نەخشەی سوننە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان
2023-11-09 09:16:09
(درەو):
سوننەكان لە (9) هاوپەیمانێتی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن، (5) لەم هاوپەیمانێتییانە لە كەركوك دەچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، تەنیا حەلبوسی خۆی (5) هاوپەیمانێتی دروستكردووە، خەمیس خەنجەریش ئیدارەی (3) هاوپەیمانێتی دەدات.
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، سوننەكان بە ژمارەیەك لیست بەشداری دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەڵبژاردنەكە بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ 1.7 بەڕێوەدەچێت، سیستەمێك كە زیاتر چانسی بردنەوە بە هاوپەیمانێتییە گەورەكان دەبەخشێت.
دیارترین هاوپەیمانێتییەكانی سوننە بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەمانەن:
یەكەم: هاوپەیمانێتییەكانی حەلبوسی
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە (5) هاوپەیمانێتی جیاواز بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا دەكات، هەندێك لە هاوپەیمانێتییەكان بەڕوونو راشكاوی سەربە حەلبوسی، هەندێكی تریان ئەو كەسانە سەرۆكایەتییان دەكەن كە لە حەلبوسییەوە نزیكن، هاوپەیمانێتییەكانی حەلبوسی ئەمانەن:
- هاوپەیمانی "تەقەدومی نیشتمانی" كە حەلبوسی خۆی سەرۆكایەتی دەكاتو لە پێنج پارێزگا دەچێنە ناو هەڵبژاردنەكەوە (بەغداد- ئەنبار- سەلاحەدین-نەینەواو- دیالە)، هاوپەیمانێتییەكە ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت:
• (حزبی تەقەدوم)
• (پرۆژەی نیشتمانی عێراق) كە جەمال زاڕی سەرۆكایەتی دەكات
• حزبی (خیاری عەرەبی) بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم عەبتان
• حزبی (حەقی نیشتمانی) بە سەرۆكایەتی ئەحمەد مەساری
• حزبی (البواسل الوطني) بە سەركایەتی محەمەد قوتەیبە
- هاوپەیمانی (قمم) بە سەرۆكایەتی خالید بەتال وەزیری پیشەسازی، ئەم هاوپەیمانێتییە كۆمەڵێك حزبی بچوك لەخۆدەگرێت كە زۆرینەیان حزبی سێبەر یان كارتۆنین، هاوپەیمانێتییەكە لە هەردوو پارێزگای (ئەنبار-سەلاحەدین) دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە.
- هاوپەیمانێتی (ئەنبار ناسنامەمانە)، ئەم هاوپەیمانێتییە عەلی فەرحان پارێزگاری ئەنبار سەرۆكایەتی دەكات، ئەم هاوپەیمانێتییە چوار حزب لەخۆدەگرێت كە بریتین لە (صحوە العراق- تجمع التعاون- تجمع نهضە جیل- مشروع الإرادە الشعبیە)، ئەم هاوپەیمانێتییە بەتەنیا لە پارێزگای ئەنبار دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.
- هاوپەیمانێتی (القیادە) بە سەرۆكایەتی محەمەد تەمیم كە هەریەكە لە هاوپەیمانێتی (تەقەدوم)ی محەمەد حەلبوسیو (سیادە)ی خەمیس خەنجەر لەخۆدەگرێت، ئەم هاوپەیمانێتییە لە كەركوكو بەسرەو واستو بابل دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.
- هاوپەیمانی (خێمەی واست) بە سەرۆكایەتی عەدنان جحێشی كە هەردوو حزبی (التطور العراقی- سور الوطن) لەخۆدەگرێتو لە پارێزگای واست بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكات.
دووەم: هاوپەیمانێتییەكانی خەمیس خەنجەر
خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی (سیادە) بە سێ هاوپەیمانێتی دەچێتە ناو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، كە ئەمانەن:
- حزبی (سیادە) كە خەمیس خەنجەر خۆی سەرۆكایەتی دەكات لە پارێزگاكانی (بەغداد- ئەنبار- سەلاحەدین- نەینەوا- دیالە) بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
- هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك بە سەرۆكایەتی (راكان جبوری) پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، ئەم هاوپەیمانێتییە هەریەكە لە (پرۆژەی عەرەبی) كە سەربە خەمیس خەنجەرە لەگەڵ (كەرامە)و (یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان) لەخۆدەگرێتو لە پارێزگای كەركوك دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.
- هاوپەیمانی (قیادە) كە محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكاتو هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)و (سیادە) لەخۆدەگرێتو لە پارێزگاكانی كەركوكو بەسرەو واستو بابل بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
سێیەم: هاوپەیمانی حەسم
ئەم هاوپەیمانێتییە سابت عەباسی وەزیری بەرگری عێراق سەرۆكایەتی دەكاتو لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات (هەڵبژاردنەكە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە)، هاوپەیمانێتییەكە ئەم حزبانە لەخۆدەگرێت (الحل- متحدون- صدی المواطن- حركە العدل- تجمع تنمیە- الانتماء الوطنی- حركە حسم للإصلاح- المجد- الكتلە العراقیە الحرة).
چوارەم: هاوپەیمانی عەزم
هاوپەیمانی (عەزم) كە موسەننا سامەڕائی سەرۆكایەتی دەكات ئەم حزبانە لەخۆدەگرێت (العزم- التصدی- الجماهیر الوطنیة- الوحدە العراقیة- التجمع من أجل الدیمقراطیة)، ئەم هاوپەیمانێتییە لە هەموو پارێزگا سوننەنشینەكان بەشداری هەڵبژاردن دەكاتو لە پارێزگای كەركوكیش لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (عروبە)دا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە.