د. نەرمین مەعروف: وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای سۆمۆ وتیان هەرێم پابەند بووە
2023-10-15 07:25:17
درەو:
د. نەرمین مەعروف رایدەگەیەنێت"وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای سۆمۆ رایانگەیاند هەرێمی كوردستان پابەند بووە بە رادەستكردنی نەوت كە لە ئێستادا (80) هەزار بەرمیل رادەست دەكات بەپێی خواستی ئێمە، بۆیە لەمەودوا بڕی (400) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لەناوخۆدا بەكار دەهێندرێت، (150) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی كار، (40)هەزار بەرمیل بۆ قەیوان، (90) هەزار بەرمیل بۆ لاناز، دووكان، ڤینۆس، (120) هەزار بەرمیل بۆ نوسەیەب، دۆرە، كەربەلا"
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆی (درەو) رایگەیاند: ئێمە لە رۆژی14/9/2023 لە لیژنەی دارایی بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق و بەرپرسانی كۆمپانیای سۆمۆمان كرد، ئەوان رایانگەیاند: كە هەرێمی كوردستان پابەندن بوون بە رادەستكردنی نەوتەوە، هەر بڕە نەوتێكی لێداوا بكرێت لە ئێستادا بە پێی خواستی حكومەتی عێراقی حكومەتی هەرێم ئامادەیە رادەستی بكات، بەڵام ئەوان رایانگەیاند ئێمە لە ئێستادا تەنیا (80) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێممان بەكار هێناوەو ئەمانەوێت و بەكاری دەهێنین بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان، چاوەڕوان دەكرێت تاوەكۆ 20/10 ئەو بڕە بەرزبكرێتەوە بۆ (120) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام بڕیاریانداوە (400) هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێمی كوردستان سەرجەمی بەم شێوەیە بەكاربهێنن:
* (150) هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەی (كار) و بەكارهێنانی بۆناوخۆ
* (120) هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەكانی (نوسەیب و كەربەلاو دۆرە)
* (40) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی قەیوان لە (بازیان) بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ
* (90) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەكانی (لاناز، دووكان، ڤینۆ)
واتا ئەگەر لەم قۆناغەدا نەوت هەناردەنەكرێت ئەوا بەم شێوەیە لەناوخۆدا (400) هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێم بەكار دەهێندرێتەوە.
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد" لە 25ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە 50 هەزارەوە دەستپێبكەین تا 140 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكەین، ئێمە لە 25ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنانو گواستنەوە هەر بەرمیلێك 6 دۆلار حساب دەكەین ، ئێمە بۆ وەبەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت پێویستمان بە 24 دۆلارەو بۆ گواستنەوەش پێویستمان بە (7 دۆلار)ە، واتا تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لە هەرێم (31 دۆلار)ەو بەو (6 دۆلار)ەی دیاریكراوە كۆمپانیاكانی هەرێم ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن".