Draw Media

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: جگە لەمەرزە فەرمیەكان 40 مەرزی لاوەكی هەیە 

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: جگە لەمەرزە فەرمیەكان 40 مەرزی لاوەكی هەیە 

2018-07-07 07:28:43


گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا

مانگی شوباتی ئه‌م ساڵ له‌ درێژه‌ی سزاكانی دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلول و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدڕاڵییه‌كانی حكومه‌تی عێراق، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی عێراق به‌ بڕیارێك نزیكه‌ی 50 مه‌رزی لاوه‌كی له‌ سنووری ئیداری پارێزگای سلێمانی له‌ راپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان داخست.
(دره‌و میدیا) بۆ ده‌ستخستنی زانیاری له‌باره‌ی هێزی كار و سه‌رچاوه‌ی داهاتی مه‌رزه‌كان و هه‌وڵه‌كانی به‌ فه‌رمی ناساندنیان، گفتۆگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڕه‌حمان عه‌لی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری و به‌نداوه‌كان و لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانی به‌كاربه‌ر.  


دره‌و میدیا: نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان چۆنن و تاچه‌ند پابه‌ندبوون به‌ بڕیاری داخستنیان هه‌بووه‌؟
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: چوار ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌یه‌ كه‌ هاوسنوورن له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران.، سێ ده‌روازه‌یان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی و یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ توركیایه‌ و‌ بریتین له‌ مه‌رزه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ و په‌روێزخان له‌گه‌ڵ ئێران و ئیبراهیم خه‌لیل له‌گه‌ڵ توركیا. 
جگه‌ له‌ مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ كاڵا و شمه‌كی لێوه‌ هاورده‌ و هه‌نارده‌ ئه‌كرێت پێنج مه‌رزی دیكه‌مان هه‌یه‌ له‌ نێوان نێوده‌وڵه‌تی و لاوه‌كین، واتا فه‌رمین و كاڵا و شمه‌كیان‌ لێوه‌ هاورده‌ و هه‌نارده‌ ئه‌كرێت، ئه‌وانیش مه‌رزه‌كانی سه‌یران به‌ن له‌ پێنجوێن، كێلێ له‌ قه‌ڵادزی، سه‌رته‌ك له‌ گه‌رمیان، شوشمێ له‌ هه‌ورامان، سه‌ردێر له‌ زاخۆ. جگه‌ له‌ مانه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رزی لاوه‌كیمان هه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 40 مه‌رزه‌، ئه‌م مه‌رزانه‌ به‌ شێوازی قاچاغ كاڵا و شمه‌كی لێوه‌ ئه‌هێندرێت و هه‌نارده‌ و هاورده‌ ئه‌كرێت بۆ وڵاته‌كانی ده‌وروبه‌ر به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. ئه‌م مه‌رزانه‌ له‌ 26ی ئه‌یلول،‌ رۆژێك دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به‌ فه‌رمی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه ده‌روازه‌ لاوه‌كییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داخران.
به‌ڵام هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور ئلتیزامیان نه‌كرد به‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی عێراقی هه‌تا مانگی شوبات، له‌ كۆتایی مانگی شوبات به‌ فه‌رمی حكومه‌تی عێراق برووسكه‌ی كرد بۆ هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور كه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێر هه‌موو ئه‌و ده‌روازه‌ لاوه‌كیانه‌ دابخرێن. ‌بۆیه‌ پاسه‌وانانی سنوور راسته‌وخۆ بڕیاره‌كه‌یان جێبه‌جێ كرد و مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخران.


دره‌و میدیا: كاریگه‌ری داخستنی ئه‌م مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ له‌سه‌ر هێزی كار و ریژه‌ی بێ كاری چه‌ند بووه‌؟
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: داخستنی ئه‌م مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ بۆته‌ هۆكارێكی به‌هێز بۆ زۆربوونی رێژه‌ی بێ كاری، ئه‌توانم بڵێم 40 بۆ 50 هه‌زار هاوڵاتی به‌ شێوازێكی گشتی بێ كار بوون له‌ كاری مه‌رزه‌كان له‌و هاووڵاتیانه‌ی كاری حه‌مباڵی و شوفێری و چایخانه‌ و خواردنگه‌یان هه‌یه‌.
بۆ نموونه‌ له‌ شوێنێكی وه‌ك قه‌زای پێنجوێن كه‌ نزیكه‌ی 150 كیلۆمه‌تر هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێران نزیكه‌ی 9 مه‌رزی لاوه‌كی تیا بووه‌، له‌و ژماره‌ی مه‌رزانه‌ 2500 بۆ 3000 هاووڵاتی له‌و سنووره‌ پێوه‌ی سه‌رقاڵ بووه‌، به‌هۆی داخستنیشیانه‌وه‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ بێ كاربوون.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی :40 بۆ 50 هه‌زار هاوڵاتی به‌ شێوازێكی گشتی بێ كاربوون له‌ مه‌رزه‌كان 


