Draw Media

حكومەتی هەرێم (4.5) ترلیۆن دیناری لە راگرتنی نەوت لەدەستداوە

حكومەتی هەرێم (4.5) ترلیۆن دیناری لە راگرتنی نەوت لەدەستداوە

2023-10-14 18:14:10



درەو:

لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ( 4 ترلیۆن و 515 ملیار) دیناری لەدەستداوەو كۆمپانیاكانیش ( 6 ترلیۆن)دینار، لە بەغداشەوە ( 2 ترلیۆن و 498 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆران هاتووە و بۆ كۆمپانیاكان هیچ بڕە پارەیەك خەرج نەكراوە.
بە پێی راگەیەندراوی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (apikur) لە ماوەی (200)رۆژی رابردوودا كە دەكاتە (شەش مانگ و 20 )رۆژ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق-توركیا راگیراوە و زیانی (7) ملیار دۆلاری بە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق و كۆمپانیاكانی ئەندامی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان گەیاندووە كە زیانەكە رۆژانە (35) ملیۆن دۆلارە.
لە ساڵی 2023دا تەنیا ماوەی نزیكەی سێ مانگ نەوت هەناردەكراوە لە 1/1/2023 تا 25/3/2023 كە دەكاتە (84) رۆژ نەوت فرۆشراوە، داهاتەكەی ( 2 ملیار و 199 ملیۆن) دۆلار بووە.
بەپێی راپۆرتی دیلۆیت داهات و فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 1/1/2023 بۆ 25/3/2023 بەم شێوەیە بووە:
•    كۆی فرۆشی نەوت: 36 ملیۆن و 723 هەزارو 475 بەرمیل
•    كۆی داهاتی نەوت: 2 ملیار و 199 ملیۆن و 684 هەزار دۆلار
•    داهاتی نەوت بۆ حكومەت: 946 ملیۆن و 497 هەزار دۆلار (43%)
•    خەرجی نەوت: ملیارێك و 253 ملیۆن و 187 هەزار دۆلار (57%)
واتا بە پێی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت، داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان (43%)ی بۆ خەزێنەی حكومەت و (57%) بۆ خەرجی گشتی كۆمپانیاكانە، واتا لەو (7) ملیار دۆلارەی زیانی (200) رۆژی راگرتنی نەوتی هەرێم (3 ملیار و 10 ملیۆن) دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمایەوە كە دەیكردە ( 4 ترلیۆن و 515 ملیار) دینار بەرێژەی (43%)، لەو (7) ملیار دۆلارە، (3 ملیارو 990 ملیۆن) دۆلارە كە دەكاتە (5 ترلیۆن و 985 ملیار) دینارە، بەرێژەی (57%).
لە كاتێكدا بەغداد لەو ماوەیەی كە نەوتی هەرێم راگیراوە لە 25ی ئازارەوە بڕی ( 2ترلیۆن و 498 ملیار) دینار پارەی بۆ هەرێم ناردووە، لە 25ی ئازارەوە كە نەوتی هەرێم وەستاوە لە بەغدادەوە بە سێ جار بڕٍی (400) ملیار دینار بۆ هەرێم نێردراوە كە دەكاتە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار، رۆژی 2ی ئابی 2023 لە بەغدادەوە بڕی (598) ملیار دینار بۆ موچەی موچەخۆران گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2023 بڕٍی (700) ملیار دینار وەك قەرز بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بەغدادەوە بۆ هەرێم نێردراوە، كۆی گشتی ئەو پارەیەی لە دوای راوەستانی نەوتەوە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان ( 2 ترلیۆن و 498 ملیار) دینار.
واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم تا ئێستا خۆی نەوتی بفرۆشتایە بەپێی راگەیەندراوی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان ئەوا ( 4 ترلیۆن و 515 ملیار)دیناری دەستدەكەوت، بەڵام لە بەغدادەوە ( 2 ترلیۆن و 498 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆران هاتووە، لە چوارچێوەی قەرزدا واتا (2 ترلیۆن و 17 ملیار) دینار كەمتر بەرێژەی (45%) كەمتر.
لە كاتێكدا لە ماوەی ئەو (200) رۆژەدا لە بەغداوە هیچ بڕە پارەیەك بۆ نەوت خەرج نەكراوە، كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد" لە 25ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە 50 هەزارەوە دەستپێبكەین تا 140 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكەین، ئێمە لە 25ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوە هەر بەرمیلێك 6 دۆلار حساب دەكەین ، ئێمە بۆ وەبەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت پێویستمان بە 24 دۆلارە‌و بۆ گواستنەوەش پێویستمان بە (7 دۆلار)ە، واتا تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لە هەرێم (31 دۆلار)ە‌و بەو (6 دۆلار)ەی دیاریكراوە كۆمپانیاكانی هەرێم ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن".   
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand