سامان و موڵك و ماڵی ئەردۆغان بڵاوكرایەوە
2018-07-06 13:52:11
( درەو میدیا):
رۆژنامەی فەرمیی توركیا رۆژی پێنجشەممە جگە لە ئەنجامی رەسمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی توركیا، سامان و موڵك و ماڵی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بڵاوكردەوە كە هەفتەی داهاتوو خولێكی نوێی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە سایەی سیستمی سەرۆكایەتیدا دەستپێدەكات.
بە گوێرەی رۆژنامەكە ئەردۆغان خاوەنی 6 ملیۆن و 347 هەزار لیرەی توركییە ( ملیۆنێك و 300 هەزار دۆلار)ەو لە سێ بانكدا دانراون.
هەروەها ئەردۆغان خاوەنی دوو دۆنم زەوییە لە ویلایەتی ریزە كە بەهاكەی دەگاتە 10 هەزار لیرەی توركی ( 2600 دۆلار ) و خانویەكیشی لە شارۆچكەی " ئۆسكودار"ی سەر بە ئیستانبوڵ هەیە بەبەهای 4 ملیۆن لیرە ( ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلار).
رۆژنامەی فەرمیی توركیا رونیشیكردەوەتەوە كە ئەردۆغان ئۆتۆمبیلێكی جۆری ئاودی " Audi A8 " هەیە كە بەهاكەی 234 هەزار لیرەی توركییە ( 50 هەزار دۆلار)
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیایە و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 24ی حوزەیراندا 52%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و بۆ خولێكی پێنج ساڵەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا.