Draw Media

بێرهۆڤ: بەهۆی ئەردۆغانەوە ئەڵمانیا لە مۆندیال كرایە دەرەوە

بێرهۆڤ: بەهۆی ئەردۆغانەوە ئەڵمانیا لە مۆندیال كرایە دەرەوە

2018-07-07 14:31:47


(درەو میدیا):
تا ئێستا كرانەدەرەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە قۆناغی گروپەكانی مۆندیالی2018ی روسیا، لە نێو ناوەندە رۆژنامەوانییەكانی ئەو وڵاتەدا دەنگدانەوەی هەیە و باس لە هۆكارەكانی ئەو شكستە چاوەڕوانەكراوەی مانشافت دەكرێت كە لەسەر دەتی هەڵبژاردەی تۆپی پێی كۆریای باشوور كرایە دەرەوە.
لە نوێترین كاردانەوەدا ئۆلیڤەر بێرهۆڤ، بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا شكستەكەیان دەخاتە ئەستۆی وێنەیەكی مەسعود ئۆزیڵی یاریزانی هەڵبژاردەكە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و جەختدەكاتەوە لەوەی كە پێویست بوو دوای ئەو وێنەیە ئۆزێل لە هەڵبژاردەكە دووربخرایەتەوە.
بێرهۆڤ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " دی ڤێڵت" ی ئەڵمانیی دەڵێت:" هەتا ئێستا یاریزانەكانی هەڵبژاردەی نیشتمانیمان ناچارنەكردووە كە هیچ شتێك بكەن، بەڵام هەمیشە هەوڵمانداوە قەناعەتیان پێ بكەین، بەڵام لەگەڵ ئۆزێلدا نەمانتوانی ئەوە بكەین، لەبەرئەوە پێویست بوو بیرلەوە بكەینەوە دەستبەرداری خزمەتگوزارییەكانی بین".
دوای ئەو لێدوانەی ئێوارەی هەینی لە وتەیەكیدا بۆ تەلەفزیۆنی ئەڵمانیا بێرهۆڤ هەوڵیدا لەو هەڵوێستە توندەی بەرامبەر بە ئۆزێل كەمبكاتەو وتی:" سەرەتا من نیگەرانم، هەڵە بووم، یاریزانانمان بەو شێوازە سزا نادەین."
مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان، یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپێی پێی ئەڵمانیا لە دوو خێزانی كۆچبەری توركیا لە دایكبوون، ئایاری رابردوو لە لەندەن دیداریان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد و درێسی خۆیان بە ئیمزاكراوی پێشكەش كرد و ئۆزێل لەسەر درێسەكەی نوسیبوو " بۆ سەرۆكەكەم".
ئەم هەنگاوەی ئەم دوو یاریزانە پێش مۆندیال مشتومڕی زۆری لە ناو ئەڵمانیادا دروستكرد و گۆندۆگان هۆكارەكانی وێنەگرتنی لەگەڵ ئەردۆغان بۆ رۆژنامەكان روونكردەوە بەبێ‌ ئەوەی پاشگەزبێتەوە، بەڵام ئۆزێل رایگەیاند قسە بۆ رۆژنامەكانی ئەڵمانیا ناكات و دەستەی هونەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش رێگەیان پێدا بایكۆتی " رۆژی رۆژنامەگەری" بكات كە رێگە بە هەموو یاریزانەكان درا چاوپێكەوتن لەگەڵ رۆژنامەكاندا بكەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand