جارێكی تر وەزیری دەرەوەی توركیا باسی پەكەكە و یەكێتی و گۆڕان دەكات
2018-07-06 14:19:37
( درەو میدیا):
مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمڕۆ هەینی شەشی تەمموز لەگەڵ سەرنوسەرانی ئاژانسی ئەنادۆڵ باسی لە ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی پەكەكە و یەكێتی و گۆڕان و رەوشی عێراق كرد.
چاوشۆغڵۆ تیشكی خستەسەر ئەوەی پێشبینییەكانی توركیا بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە، وەدیهاتوون و جەختی لەوەكردەوە ئەمڕۆ دەردەكەوێت كە هۆشدارییەكانیان لەوبارەیەوە لەجێگەی خۆیدا بووە و وتی: "هەوڵماندا بۆیان روون بكەینەوە كە ریفراندۆم كارێكی زۆر هەڵەیە".
وەزیری دەرەوەی توركیا وتیشی هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای ریفراندۆمەكە پیلانیان لەدژی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەسعود بارزانی گێڕاوە و ئێستا ئەو دوو حزبە باجی ئەو رێككەوتنە دەدەن.
ئۆغڵو ئاشكراشیكرد لەگەڵ یەكێك لە بەرپرسەكانی یەكێتی كۆبوەتەوە پێی راگەیاندووە كە پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" لە ناو یەكێتیدا خاوەنی هەژمون و بڕیارە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند ناتۆ پرۆگرامێكی مەشقكردنی بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەیە و توركیا رۆڵێكی كارای تێدادەبێت.
راشیگەیاند دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەگەڵ عێراقدا هەنگاوی هاوبەش دەنبێن بۆ پاككردنەوەی خاكی عێراق لە پەكەكە و ئاماژەیبەوەشدا وڵاتەكەی دەیەوتێت باشترین پەیوەندی لەگەڵ عێراق هەبێت و لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا چەند هەنگاوێك لە بواری بازرگانیدا دەنێن و یەكێكیان كردنەوەی دەروازەی سنوریی " ئوفا كۆی" یە لەگەڵ عێراقدا.