دره‌و میدیا: له‌ رووی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌وه‌ داخستنی مه‌رزه‌كان چه‌ند كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بوودجه‌ی هه‌رێم هه‌بووه‌؟
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: له‌و كاته‌ی مه‌رزه‌كان داخراون زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ به‌ر داهاتی هه‌رێم كه‌وتووه‌ و داهاتی هه‌رێم كه‌می كردووه‌. بۆ نموونه‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ داهاتی له‌ مانگی یه‌ك و دوو 35 بۆ 36 ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ مانگی سێ و چوار كه‌ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخراون داهاته‌كان دابه‌زیونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ 20 ملیار دینار. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاڵا و شمه‌كانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان‌ به‌شێكیان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خاكی ئێران، كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌روازه‌ی باشماخ گومرگ ئه‌كرێن به‌ رێژه‌ی 5% تا 25% كه‌ دێت له‌ سلێمانیش به‌ فه‌رمی له‌ 1بۆ3% گومرگ ئه‌كرێت، دیسانه‌وه ‌جارێكی تر به‌شێك له‌م كاڵا و شمه‌كانه‌ له‌ رێی ده‌روازه‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌ به‌ كۆڵبه‌ر و ئاژه‌ڵ ئه‌م كاڵا و شمه‌كانه‌ ئه‌چنه‌وه‌‌ دیوی ئێران، ئه‌مه‌ ئێستا وه‌ستاوه‌.
ئه‌توانین بڵێن داخستنی ئه‌و ده‌روازه‌ لاوه‌كیانه‌ ته‌نیا له‌ مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو باشماخ ئه‌وه‌ ده‌ر ئه‌خات له‌ ماوه‌ی دوو مانگ داهاتی هه‌رێم 30 ملیار دینار كه‌می كردووه‌.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: ته‌نیا له‌ مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو باشماخ له‌ ماوه‌ی دوو مانگ داهاتی هه‌رێم 30 ملیار دینار كه‌می كردووه


دره‌وه‌ میدیا: داخستنی مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان چه‌ند كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شمه‌ك هه‌یه‌، كه‌ له‌ رێگای باجه‌وه‌ زیاد ده‌بێت؟
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ مانگی ره‌مه‌زان كاریگه‌ری زۆرتر بوو، چونكه‌ پێداویستییه‌كان زیاتر بوون و باج و رسومات له‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێت به‌مه‌ش نرخ به‌رزتر ئه‌بێته‌وه‌.
به‌ڵام مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان نه‌ك ئێستا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ به‌ فه‌رمی ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داخران ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ نه‌بوونایه‌ و كاڵا و شمه‌ك له‌وێوه‌ نه‌هاتایه‌ته‌ هه‌رێم نرخی شمه‌ك له‌و چه‌ند مانگه‌ی داخستنی ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رز ده‌بوونه‌وه‌ و گرانی له‌ هه‌رێم سه‌ری هه‌ڵده‌دا.

دره‌و میدیا: چ هه‌نگاوێكی نوێ له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق‌ هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان و مه‌رزه‌ نیمچه‌ فه‌رمییه‌كان؟ 
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ی له‌ نێوان نێوده‌وڵه‌تی و لاوه‌كی دان، ئه‌مانه‌ ده‌سته‌یه‌ك یاخود لیژنه‌یه‌ك له‌ ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ هاتبوو و سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و ده‌روازانه‌یان كردووه‌، وه‌كو سه‌یران به‌ن و كێلێ و سه‌رته‌ك و شوشمێ و سه‌ردێر. لیژنه‌كان راپۆرتی ته‌واوی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رزانه‌ نووسیوه‌ كه‌ تاچه‌ند شیاون بۆئه‌وه‌ی بكرێن به‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی و راپۆرتیان داوه‌ته‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، بۆیه‌ مه‌رزی پشته‌ كرایه‌وه‌. پێشتریش پارێزگاری سلێمانی سه‌ردانی به‌غدادی كردووه‌ و یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌كان كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ بووه.‌ بڕیاردراوه‌ 7 له‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ی كه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی هه‌ن بكرێنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ وه‌كو پێش پرۆسه‌ی ریفراندۆم كه‌ هه‌بووه‌ و خه‌ڵك كاریان تیادا كردووه‌ به‌رده‌وامبن‌.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ داهاتی له‌ مانگی یه‌ك و دوو 35 بۆ 36 ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ مانگی سێ و چوار كه‌ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخراون داهاته‌كان دابه‌زیونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ 20 ملیار دینار

دره‌و میدیا: رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ داخستنی ئه‌م مه‌رزانه‌ چ زیانێكی به‌رده‌كه‌وێ؟
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: له‌ داخستنی ئه‌م ده‌روازانه‌ جگه‌ له‌ زۆربوونی رێژه‌ی بێ كاری له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ویش ناڕه‌زایی ئیجگار گه‌وره‌ی دروست كردووه‌ و به‌و هۆكاره‌ ناڕه‌زایی و مانگرتن گیراوه‌ته‌ به‌ر، بۆیه‌ ئێرانیش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ زیانه‌كانی داخستنی ئه‌و مه‌رزانه‌ چین و ئه‌ویش له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن دایه‌.     
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand