Draw Media

لەبەردەم كێڵگەی نەوتی تاوكێ خۆپیشاندانیان كرد

لەبەردەم كێڵگەی نەوتی تاوكێ خۆپیشاندانیان كرد

2023-11-12 12:53:42


(درەو): 
هاوكات لەگەڵ هاتنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر، هاوڵاتیانی (11) گوندی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەبەردەم كێڵگەی نەوتی (تاوكێ) دەستیان بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی كرد، كۆمپانیاكەی تاوكێ گرێبەستی كاركردنی هەڵوەشاندونەتەوە. 
ژمارەیەك لە دانیشتوانی ئەم گوندانە لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لە كێڵگەی (تاوكێ) كاردەكەن‌و دەڵێن كۆمپانیاكان گرێبەستی كاركردنی هەڵوەشاندونەتەوە، پێشتریش جارێكی تر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی گردبونەوەیان كردووە‌و بێ ئەنجام بووە، ئەم كرێكارانە داوا دەكەن بچنەوە سەر كارەكانیان.  
بلۆكی تاوكێ دەكەوێتە سنوری پارێزگای دهۆك، (75%)ی پشكەكانی دراوە بە كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویژی‌و (25%)ی دراوە بە كۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی)، پێشتر توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی كێڵگەكە زیاتر لە (107 هەزار) بەرمیل نەوت بوو، مانگی ئابی ئەمساڵ كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی رایگەیاند، دوای راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ كردوەتەوە‌و بەرهەمی رۆژانەی لەوكاتەدا 40 هەزار بەرمیل بووە.
ژمارەیەك لە میدیاكان بۆ رووماڵی ناڕەزایەتی خەڵكی ئەو گوندانەی نزیك كێڵگەی تاوكێ، ئەمڕۆ پەیامنێری خۆیان ناردە ناوچەكە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی كێڵگە نەوتییەكانەوە رێگرییان لێكرا. 
سەنتەری میترۆ كە پێشێلكارییەكان دژی رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكات دەڵێ:" خۆپیشاندان‌و گردبوونەوەی هاوڵاتیان بە یاسای رێكخستنی خۆپیشاندن‌و دەستوری عێراق، رێگە پێدراوەو روماڵكردنیشی بە یاسای رۆژنامەگەریی، پارێزراوە. ئەو هێزەی بۆ پاراستنی یاسا لە داهاتی گشتی موچە وەردەگرن، لەبەرژەوەندی كۆمپانیا نەوتییەكان یاسا پێشێلدەكەن‌و نایانەوێ دەنگی ناڕەزایەتی كرێكارو كارمەندانی  كۆمپانیاكان بگاتە رایگشتی".
رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەڵەتی پاریس دژی توركیا لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی بە بۆری عێراق- توركیا بۆ بەندەری جەیهان راگرت، لەوكاتەوە هەناردەی نەوتی هەرێم كە رۆژانە نزیكەی 400 هەزار بەرمیل بوو، راوەستاوە، بەوهۆیەشەوە هەندێك لە كۆمپانیاكان ژمارەی كرێكارو كارمەندەكانیان كەمكردوەتەوە.
كانونی یەكەمی 2021 وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاشكرایكرد، زیاتر لە  14 كۆمپانیا لە كەرتی نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستان كاردەكەن. 
بەپێی قسەی وەزارەت، ئەوكات (6 هەزارو 196) كەس لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كاریان كردووە، لەم ژمارەیە (5 هەزارو 44) كەسیان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون، واتا رێژەی زیاتر لە 81%ی كرێكاری كۆمپانیاكانی كەرتی نەوت لە هەرێم دەستی ناوخۆیی بووە، بەڵام ئێستا كە كۆمپانیاكان بەشێكیان كاركردنیان راگرتووە‌و بەشێكی تریان ئاستی وەبەرهێنانیان كەمكردوەتەوە‌و ژمارەی كارمەندەكانیان كەمكردوەتەوە، نازانرێت رێژەی دەستی ناوخۆیی لەكەرتی نەوتی هەرێمدا چەندە. 
ناڕەزایەتی كارمەندانی كێڵگەی تاوكێ لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەفدێك هاتوەتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان‌و بڕیارە دوو رۆژی تر لە كوردستان بمێنێتەوە، ئەمە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. 
بەپێی یاسای سێ ساڵەی بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق وەربگرێت، دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات‌و داهاتی ئەم نەوتەش بگەڕێتەوە بۆ ناو ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراق. 
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رێژەی 0,5%ی كۆی گشتی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی جیهان پێكدەهێنێت‌و بەر لە راوەستانی، نەوت رێژەی 77%ی تێكڕای داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی پێكدەهێنا. 
بەر لە هاتنی وەزیری نەوت بۆ هەولێر، كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" كە نوێنەرایەتی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم دەكات، رۆژی 8ی ئەم مانگە لە  دوبەی لەگەڵ نوێنەرەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبووەوە، كۆمپانیاكان مەرجی خۆیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند، لەوانە دەستكاری نەكردنی گرێبەستی كاركردنیان لە هەرێم‌و پێدانەوەی قەرزەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هەروەها فرۆشتنی پشكی نەوتی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand