دەنگەكان چۆن ئەژمار دەكرێت ؟
2023-10-13 18:33:00
(درەو):
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق میكانیزمێكی نوێی ژماردنی دەنگەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرد، بەپێی ئەم میكانیزمە، هاوكات لەگەڵ ژماردنی ئەلیكترۆنی، بەشێوەی (دەستیی) دەنگەكان لەناو وێستگەكاندا ئەژمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر ژماردنی ئەلیكترۆنی بەرێژەی 5% لە ژماردنی دەستیی جیاواز بێت، ئەوكاتە پشت بە ژماردنی دەستیی دەبەسترێت، ئەگەر جیاوازییەكە لەرێژەی 5% زیاتر بێت، دەنگی وێستگەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری وردبینی لەناو پارێزگاكەدا، واتا كۆمسیۆن تا رێژەی 5% دەرگای بەڕووی گومانەكانی هەڵبژاردن خستوەتە سەر پشت.
گۆڕانكاری دوای ناڕەزایەتیی!
دوای ئەو ناڕەزایەتییەی دژی نوسراوەكەی رۆژی 5ی مانگی رابردووی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دروستبوو، كۆمسیۆنی بڕیاریدا گۆڕانكاری لە میكانیزمی ژماردنی دەنگەكاندا بكات بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
رۆژی 5ی ئەیلولی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەرێگەی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی خۆیەوە، بە نوسراوێك رێنمایی تایبەت بە (دەنگدانو جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان)ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەوانەی ئۆفێسەكانی كۆمسیۆن كرد لە هەرێمی كوردستان، تێیدا ئاگاداریكردن لەوەی (بۆ جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان پشت بە ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان دەبەسترێت)، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دروستكرد، بەتایبەتیش كە جیاكرنەوەو ژماردنی دەنگەكان یەكێك لەو قۆناغە هەستیارانەی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە عێراقو هەرێمی كوردستان كە بەردەوام كێشەی بەدوای خۆیدا دەهێنێتو بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 2021دا كەوتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی، پەرلەمانی عێراقی پابەند كرد بەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشێوەیەك هەموار بكاتەوە كە ژماردنی دەنگەكان تێیدا بەشێوەی دەستیی بێت، نەك ئەلیكترۆنی، پەرلەمانی عێراق كە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانو ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەموار كردەوە لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەدا، لەپاڵ بەكارهێنانی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكاندا، ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی جێگیركرد.
ژماردنی دەنگەكان چۆن دەبێت ؟
بەپێی نوسراوێك كە رۆژی 12ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەریكردووە، شێوازی جیاكردنەوەو ئەژماری دەنگەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەمشێوەیەی لێهاتووە:
قۆناغی یەكەم:
• بۆ جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان پشت بە ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان دەبەسترێت.
• سەرجەم تۆمارەكانی دەنگدان (بە ژمارەی نهێنی كارتەكانی دەنگدان/ QR) لە ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنییەوە بۆ ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان لەرێگەی كێبڵێكەوە كە هەردوو ئامێرەكە بەیەكترییەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بۆ بەراوردكردنی كارتی دەنگدانی ناو سندوقەكان لەگەڵ تۆماری ناو ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی.
• لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، پرۆسەی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی لەناو وێستگەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت لەرێگەی ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان كە بەستراوە لە سندوقی دەنگدان.
• تۆماری ئەنجامی هەڵبژاردن لەناو میمۆری ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنیدا هەڵدەگیرێت.
• لەرێگەی (V.SAT)ەوە ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەنگدان رەوانەی سەنتەری بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت.
• راپۆرتی كاغەزیی ورد لەبارەی ئەنجامی دەنگدان لە وێستگەكان دەردەكرێتو كۆپییەكی دەدرێت بە بریكاری هەموو حزبو لیستەكانو كاندیدەكان.
قۆناغی دووەم:
• دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەم (قۆناغی جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنی)، لەسەرجەم وێستگەكانی دەنگدانو لەناو وێستگەكاندا جیاكردنەوەو ژماردنی دەستیی بۆ دەنگەكان دەكرێت بەمەبەستی بەراوردكردنی ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنیو ژماردنی دەستیی.
• ئەگەر هاتوو ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنیو ژماردنی دەستیی بەتەواوەتیی هاوتا بوو، ئەوكاتە پشت بە ئەنجامی جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنی دەبەسترێت.
• ئەگەر هاتوو ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنیو ژماردنی دەستیی لە هەمان وێستگەی دەنگدان بەرێژەی كەمتر لە 5%ی كارتە دروستەكانی ناو سندوقەكە هاوتا نەبوو، ئەوا لەو وێستگەیە پشت بە ژماردنی دەستیی دەنگەكان دەبەسترێت.
• ئەگەر هاتوو ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنیو ژماردنی دەستیی بەرێژەی 5%و زیاتر هاوتا نەبوو، ئەوا دەنگی وێستگەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری وردبینی ناوەندیی لە پارێزگاكەدا بەمەبەستی وردبینیو دووبارە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانو كۆمسیۆن پشت دەبەستێت بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە ناوەندی وردبینی.
• ئەگەر هاتوو دوای (6) كاتژمێر لە كۆتایهاتنی وادەی دەنگدان، ئەنجامەكان لەلایەن ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكانەوە بە رێگەی (V.SAT) رەوانەی سەنتەری بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن نەكرا، ئەو سندوقانە رەوانەی سەنتەری وردبینی ناوەندیی دەكرێت لە پارێزگاكەدا بەمەبەستی وردبینیكردن لە وێستگەكەو دووبارە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان، ئیتر لێرەدا كۆمسیۆن پشت بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەبەستێت.
• ریزبەندی ژمارەی كارتە پوچەڵەكانی دەنگدان لە ئامێری ژماردنی ئەلیكترۆنی بەراورد دەكرێت لەگەڵ كارتە پوچەڵەكانی ناو سندوقەكەدا، ئەگەر بەرێژەی 0,3%و زیاتر جیاوازی هەبوو لە ژمارەی كارتە بەتاڵەكانو راپۆرتی ئامێری ئەلیكترۆنی، وێستگەكە رەوانەی سەنتەری وردبینی ناوەندیی دەكرێت لە پارێزگاكەو لەوێ كارتە پوچەڵكراوەكانی ناو سندوقەكە بەراورد دەكرێت لەگەڵ كۆپی كارتی دەنگدان كە لە میمۆری ئامێری ژماردنی ئەلیكترۆنیدا وێنەی گیراوەو پارێزراوە، لەكۆتایدا پشت بە وێنە ئەلیكترۆنییەكە دەبەسترێت.