دادگای لهندهن و مهرجهكانی دهستپێكردنهوهی ههناردهی نهوت
2023-11-17 15:43:37
راپۆرت: درەو
كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان هەڕەشەی پەنابردن بۆ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن دەكەن، ئەگەر لەچوارچێوەی رێككەوتنی نوێی نێوان هەولێرو بەغداد دەستكاری گرێبەستی كاركردنیان بكرێت، ئەم كۆمپانیایانە (4) مەرجیان هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، وردەكاری مەرجو داواكاری كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم لەم راپۆرتەدا.
ئەپیكور.. راگەیەندراوێكی نوێ
كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدەن لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم.
گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" كە نوێنەرایەتی كۆمپانیاكانی (DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy ،ShaMaran Petroleum) دەكات، لە راگەیەندراوێكی نوێدا دەڵێ:" گفتوگۆكانی نێوان بەرپرسانی حكومەتی عێراقو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی ئەرێنی بەرەو دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنەوەی نەوت نیشان دەدات".
بە دادگای لەندەن هەڕەشە دەكەن !
گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان جارێكی تر هۆشداری دەدات لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتو ئاماژە بەوە دەكات" پێشوەختە مەرجەكانی خۆیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی تەواوی نەوت خستوەتەڕوو، هێشتا پابەندن بە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان".
كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم مەترسییان هەیە دەستكاری گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكرێتو هاوتا بكرێت لەگەڵ گرێبەستە نەوتییەكانی عێراق، چونكە گرێبەستی ئەم كۆمپانیایانە لە هەرێمی كوردستان گرێبەستی (هاوبەشیكردنی بەرهەم)ەو جیاوازە لە گرێبەستەكانی عێراق كە گرێبەستی (خزمەتگوزاری)ن.
لە راگەیەندراوەكەیدا (ئەپیكور) باسلەوە دەكات" گرێبەستەكانی هاوبەشكردنی بەرهەمهێنان (PSCs) هێشتا بەركارنو بە یاسای ئینگلیزی بەڕێوەدەبرێن، چارەسەری ناكۆكییەكان لەبارەی گرێبەستەكانەوە لەرێگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە دەبێت لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن".
ئەپیكور گلەیی هەیە !
كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم گلەیی دەكەن لەبارەی ئەوەی بانگهێشت نەكراونو هیچ پەیوەندییەكی فەرمییان پێوە نەكراوە سەبارەت بە دەرەنجامی كۆبونەوەكانی ئەمدواییەی حكومەتی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق.
رۆژی 11ی ئەم مانگە وەفدێكی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گەیشتە هەولێرو ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی هەرێمو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گفتوگۆی كرد لەبارەی میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە یەكێك لە كۆبونەوەكانی وەفدەكەی عێراقدا لە هەولێر، نوێنەری هەندێك لە كۆمپانیا بیانییەكان بانگهێشتكرابوون، بەپێی قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەم سەردانەی وەزیری نەوتی عێراقدا بۆ هەولێر، چەند پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكراونو وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر یەكێك لە پێشنیازەكان بدات، هێشتا وردەكاری پێشنیازە گەڵاڵەكراوەكان ئاشكرا نەكراون، بەڵام دەستكاریكردنی گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم یەكێك لەو بابەتانەیە كە قسەوباسی لەسەر دەكرێت، رەنگە ئەمە هۆكاری نیگەرانی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم بێت.
چوار مەرج بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت
گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، كۆمەڵێك مەرجی پێشوەختەی راگەیاندووە كە ئەمانەن:
• هەر زیادكردنێك دەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت لەنێوان حكومەتی عێراقو حكومەتی هەرێمو كۆمپانیاكانی ئەپیكور.
• دەبێت گرەنتی ئەوە بكرێت پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و داهاتوودا دەدرێت.
• دەبێت پارەی فرۆشتنی نەوتی لە داهاتوودا بەشێوەی راستەوخۆ بۆ كۆمپانیاكان حەواڵە بكرێت.
• دەبێت پارێزگاری بكرێت لە مەرجە بازرگانییەكانی ئێستاو مۆدێلی ئابوری كۆمپانیاكانی ئەندامی گروپی ئەپیكور.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا، گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان رایگەیاندووە، بۆ دەستپێكردنەوەی خێرای هەناردەی نەوت، پابەندە بە چارەسەری كێشەكانەوە، چونكە لە دۆخی ئێستادا زیانەكان بەرزتر دەبنەوە، بەتایبەتیش كە لەدوای داخستنی بۆری نەوتی عێراق-توركیاوە زیاتر لە 7 ملیار دۆلار زیان بە داهاتەكانی نەوت گەیشتووەو سەرباری ئەمەش حكومەتی عێراق رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار سزای دارایی دەكەوێتەسەر بەهۆی پابەندنەبوون بە رێككەوتنی هێڵی بۆری نێوان عێراقو توركیا ITP.
كۆبونەوەكەی دوبەی
رۆژی 8ی ئەم مانگە، كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە (دوبە)ی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەوە، داوای قەرزەكانیان لە حكومەتی هەرێم كردەوە، مەترسی خۆیان نیشاندا لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمو پێشنیازی ئەوەیان كرد پشكی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق بفرۆشن.
پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت
كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان پێشنیازێكیان بۆ خێرا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق، پێشنیازەكە ئەوەیە" كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان دانوستان بكات لەبارەی كڕینو فرۆشتنی نەوت لەم كۆمپانیایانە، چونكە بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردویانە كە گرێبەستی پشكی بەرهەمهێنانە، ئەم كۆمپانیایانە مافی ئەوەیان پێدراوە پشكی نەوتی خۆیان بفرۆشن".
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی دانوستانێكدا پشكی خۆی لە نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كوردستان بفرۆشێت بە وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای سۆمۆ، هاوشێوەی ئەوەی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی غازی كێڵگەی كۆرمۆری فرۆشتووە بە وەزارەتی نەوتی عێراقو بەبۆری دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك.
داوای قەرزەكانی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە
ئەپیكور مەرجێكی تریشی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیەو بە وەزارەتی نەوتی عێراقی وتووە:" دەبێت رێككەوتنێكی روونو وردو یاسایی هەبێت بۆ فرۆشتنو هەناردەی نەوت، لەناویشیاندا پێدانی پارەی فرۆشی نەوت لە رابردوو و داهاتووودا".
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردووی گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان، گروپی ئەپیكور بڕی (یەك ملیار) دۆلاری پارەی لای حكومەتی هەرێمەو هێشتا پێی نەدراوەتەوە، ئەم كۆمەڵەیە هۆشداری ئەوەی بە هەردوو حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق داوە تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتیش لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە دەستپێبكاتەوە، ئەوان لە دۆخێكدا نین نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن تا دڵنیا نەبن لەوەی چۆن پارەیان پێدەدرێت.
ترس لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان
15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی لەدژی هەرێمی كوردستان دەركرد، بەپێی ئەم بڕیارە یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، لەدوای ئەم بڕیارەوە حكومەتی پێشووی عێراق چەند هەنگاوێكی گرتەبەر بۆ ناچاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم بۆ تازەكردنەوەی گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، بەوپێیەی ئەم وەزارەتە گرێبەستەكانی هەرێمی بەدڵ نییەو دەیەوێت لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراق هاوتای بكات، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی دوبەیدا، نوێنەرەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیاییان بە نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم داوە رێز لە قەرزەكانی رابردوویان دەگیرێت، بەڵام:" رێكخستنی گرێبەستەكان هەمووان پەسەندی بكەن".
كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم ترسیان هەیە وەكو ئەوەی پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق كاری لەسەركردووە، گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو لە گرێبەستی "شەراكەت"ەوە بكرێت بە گرێبەستی "خزمەتگوزاری"، بۆیە لە گفتوگۆكەی دوبەیدا نوێنەری ئەپیكور داوایكردووە" مەرجە بازرگانییەكانی ئێستا وەك خۆیان بمێننەوەو گرێبەستەكانی پشكی بەرهەمهێنان كاریان پێبكرێت".
ئاڵنگارییەكی تر
یەكێك لە ئاڵنگارییەكانی تری بەردەم پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە، ئەمەش بەربەستێكی تری بۆ كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێم دروستكردووە.
لە یاسای بودجەدا عێراق، خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتی زۆر بە كەمتر لەو نرخە ئەژماركردووە كە بەشێوەیەكی فعلی لە كوردستان هەیە.
یاسای بودجەی فیدراڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی بەهەمان ئەو نرخە ئەژماركردووە كە لە عێراق هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (6) دۆلاری دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕەكەی (24) دۆلارەو تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش (7) دۆلارە، واتا بە تێكڕای خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (31) دۆلار دەكەوێت.
یاسای بودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێك ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستانو خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق.
بودجە پارەی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەكدا دیاریكردووە كە بڕەكەی (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینارە بۆ یەك ساڵ، ئەم بڕە پارەیە كورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی لێكدانەوەیەك كە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی:
• كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (1 ترلیۆنو 428 ملیار) دینار.
• كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنانو هەناردەكردنی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (2 ترلیۆنو 448 ملیار) دینار.
واتا بە تێكڕا خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023دا بڕەكەی بە (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینار دیاریكراوە، ئەم پارەیە بڕەكەی بە دۆلار دەكاتە (2 ملیارو 980 ملیۆن) دۆلار.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی (6 ترلیۆنو 695 ملیار) دیناری بۆ خەرجییەكانی نەوت خەرجكردووە، بەڵام لە بودجەی عێراقدا (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دیناری تەرخانكردووە، لێرەدا حكومەتی هەرێم توشی كورتهێنانێك دەبێت كە بڕەكەی (2 تریلیۆنو 800 ملیار) دینارە، وەكو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" ئەم كورتهێنانە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراقو هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە".
ئێستا كە توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نیشانداوە، هێشتا دیار نییە ئایا كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئامادەن بەو نرخەی كە عێراق دیاریكردووە (6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم باسلەوە دەكات كۆمپانیاكان وتویانە ئامادە نین بەو پارەیە كاربكەن.
قەرزەكانی كەرتی نەوتی هەرێم
كەرتی نەوتی هەرێم كێشەیەكی تریشی هەیە كە ئەویش قەرزی پێشووی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتو پارەی وەرگیراوی پێشەكی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختەیەو بە تێكڕا بڕەكەی (8 ملیارو 623 ملیۆن) دۆلارەو ئەم قەرزەش هیچ چارەسەرێكی لە یاسای بودجەدا بۆ دیاری نەكراوەو نازانرێت حكومەتی هەرێم چۆن ئەم پارانە دەگێڕێتەوە.