چەند راستییەك دەربارەی هاندەرە سەرنجڕاكێشەكەی مۆندیال
2018-07-09 09:39:27
(درەو میدیا):
خانم كۆلیندا گرابار كیتارۆڤیچ، سەرۆكی كرواتیا لە مۆندیالی روسیادا سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، كە بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە یاریەكاندا هاندەدات.
كۆلیندا لە یەكێك لە یارییەكانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا درێسی تایبەت بە هەڵبژاردەی كرواتیای پۆشیبوو لە ریززی جەماوەر و هاندەراندا دانیشتبوو، پاش تەواوبوونی یارییەكە و بردنەوەی كرواتیا راستەوخۆ چووە ژووری خۆگۆڕینی هەڵبژاردەكەو پیرۆزبایی لە یاریزانەكان كرد.
كۆلیندا گرابار كیتارۆڤیچ لە 29ی نیسانی ساڵی 1968 لە رییكا، كرواتیا، كۆماری یۆگوسلاڤیای پێشوو لە دایكبووە، لە قۆناغی ئامادەییدا یەكێك بووە لە خوێندكارە زۆر سەركەوتووەكان و لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە پرۆگرامی گۆڕینەوەی خوێندكاراندا چووەتە لۆس ئەلامۆس لە نیومەكسیكۆی ئەمریكا و ساڵی 1986 خوێندنی ئامادەییی لە خوێندنگەی لۆس ئالاموس تەواوكردووە، پاشان دەچێتە كۆلێژی زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكانی زانكۆی زاگرب و ساڵی 1992 بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و ئیسپانیی بەدەستدەهێنێت.
كۆلیندا گرابار كیتارۆڤیچ زۆر بەباشی زمانەكانی ئینگلیزی، ئیسپانیی، پرتوگالی، ئەڵمانیین فەرەنسی و ئیتالی دەزانێت و هاوسەرگیری لەگەڵ بەناوبانگترین پاڵەوانی خلسیكانی سەر بەفر " گرابار كیتارۆڤیچ" كردوووە و دوو منداڵی هەیە.
سەرۆكە شۆخەكەی كرواتیا ساڵی 2005 بۆ 2008 وەزیری دەرەوەی كرواتیا بووە و پاشان تا2011 بووەتە باڵیۆزی وڵاتەكەی لە ئەمریكا و لە 2011 تا 2014 ئەمینداری یاریدەدەری كاروباری دیپلۆماتیی گشتی بووە لە پەیمانی ناتۆ، كە یەكەمین ژنە لە مێژوودا ئەو پۆستە لە ناتۆ وەربگرێت.
ساڵی 2015 كیتارۆڤیچ خۆی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری كرواتیا كاندیدكرد و سەركەوتنی بەدەستهێنا و بووە یەكەمین ژن لە مێژووی ئەو وڵاتەدا كە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بەدەستبهێنێت.
لەگەڵ دەستپێكردنی یارییەكانی هەڵبژاردەی كرواتیا، كیتارۆڤیچ گەیشتە روسیا و لە یاریی هەڵبژاردەكەی و هەڵبژاردەی دانمارك لە ریزی هاوڵاتیانی ئاسایی و هاندەرانی وڵاتەكەیدا دانیشت و رەتیكردەوە لە شوێنی تایبەت بە میوانە گەورەكانی مۆندیال یارییەكە ببینێت و پێشتریش رایگەیاندووە كە لە دارایی تایبەتی خۆی بلیتی ئامادەبوونی یارییەكان دەكڕێت.