هەولێر: خۆپیشاندانی مەدەنی و دەسەڵاتی توندوتیژ
2018-03-27 11:27:43
ئامادەكردنی: نیاز عەبدوڵا
جیاواز لە خۆپیشاندانەكانی رابردوو ئەمجارە خۆپیشاندان لە شاری هەولێر پەرەیسەندووە و سەرەرای توندوتیژی هێزە حیزبییەكان هێزە ئەمنییەكانیش توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدەدەن لە ( گرتن ، لێدان، سوكایەتیكردن، داپڵۆسین ، بڵاوەپێكردن)ی خۆپیشاندەران.
ئەگەرچی خۆپیشاندەران بەوپەڕی هێمنییەوە خۆپیشاندان دەكەن، لەم خۆپیشاندانەكاندا لە هەولێر لە ماوەی رۆژانی خۆپیشاندانەكاندا بە دەیان چالاك و خۆپیشاندەر دەستگیركراون و ژمارەیەكی زۆریش لێیاندراوە و سوكایەتیان پێكراوە، لە كاتێكدا هیچ یەك لە خۆپیشاندەران توندوتیژیان بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەكان دامودەزگاكانی دەوڵەت بەكارنەهێناوە.
لە كاتی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ سێشەممە 27/3/2018 دا لە فولكەی مامزی هەولێر رەشبگیری خۆپیشاندەران لە لایەن چەكدارە بەڵتەجییەكانی ئاسایش بە ئامادەبوونی عەمید عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەستیپێكرد. پاشان بە قەمە و بە بۆكس و شەق بەربوونە گیانی خۆپیشاندەران و برینداریان كردن و بە برینداریش دەستگیركران.
جگە لەو دەیان كەسەی كە دەستگیركران ، ئێستا هەر یەك لە :
١-عەدنان رەحمان-هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان
٢-فەرمان فارس-چالاكوانی مەدەنی
٣-رێبوار جەلال-مامۆستای زانكۆ
٤-حەیدەر محەمەد-یەكگرتوو
٥-د.عەباس محەمەد-سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر
٦-رەعد فەتاح-كۆمەڵ
٧-ئەحمەد ئەسكەندەر-بەڕێوبەری سكرتێری گەشەپێدانی كۆمەڵ
8- ئاكار فارس پەیامنێری تەلەفزیۆنی سپێدە
9- وێنەگرەكەی كەناڵی سپێدە
١٠-هەژار ساڵح
١١- مامۆستا دەشتی- مامۆستا
لە خوێپیشاندانەكەی رۆژی دووشەممە 26/3/2018 ی هەولێردا بە دەیان چالاكوان و خۆپیشاندەر دەستگیركران و بەشێكیان دوای ئەشكەنجەدان و بۆ ماوەیەك مانەوەیان ئازادكران.
دەستگیركراوەكان :
١-عەلی مەحمود- ئازادكرا
٢- هەژار ساڵح- شوێنبزرە
٣-محەمەد عوسمان-ئازادكرا
٤-مامۆستا ئیدریس-ئازادكرا
5- ئاراس عەزیز پەیامنێری كەناڵی پەیام -ئازادكرا
6- موتەیەب خۆشەوی وێنەگری كەناڵی پەیام -ئازادكرا
٧-جەمال سورچی-ئازادكرا
8-هێمن شێخانی- ئازادكرا
9- ئاوارە سلێمان- ئازادكرا
10-محەمەد عەزیز- ئازادكرا
11-رێبین شەمامكی-ئازادكرا
لەگەڵ دەستگیركردنی چەند مامۆستایەكی خۆپیشاندەری تر كە لە ناو خۆپیشاندانەكان براون.
بەپێی قسەكانی مامۆستا یوسف عوسمان و شایەتحاڵەكانی وەزارەتی تەندروستی لە هەولێر و بەدواداچوونمان بۆ ئەم دۆسیەیە: 26ی ئادار لە كاتی دەوامی ئاسایی خۆیدا "لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەندروستی لە دیوانی وەزارەت دكتۆر دارا حەمە رەشید كە ماوەیەك دكتۆری چارەسەری كۆسرەت رەسوڵ بوو لەگەڵ مەحمود یونس بەڕێوەبەری یەكێك لە بەشەكانی هەمان وەزارەت كە هاوكات بەرپرسی كۆمیتەی ٧ی عەنكاوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، لەگەڵ یەكێك لە شوفێر و پاسەوانێكی تایبەتی دكتۆر دارا و لە پێش دەرگای نوسینگەی وەزیر دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید لێی دراوە بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی هەولێر".
هەر ئەمڕۆ لە ناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی "نزیكەی 50 كارمەندی تەندروستی وەك بەشێك لە ناڕەزایەتییەكان لە ناو حەوشەی دیوان كۆبوونەوە" بەڵام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دوێنێ و ئەمڕۆی كارمەندانی تەندروستی و بەشدارییان ئەو دەستدرێژییە چوار كەسییەی بۆسەر مامۆستا یوسف لێكەوتەوە كە خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە بایۆلۆجی و 32 ساڵە خزمەتی لە بوارەكەی هەیە و چوار جار زیندانیكراوە لەلایەن حكومەتی بەعس و پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی. بۆیە ناوبراو ئەمڕۆ دەستی بەرێكارەكانی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی كرد لە دژی دەستدرێژیكاران.
ئەمڕۆ و دوێنێ دوای دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران لە رێگای بۆمبی دەنگی و گوللەی پلاستیكی و دەستدرێژی هێزە ئەمنییەكان بە جلی مەدەنییەوە، ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران لە ترسی دەستگیرنەكردنیان نەچوونەتە نەخۆشخانە گشتییەكان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەوهۆیەوە بەشێكیان ئازار و شوێنی لێدانەكانیان زیادیكردووە و پێویستدەكات بە زووترین كات دەستەبەری چارەسەری تەندروستی بۆ خۆپیشاندەرە بریندارەكان بكرێت و مەترسی دەستگیركردنیان لەسەر هەڵبگیرێت.
بەپێی زانیارییەكانی پارێزەر هوشیار شێركاوەیی كە هاوكات ئەندامی رێكخراوی ئینەفە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەوانی 26ی ئادار لە كاتژمێر 6ی ئێوارە "16 كەس لە هێزەكانی ئاسایشی گشتی هەولێر كە بەجلی فەرمی كارەكەیانەوە بوون هەڵیانكوتایە سەر هەردوو نوسینگەی رێكخراوی ئینەف و نوسینگەی تایبەتی كاری پارێزەرایەتی هوشیار شێركاوەیی لە گەڕەكی روناكی هەولێر". لەوێ كە بە تەنیا یەكێك لە كارمەندەكان ئامادە دەبێت "داوای ناسنامەكەی دەكەن و پاشان دەیدەنەوە و كلیلی نوسینگە هاوبەشەكەی لێوەردەگرن و پێی دەڵێن: ئێرە دادەخەین و كەس بۆی نییە بیكاتەوە، با هوشیار شێركاوەیی بێت بۆ ئاسایشی گشتی قسەی لەگەڵ دەكەین".
پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانی بیەوێت هەرچی دەنگی ناڕازی شارەكەیە بە زەبر و زەنگ كپی بكاتەوە و هەر بەوەشەوە نەوەستن، چاوەڕواندەكرێت ئەم شەو و رۆژانی داهاتوو هێزە ئەمنییەكان بەهۆی بەشداریان لە خۆپیشاندانەكان و بڵاوكراوەكانی فەیسبووك و لایك و كۆمێنتەوە هەڵبكوتنە سەر هاوڵاتییان.
سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكیدا كە ئاراستەی ئۆفیسی یۆنامیو كونسوڵگەری وڵاتانی كردوە لە هەولێر دەڵێت ” زیاتر لە 20 ھەزار چەکدارو ھێزی ئەمنی ھێنراونەتە ناو شارو شارۆچکەکان بەجلوبەرگی سەربازیی و مەدەنیەوە بڵاوەیان پێکراوە، لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکان لەھەولێرو دھۆک، ھێزێکی ئەمنی دیاریکراو کە سەر بەئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە، بەجلوبەرگی مەدەنی و بەدەمانچەو بەشەق پەلاماری خۆپیشاندەران دەدرێت و ھاوکات چەندین خۆپیشاندەرو ڕۆژنامەنوسیش دەستگیرکراون”.