ئێران: سوڵتانی دراوە زێڕەكان دەستگیركرا
2018-07-05 10:56:14
( درەو میدیا):
بە تۆمەتی یاریكردن بە ئابوریی وڵات، پۆلیسی ئێران كەسێكی دەستگیركرد كە دوو تۆن دراوی زێڕی كۆكردوەتەوە و بە " سوڵتانی دراوە زێڕەكان" ناودەبرێت.
لیوا حسێن رەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی تاران، ناوی ئەو كەسەی ئاشكرانەكرد و رایگەیاند تەمەنی 58 ساڵە و لەگەڵ چەند هاوكارێكیدا لە ماوەی 10 مانگدا نزیكەی 250 هەزار دراوی زێڕی كۆكردووەتەوە.
بەوتەی رەحیمی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسە گومانلێكراوەدا چوار مانگی خایاندووە و بۆیان سەلمێنراوە كە ئەو كەسە بە ئارەزووی خۆی یاری بە بازاڕ كردووە و نرخەكانی بەرز یان نزمكردوەتەوە.
ئەو بڕە دراوە زێڕەی ئەو كەسە كۆیكردووەتەوە لە یەدەگی چەند وڵاتێك تێپەڕدەبێت، بۆ نمونە لە گوێرەی داتاكانی ئەنجومەنی زێڕی جیهانی بۆ مانگی حوەزیران، یەدەگی یەمەن و ئەلبانیا و سلڤادۆر تەنها 1.6 تۆن زێڕە.
لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی سزاكان لە مانگی ئایاری رابردوودا، هاوڵاتیانی ئێران روویان لە كڕینی دراوی زێڕ كردووە و دراوی ئێرانیش بە شێوەیەكی بەرچاوە بەهای لەدەستداوە و قەیرانێكی ئابوریی ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە و لە چەند رۆژی رابردووشدا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بازاڕەكانی ئێرانی لێكەوتەوە.