تارانیان بە دوژمنێكی داگیركەری بەزیو دادەنا كە لە كۆڵیان بووەتەوەو تازە گەڕانەوەی بۆ نییە، لە راگەیەندنەكاندا ناوی كوردستان و ئێرانمان وەكوو دوو لایەنی هاوتا دەهێنا و وامان دەردەبڕی كە پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێتێ بەولاوەتر نییە، خۆم گوتارێكم بڵاوكردەوە، بەناوی (نێوانی ئێمەو تاران) و تێیدا زۆرم رەخنە لە رژێمی تاران گرتبوو كە بۆچی رێزی دراوسێتی و هاوسنوری ناگرن، لەلایەكی دیكەشەوە بودجەی دەزگاكانی كۆماری كوردستان مانگ بە مانگ لە تاران  وەردەگیرا بەناوی موچەی پۆلیس و فەرماندەر و كاربەدەستانەوە، چونكە كۆماری كوردستان لە جیاتی رژێمی تاران ئاساییشی ئەم ناوچەیە دەپارێزێ و كاروباری میری بەڕێوەدەبات، لەدوا مانگی تەمەنی كۆمارەكەمان كە سوپای عەجەم شاڵاوی بۆ كوردستان هێنا پارە نەبوو موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەرەكانی لێبدرێت حزب دەرگای عەمباری شەكری كردەوە و لە جیاتی پارە مانگانە شەكریان دانێ.

لینكی كتێبی (بیرەوەرییەكانی سەعید ناكام)

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand