Draw Media

كابینەكەی فوئاد مەعسوم موچەی چوار مانگی فەرمانبەرانی پێنەدرا

كابینەكەی فوئاد مەعسوم موچەی چوار مانگی فەرمانبەرانی پێنەدرا

2018-07-05 14:36:38


راپۆرت: محەمەد رەئوف
ئەمرۆ 26 ساڵ تێپەڕی بەسەر پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی لە هەرێمی كوردستان، حكومەتێك كە هێشتا دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و تەزووی كارەباو ئاوو خزمەتگوزاریە گشتیەكان، بەرۆكی بەرنەداوە.
رۆژی 19/5/ 1992 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەوكات پەرلەمانی كوردستان ناوی "ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بوو".

سەرەتای ئەزموونی فیفتی بە فیقتی
سێ رۆژ دوای هەڵبژاردن یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی (50+50)، یان ئەوەی ناوی لێنرا "فیفتی بە فیفتی".
رۆژی 22/5/1992 هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە شەقڵاوە كۆبوونەوە، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی بڕیاریاندا:
ئەنجو‌ومەنی نیشتیمانی پێكەوە لە نێوان هەردوولا بە یەكسانی پێكبێت، بەمشێوەیە:
•    سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی پارتی بێت و جێگرەكەی یەكێتی
•    سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن یەكێتی بێت و جێگرەكەی پارتی
•    ئەنجومەنی بەڕێوەبەردن بە یەكسانی دابەشبكرێت
•    دژی یەكتر هیچ جۆرە تەحالوفێك نەكەن

یەكەمین كۆبونەوە پەرلەمانی كوردستان
لە ماددەی (46)ی یاسای ژمارە (1)ی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستاندا هاتووە:" ئەنجو‌ومەن یەكەمین كۆبونەوەی خۆی لە سەعات 10ی دەیەمین رۆژی بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەبەستێت".
دوای رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی، لە كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی رۆژی 4/6/1992 پەرلەمانی كوردستان یەكەمین كۆبونەوەی خۆی سازكرد.
یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام (حەسەن كانەبی بڵباس) بەڕێوەچوو، كە كەسایەتییەكی بێلایەن بوو لە لیستی یەكێتیدا.
دانانی حەسەن كانەبی بڵباس وەكو سەرۆكی یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان بەپێی ماددەی (47)ی یاسای ژمارە یەكی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان بوو، كە دەڵێ" ئەنجومەن یەكەمین كۆبونەوەی خۆی بەسەرۆكایەتی پیرترین ئەندام دەبەستێت و ئەندامان ئەم سوێندە دەخۆن: سوێند دەخۆم بەخوای گەورە پارێزگاری بكەم لە یەكێتی خاكی كوردستانی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی". 
دواتر بەپێی ماددەی (48)ی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی، سەرۆك و جێگر و سكرتێری ئەنجو‌ومەنی نیشتیمانی هەڵبژێردران، هەروەك لە ماددەكەدا هاتووە" ئەنجومەن لە دانیشتنی یەكەمیدا بە رێگای دەنگدانی نهێنیی سەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێر بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێرێت".
ئەنجومەنی نیشتیمانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی سكرتێری سەرۆكی هەڵبژارد، بەمشێوەیە:  
•    جەوهەر نامیق سالم - سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی - پارتی دیموكراتی كوردستان
•    محەمەد تۆفیق رەحیم - جێگری سەرۆكی ئەنجومەن - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
•    فرسەت ئەحمەد عەبدوڵا - سكرتێری سەرۆكی ئەنجومەن - پارتی دیموكراتی كوردستان
دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پێكهێنانی پەرلەمانی كوردستان نزیكەی دوو هەفتەی خایاند، دانان و هەڵبژاردنی كاندیدەكان لە دەستی حیزبەكان خۆیاندا بوو.
لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان (105) كورسی بوو، كە بەمشێوەیە بەسەر حزبەكاندا دابەشبوو:
•    پارتی دیموكراتی كوردستان: (50) كورسی، یەكێكیان ئافرەت بوو، (10) ئەندامی حیزبی بوون و (40) كەسیان سەربەخۆ بوون
•    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: (50) كورسی، (4)كەسیان ئافرەت بوون، (27)یان ئەندامی حیزب بوون و (20)یشیان سەربەخۆ بوون، (3) كورسیش بۆ حیزبی زەحمەتكێشان تەرخانكرابوو
•    بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشووری: (4) كورسی
•    یەكێتی مەسیحییەكانی كوردستان: (1) كورسی

پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەت
لە دووەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، كە لە رۆژی 6/6/1992 بەسترا، ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەم كەسانەی راسپارد بە پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەت لە هەرێمی كوردستان:
•    فوئاد مەعسوم/ بۆ سەرۆكی حكومەت لە لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
•     رۆژ نوری شاوەیس/ لە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت

رۆژی  4/7/1992 یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، كە لە 16 وەزیر پێكهاتبوو بەمشێوەیە: 
•    پارتی دیموكراتی كوردستان: 6 وەزیر
•    یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 6 وەزیر
•    حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان: یەك وەزیر
•    حزبی شیوعی: یەك وەزیر
•    بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری: یەك وەزیر
•    یەك وەزیر بۆ كەسایەتییەكی سەربەخۆ
حیزبی (گەل) و (سۆسیالیست) كە پێش دروستبوونی كابینەی حكومەت یەكیانگرتبوو، (2) كورسی وەزارەتیان پێدرا، بەڵام نەیانویست، بەپێی زانیارییەكانی ئەوكات داوای (3) كورسیان كردووە، حیزبی گەل رایگەیاند، بەلای ئەوانەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ئەوەندە فێڵاوییە، كە ئەمان بەهیچ شێوەیەك نایانەوێت پەیوەندیان پێوە هەبێت. 

شۆڕكردنەوەی "فیفتی بە فیفتی" 
لەبەرئەوەی یەكێتی و پارتی رێككەوتبوون لەسەر دابەشكردنی سەرجەم پۆستەكان بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" بۆیە ئەو شێوازە دابەشكارییە تەنیا لە پۆستە باڵاكاندا نەمایەوە و شۆڕ بووەوە بۆ پۆستەكانی خوارەوەش.
یەكێتی و پارتی لە پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتدا، سەرباری ئەوەی پۆستەكانیان بەشێوەی (50+50) دابەشكرد، بۆ هەر وەزیرێكیش جێگرێكیان دانا، بەشێوەیەك ئەگەر وەزیرەكە یەكێتی بێت جێگرەكەی لە پارتی بێت، بە پێچەوانەشەوە.

فوئاد مەعسوم دەستیلەكاركێشایەوە
دوای كەمتر لە ساڵێك لە پێكهێنانی، یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی چەندین كێشەی كەڵەكەبووی ئابوریی و سیاسیی بو‌وەوە، هاوكات دەستوەردانی حیزبی فشاری گەورەی دروستكرد لەسەر كابینەی یەكەمی حكومەت، فۆئاد مەعسوم كە سەرۆكی حكومەتەكە بوو دەستی لەكاركێشایەوە.
فوئاد مەعسوم لە چاوپێكەوتنێكدا بەمشێوەیە باسی دەستلەكاركێشانەوەكەی دەكات:" پارتی منی بە نهێنگیریی تۆمەتبار دەكرد، تەنانەت یەكێتیش منی بەوە تۆمەتبار دەكرد، ئەوان ئاڕاستەی تەكنۆكراتی منیان بە دڵ نەبوو، وایان پێباش بوو لە پۆستەكەمدا زیاتر سیاسییانە مامەڵە بكەم". 
فوئاد مەعسوم باسلەوەدەكات" حكومەت لە سەرەتاوە یەك دیناری نەبووەو گومرگ و سەرچاوەی دارایی لای بەرەی كوردستانی بووەو دوای شەش مانگ ئینجا رادەستی حكومەتی هەرێمی كردووە، لەو كاتەدا ماوەی چوار مانگ موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان نەدرا".   

كابینەی دووەمی حكومەت
رۆژی 4/4/ 1993 كابینەی دووەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) و  (رۆژ نوری شاوەیس) جێگری سەرۆكی حكومەت، پێكهات.
لە كابینە نوێیەكەدا چەند وەزیرێكی نوێ دانران و هەندێك لە وەزیرەكانی كابینەی یەكەمیش لە كابینەی نوێدا مانەوە.
لە كابینەی یەكەمدا بودجەو موچە دیار نەبوو، سەرچاوەی دارایی بەشێكی لای حزبەكان بوو، بەشێكی دەگەیشتە دەستی حكومەت، بەڵام لە كابینەی دووەمدا بودجەی حكومەت زیادی كرد، بەشی زۆری ئەو داهات و سامانەی كە هاتوەتە خەزێنەی حكومەتەوە پشكی گەورەی بۆ حیزبەكان بووەو بەشێكی كەمی دراوەتە هاوڵاتیان.
بەپێی بەڵگەنامەی نەوشیروان مستەفا كە لەوتارێكدا بەناوی (حیزب و حوكم، ئەزمونی كوردستان) لە سایتی (سبەی)دا بڵاویكردوەتەوە:
•    لە مانگی 10ی 1994دا، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان (86 ملیۆن و 450 هەزار) دیناری سویسری بووە
•     هاوكات ئەو پارەیەی كە لەو كاتەدا دراوە بە یەكێتی و پارتی (80 ملیۆن ) دینار بووە، واتا نزیكەی نیوەی كۆی بودجەی حكومەت دراوە بە یەكێتی و پارتی.

  

سەرچاوە/
كتێبی هەڵبژاردن لە كوردستان 1992-2014 نوسنی محەمەد رەئوف

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand