كۆبوونەوەیەك بۆ خستنەوەكاری بۆری نەوتی كەركوك - بانیاس
2023-10-27 09:00:28
درەو:
راپۆرتی: رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی
ئێران لەهەوڵی زیندوكردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق سوریا(كەركوك-بایناس)دایە, بەوەش دەبێتە دووەم دەستڕاگەیشتنی بە دەریای ناوەڕاست, ئەو هێڵە, خواستی لەمێژینەی ئێران بەدیدەهێنێت, بە دروستكردنی پردێكی وشكانی هەمیشەیی كە بیبەستێتەوە بە دەریای ناوەڕاست, ئەوەش وایلێدەكات بتوانێت بڕوانێت بەسەر ئیسرائیلداو پێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پتەوبكات.
بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی گەورە بەرپرسانی كۆمپانیای نەوتی باكوری عێراق داویانە, حكومەت ئامانجیەتی هێڵی بۆرییەكانی نەوتی عێراقی-سوری زیندوبكاتەوە, كە درێژییەكەی دەگاتە (825) كیلۆمەترو ناوچەی كەركوكی عێراقی دەبەستێتەوە بە بەندەری بانیاسی سوری, لەسەر دەریای ناوەڕاست.
بركان حەسن عەبدوڵا, بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باكور رایگەیاندووە: كۆبونەوەیەك ئەنجامدراوە لەبارەی دووبارە خستنەوەكاری هێڵی بۆرییەكان, تیادا ئاماژە بە كارەپێویستەكان و خشتە زەمنیەكان و تێچوی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی كراوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق, بە پێگەی ئۆیل پرایسی ئەمریكی راگەیاندووە: عێراقییەكان تەنها خۆیان نەبوون لە كۆبونەوەكان, بەڵكو ئێرانی و روسەكانیش ئامادەبوون.
بەوتەی سەرچاوەكە, پلانی سەرلەنوێ خستنەوەكاری ئەو هێڵە, لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (2017)وە داڕێژراوە, بە ئاشكرا قسەی لەبارەوە كراوە بەوپێیەی كە" هێڵی بۆرییەكانی ئێران-عێراق-سوریا"یە.
پلانەكە, خۆی لەراكێشانی بۆری لەكەركوكی عێراقەوە بۆ بانیاس لە سوریا لەڕێی حەدیسەوە دەبینێتەوە, بە توانای بەرهەمهێنانی سەرەتایی (300) هەزار بەرمیلی رۆژانە, بەشداری روسیاش پێشتر بڕیاری لێدراوە.
وێڕای بونی سەربازی بەهێز لە سوریا, ئێرانن پێیوایە سەرقاڵبونی جیهان بە پرسە نێودەوڵەتیە جیاوازەكانەوە, بە تایبەت جەنگ لە ئۆكرانیاوەو ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی غەزە, دەرفەتێكی گرنگە بۆ كرانەوەی بە ڕووی دەریای ناوەڕاست و بەدیهێنانی پرۆژەی "هیلالی شیعی", كە پێشتر شا عەبدوڵا پادشای ئوردن لەساڵی (2004) هۆشداری لەبارەوەدا, لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست.
دەكرێت بۆری كەركوك-بانیاس چارەسەرێكی زیادە بۆ ئێران بڕەخسێنێت, لەبارەی هەناردەی نەوت و خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا, بە تایبەت كە ئەو هێڵە بە ناوچەیەكی هاوپەیماندا دەڕوات, لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەكانی لە عێراق دەپارێزرێت, كە كۆنتڕۆڵی عێراقیان كردووە, تا دەگاتە سوریا, كە ئێران پێگەیەكی بەهێزی هەیە تیایدا.
سوریا كۆمەڵێك خەسڵەتی ستراتیجی هەیە, لەنێویاندا هێڵێكی كەناری درێژی هەیە لەسەر دەریای ناوەڕاست, دەكرێت لێوەی نەوت و غاز هەناردەبكات, هاوكات ناوەندێكی سەربازی گرنگیشە, بەهۆی بوونی بەندەری دەریایی سەرەكی لە تەرتوس و بنكەی ئاسمانی سەرەكی لە لازقیە.
شارەزایان دەڵێن, چانسی روسیا لەوەدایە, سوریا خاوەنی سەرچاوەیەكی گەورەی نەوت و غازەو دەكرێت كریملین بەرەوپێشیان بەرێت و بیانقۆزێتەوە, بۆ قەرەبووكردنەی بەشێك لە تێچوی جموجۆڵە جیۆسیاسیەكانی.
سایمۆن واتكینز, نوسەر لە پێگەی ئۆیل پرایس ئاماژە بەوەدەكات, هێڵی بۆرییەكانی نەوت و غاز كە لەئێرانەوە دەستپێدەكات و دواتر بە عێراقدا دەچێتە سوریا, بە نیسبەت هەریەك لە ئێران و روسیاوە دەبێتە خاڵی بەرامبەر هێڵی بۆری غازی عەرەبی, كە لە نزیك عەریشی میسرەوە دەستپێدەكات و درێژ دەبێتەوە بۆ ئوردون و سوریاو لوبنان, لەگەڵ وابەستونی بە ئیسرائیل.
سەرچاوە: رۆژنامەی (العرب)