"داوای كۆبوونەوە لەگەڵ بارزانی دەكەن و بارزانیش مەكتەبی سیاسی راسپاردووە"
2023-10-28 19:37:07
درەو:
مەسعود بارزانی مەكتەبی سیاسی راسپاردووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سەرجەم حزبەكان ئاسایی بكەنەوەو لەبری خۆی مەكتەبی سیاسی راسپاردووە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆببێتەوە، كەیسێكی ئەمنی نایەڵێت گریكوێرەی پەیوەندییەكانی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئاسایی ببێتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە"كۆبوونەوە بڕیاریدا، وەكو هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەهێزتركردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان و لێكتێگەیشتن و هاوكاری، پارتیمان بەردەوام بێت لە دیدار و گفتوگۆكردن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت و ئەوانەشی كە بەشدارنین، هەروەها بەهێز خستنی خاڵە هاوبەشەكان و ئیدارەدانی ئەو جیاوازیانەی كە لەگەڵ پرنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان، ناكۆك نین"
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێـتی نیشتمانی كوردستان داوای كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی كردووە لەسەر ئاستی باڵاو كەسی یەكەم، واتا كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، بەڵام بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا بەروونی رایگەیاندووە، كە ناتوانێت لەگەڵیان كۆببێتەوەو مەكتەبی سیاسی پارتی راسپاردووە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی تر، بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەبێت پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم حزبەكان ئاسایی بكاتەوە، بۆ ئەو حزبانەش كە مەقیفی نانیشتیمانیان هەیە، پارتی وەك خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.
چەند جارێكە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی داوای كۆبوونەوە دەكات لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، بەڵام بارزانی كۆبوونەوە رەت دەكاتەوە، بەپێی بەدواداچوون و ئەو زانیاریانەی دەست (درەو) كەوتووە، جەوهەری كێشەكە ئەوەیە، بارزانی نیگەرانە لە بافڵ تاڵەبانی كەیسێكی ئەمنی هەیە لە نێوانیان كە پەیوەندی بە هەوڵی تیرۆركردنی كوڕێكی مەسعود بارزانیەوە هەیە، بافڵ تاڵەبانی رەتی دەكاتەوە كە ئەوان ئاگاداری ئەو كەیسە بن و بارزانیش دەڵێت كارەكتەرێكی ناو یەكێتی تێوەگلاوە لەو پرسەو بەڵگەی وێنەو دەنگ و نامەش هەیە كە لەبەردەستیدایە.