Draw Media

عێراق لە رێگەی سوریاوە نەوتی كەركوك هەناردە دەكات

عێراق لە رێگەی سوریاوە نەوتی كەركوك هەناردە دەكات

2023-10-26 21:09:00



درەو:
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریداوە هێڵی نەوتی (كەركوك - بانیاسی سوریا) بخاتەوە گەڕو نەوتی كەركوك لە رێگەی سوریاوە بگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست، چاوەڕوان دەكرێت نەوتی هەرێمی كوردستانیش لەبری (توركیا- جەیهان) بە رێگای بۆڕی (كەركوك - بانیاس)دا هەناردە بكرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەستی كەوتووە، هەفتەی رابردوو لە وەزارەتی نەوتی عێراق گفتوگۆكراوە لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لە رێگای بانیاسی سوریاوە، وەزارەتی نەوتی عێراق تیمی هونەری راسپاردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی (كەركوك - بێجی - حەدیسە) كە نزیكەی (300) كیلۆمەتر دەبێت، لەناو خاكی سوریاش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی سوری دەكرێت بۆ نوژەنكردنەوەی بۆری نەوت كە بەهۆی شەڕو كێشە ناوخۆییەكانی سوریا لەكاركەوتووە.
بۆری نەوتی كەركوك - بانیاس لە ساڵی 1934 درووستكراوەو یەكەمجار بۆرییەكی (12) ئینجی بوو رۆژانە نزیكەی(85) هەزار بەرمیلی پێدا هەناردە دەكرا، لە ساڵی 1952 بۆرییەكی (16) ئینجی درووستكرا، دواتر لە كۆتایی شەستەكاندا دوو بۆری (30 و 32) ئینجی درووستكرا، بەڵام لە ساڵی 1982 حكومەتی عێراق  رەوانەكردنی نەوتی عێراقی لە رێگای سوریاوە راگرت بەبیانووی پشتیوانی سوریا لە  ئێران.
لە ئێستادا بۆری نەوتی (كەركوك - بانیاس) لە دیوی عێراق و سوریاشەوە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە بۆریەكە لەناو خاكی سوریا (850) كیلۆمەترەو بەتەواوی پێویستی بە نۆژەنكردن و درووستكردنی بۆرییەكی (42) ئینجی هەیە، كە دەبێت لەلایەنی سورییەوە درووست بكرێت، كە پێدەچێت كۆمپانیا روسیەكان درووستی بكەن.
لە دیوی عێراقەوە دوو بەشە، لە كەركوك بۆ بێجی كە نزیكەی (120) كیلۆمەترە بۆرییەكە كێشەی نیەو بۆریەكی (42) ئینجەو توانای رەوانەكردنی (600) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام لە بێجی بۆ حەدیسە كە نزیكەی (200) كیلۆمەترە بۆریەكی (30 و 32) ئینجی هەیە كە توانای رەوانەكردنی (150) هەزار بەرمیلی هەیەو پێویستی بە بۆرییەكی (40 بۆ 42) ئینجی هەیە كە توانای رەوانەكردنی (600) هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەبێت.
ساڵی 2007 عێراق و سوریا رێككەوتن بۆ درووستكردنەوەی هێڵی بۆری كەركوك - بانیاس و بڕیاربوو لەلایەن كۆمپانیایەكی سەربە كۆمپانیای گازپرۆمی روسیەوە درووست بكرێت بەڵام لە 2009 ئەو رێككەوتنە هەڵوەشایەوە بەهۆی گرانی تێچوون و كۆمەڵێك كێشەی ترەوە.
زیندووكردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی (كەركوك - بانیاس) دۆزینەوەی رێگایەكی بەدیلە بۆ بۆری (توركیا - جەیهان) بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بە تەواو بوونی ئەو هێڵە نەوتی هەرێمی كوردستانیش لەوێوە رەوانە بكرێت، پێشتر رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و (90) هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لە رێگای توركیاوە بۆ بەندەری جەیهان رەوانە دەكراو دەفرۆشرا، بەڵام لە 25ی ئازاری 2023ەوە رەوانەكردنی نەوت لەو هێڵەوە راگیراوە بەهۆی دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژێوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند عێراق و توركیا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەئێستادا تاكە كێشەی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تێچووی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكانە كە گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە، دوای رێككەوتنیش لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لە ماوەی ٣٠ رۆژدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand