"هەوڵەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك جدین"
2023-12-08 20:14:10
درەو:
هەفتەی داهاتوو دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە، شارەزایانی یاسای دەڵێن هیچ پاساوێكی یاسایی و دەستوری نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەوڵی جدی هەیە بە ئاراستەی دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك، لایەنی توركمانی و پێكهاتەی سونە فشار بۆ دواخستن دەكەن، كۆمسیۆن بە دەنگدان خۆی یەكلاكردەوە، حكومەت هەفتەی داهاتوو راپۆرتی خۆی دەخاتە بەردەم كۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی، توركیاش لەرێگەی نزیكەكانیەوە فشاردەكات بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە كەركوك.
بەپێی خشتەی بڵاوكراوە رۆژی سێشەممەی داهاتوو (12/12/2023) دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە، سكاڵاكە لەلایەن كاندیدێكی هاوپەیمانی (القیادە)ی سونی لە كەركوك تۆماركراوە.
نەجاح حەسەن ئیبراهیم، كاندیدی هاوپەیمانی (القیادە)ی سونی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە دادگای باڵای فیدراڵی سكاڵای لە دژی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركردووە، داوا دەكات كۆمسیۆن پابەند بكرێت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پارێزگای كەركوك تا ئەو كاتەی وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەكرێت.
د. یوسف محەمەد پەرلەمانتاری پێشوی عێراق و شارەزای یاسای دەستوری لە نوسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: داواكاریی دواخستنی ئەنجام دانی هەڵبژاردنە خۆجێییەكانی پارێزگای كەركوك نەك هەر هیچ پاساوێكی قانونی و دەستوریی نییە، بەڵكو پەسەند كردنی ئەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆز كردنی دۆخی كەركوك و رێگری كردن لە هێنانەكایەی دەسەڵاتێكی سەقامگیری هەڵبژێردراو كە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێكهاتەكانی ناوچەكە لەخۆ بگرێت.
د. یوسف محەمەد ئەوە روون دەكاتەوە" لە ماوەی رابردودا دو داوا بە ژمارەكانی ٢٥٦، ٢٦٤/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٣ لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار كراون و لە لایەن دادگاكەوە یەكخران. ناوەڕۆكی هەر دو داواكە بریتییە لە پابەند كردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا كۆتایی هاتنی پڕۆسەی وردبینییی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك بەپێی مادەی (١٣) لە قانونی هەمواری سێیەمی قانونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٢. واتە ناوەڕۆكی داواكان بریتین لە دواخستنی هەڵبژاردنی كەركوك تا جێبەجێ كردنی تەواوی بەندی یەكەم لە مادەی (١٣) لە قانونی ناوبراو.
هەوڵەكان بۆ دواخستن
هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك تەنیا لە رێگای دادگای فیدراڵیەوە نیە، بەڵكو لە هەموو روویەكەوە هەوڵەكان بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك دەستیپێكردووە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند: هەوڵەكان جدین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك فشارەكان گەیشتوونەتە كۆمسیۆن و حكومەت و تەنانەت چوارچێوەی هەمانگیش.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی پەیوەندی بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی كۆمسیاران كۆبوونەتەوە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەوان لەكۆی ئەندامانی ئامادەبوو چوار بە چوار بوون، واتا چوار كەسیان دەنگیانداوە بۆ دواخستن و چوار كەسیان دەنگیان داوە بۆ ئەندامانی هەڵبژاردن بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆكی كۆمسیۆن لەگەڵ ئەوە بووە هەڵبژاردن بكرێت بۆیە دەنگی ئەو یەكلا كەرەوە بووە بۆ ئەوەی كۆمسیۆن لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە كەركوك بكرێت.
سەبارەت بە فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستە ڕوو كە هەریەك لەلایەنی سونی و پێكهاتەی توركمان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن دوابخرێت و ترسیان هەیە كە لایەنە كوردییەكان كورسی زۆری ئەنجومەنی پارێ.گای كەركوك ببەن، لەگەڵ ئەوەشدا توركیا فشاری زۆر دەكات و هاتووەتە سەر هێل بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك، بەڵام تا ئێستا چوار چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاكان بەرێوە بچێت بەڵام نازانرێت، دواتر هەڵوێستیان دەگۆڕن یان نا.
خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكاتی خۆیدا دەكرێت ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی دەكەن، ئەو داوایەی پێشكەشی دادگای فیدراڵی كراوە هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستوری نیە بۆ ئەوەی لە كەركوك هەڵبژاردن نەكرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد ئەگەر بیانەوێت هەڵبژاردن لە كەركوك دوابخرێت دەیان رێگاو بیانوو هەیە بۆ دواخستن، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق راپۆرتی خۆی پێشكەشی كۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك، بەڵام تا ئێستا نازانرێت حكومەت دەیەوێت چی بڵێت لە راپۆرتەكەیدا بە ئاراستەی ئەنجامدان یان دواخستن.
بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە كە ماوەی (19) ساڵە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەكراوە.