داهاتی ناوخۆیی لێگراوەکانی نەوت و گازی سروشتی لە عێراق
2023-10-12 10:28:43
شیكاری: درەو
🔻 پاڵپشت بە ڕاپۆرتی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
🔹 ئاستی بەرهەمهێنانی (بەنزین) بەردەوام رووی لە هەڵکشان بووە، لە ساڵی (2018)دا توانراوە رۆژانە (13 هەزار و 341) مەتر سێجا بەرهەم بهێنرێت، بەڵام لە ساڵی (2022) ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین بە تێکڕا گەیشتووە بە (15 هەزار و 848) مەتر سێجا لە رۆژێکدا. ئەم جۆرە لە هەڵکشانە لە بەرهەمهێنانی لێوەرگیراوەکانی نەوت و گازی سروشتی وەک؛ (زەیتی گازی، زەیتی گازی قورس، زەیتی سوتەمەنی، قیر) رویداوە.
🔹 داهاتی گشتی سەرجەم بەرهەم و لێوەرگیراوەکانی نەوتی خاو و گازی سروشتی (بەنزین، نەوتی سپی، جۆرەکانی زەیت، سوتەمەنی فرۆکە، قیر، نەفتا و دیزڵ ...هتد) و فرۆشتنی لە بازاڕی ناوخۆدا لە ساڵی (2018)دا لە (11 ترلیۆن و 169 ملیارو 120 ملیۆن و 601 هەزار و 283) دینارەوە، بەرزبووەتەوە بۆ (13 ترلیۆن و 315 ملیارو 93 ملیۆن و 851 هەزار و 694) دینار لە ساڵی (2022)، بەم پێیەش (19%) و بڕی (2 ترلیۆن و 145 ملیارو 973 ملیۆن و 250 هەزار و 411) دینار داهاتی داهاتی گشتی سەرجەم بەرهەم و لێوەرگیراوەکانی نەوتی خاو و گازی سروشتی زیادی کردووە.
یەکەم؛ قەبارەو بڕی بەرهەمە نەوتییەکانی بەرهەمهێنراو لە پاڵاوگەکە و وێستگە گازییەکانی عێراق
وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (1) دا رونکراوەتەوە، کە تێکڕای بەرهەمی پاڵاوگە نەوتییەکان و سەرجەم بەرهەم و لێوەرگیراوەکان (موشتەقات)ی نەوتی خاو نیشان دەدات لە ساڵانی (2018 - 2022)، ئاستی بەرهەمهێنانیش لەسەر هێڵێکی ڕاست بەردەوام نەبووە، بەڵکو بڕێک بەرزی و نزمی بەخۆوە بینیوە، سەرەڕای ناجێگیری قەبارەی بەرهەمی هەندێک لە لێگراوەکانی نەوتی خاو، بەڵام هەندێکیان بەردەوام رویان لە بەرزبوونەوە بووە.
بۆ نمونە ئاستی بەرهەمهێنانی (بەنزین) بەردەوام رووی لە هەڵکشان بووەو لە ساڵی (2018)دا توانراوە رۆژانە (13 هەزار و 341) مەتر سێجا بەرهەم بهێنرێت، بەڵام لە ساڵی (2022) ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین بە تێکڕا گەیشتووە بە (15 هەزار و 848) مەتر سێجا لە رۆژێکدا. ئەم جۆرە لە هەڵکشانە لە بەرهەمهێنانی لێوەرگیراوە نەوتییەکانی وەک؛ (زەیتی گازی، زەیتی گازی قورس، زەیتی سوتەمەنی، قیر) رویداوە.
ئەو داتایانەشی لە خشتەی ژمارە (2)دا رونکراوەتەوە، کە تێکڕای بەرهەمی وێستگە گازییەکان لە هەمان ماوەی (2018 - 2022) روندەکاتەوە، بەهەمان شێوەی پاڵاوگە نەوتییەکان هەست بە ناجێگری تێکڕای قەبارەی بەرهەمهێنان دەکرێت لە ماوەی (2018 - 2022)، بەڵام نەتوانراوە ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەی بەرچاو بەرز بکرێتەوە لە بەرهەمەکانی (گازی شل و بەنزینی ئاسایی)، تەنانەت قەبارەی بەرهەمهێنانی (کبریت) روی لە پاشەکشە کردووە لە وێستگە گازییەکان، بە جۆرێک لە ساڵی (2018)دا تێکڕای قەبارەی بەرهەمهێنانی کبریت (213) مەتر سێجا بووە لە رۆژێکدا، بەڵام لە ساڵی (2022)دا دابەزیوە بۆ تێکڕای (180) مەتر سێجا لە رۆژێکدا.
دووەم؛ ئەو داهاتانەی لە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە بەدەست هاتووە (2018-2022)
بەرزبوونەوەی تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنانی (بەنزین، زەیتی گازی، گازی شل، قیر) رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی هەبووە لەسەر قەبارەی داهاتی بەدەستهاتووەی بەرهەم و لێوەرگیراوەکانی نەوت و گاز، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (3) دا رونکراوەتەوە، کە بڕو قەبارەی داهاتی بەدەستهاتوو فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان نیشان دەدات لە بازاڕی ناوخۆدا (بە دیناری عێراقی).
وەک دەبینرێت داهاتی بەدەستهاتووی بەنزین لە ساڵی (2019) لە (3 ترلیۆن و 831 ملیارو 189 ملیۆن و 901 هەزار و 182) دینارەوە، بەرزبووەتەوە بۆ (5 ترلیۆن و 104 ملیارو 147 ملیۆن و 516 هەزار و 378) دینار لە ساڵی (2022)، بەم پێیەش (33%) و بڕی (ترلیۆنێک و 272 ملیارو 957 ملیۆن و 615 هەزار و196) دینار داهاتی بەنزین زیادی کردووە.
هاوکات لە ڕێگەی فرۆشتنی (گازی شل)ەوە لە ساڵی (2019) بڕی (711 ملیارو 645 ملیۆن و 33 هەزار و 148) دینار بەدەستهاتووە، لە کاتێکدا داهاتی گازی شل لە ساڵی (2022)دا گەیشتووە بە (801 ملیارو 613 ملیۆن و 266 هەزار و 146) دینار، بەم پێیەش (13%) و بڕی (89 ملیارو 968 ملیۆن و 232 هەزار و998) دینار داهاتی گازی شل زیادی کردووە.
هەرچی پەیوەندی بە داهاتی بەرهەمهێنانی قیرەوە هەیە لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (92 ملیارو 697 ملیۆن و 255 هەزار و600) دینار، لە کاتێکدا داهاتەکەی گەیشتووە بە (177 ملیارو 681 ملیۆن و 255 هەزار و554) دینار لە ساڵی (2022)دا، بەم پێیەش (92%) و بڕی (84 ملیارو 983 ملیۆن و 999 هەزار و954) دینار داهاتی قیر زیادی کردووە.
بەمانایەکی تر داهاتی گشتی سەرجەم بەرهەم و لێوەرگیراوەکانی نەوتی خاو و گازی سروشتی (بەنزین، نەوتی سپی، جۆرەکانی زەیت، سوتەمەنی فرۆکە، قیر، نەفتا و دیزڵ ...هتد) و فرۆشتنی لە بازاڕی ناوخۆدا لە ساڵی (2018)دا لە (11 ترلیۆن و 169 ملیارو 120 ملیۆن و 601 هەزار و 283) دینارەوە، بەرزبووەتەوە بۆ (13 ترلیۆن و 315 ملیارو 93 ملیۆن و 851 هەزار و 694) دینار لە ساڵی (2022)، بەم پێیەش (19%) و بڕی (2 ترلیۆن و 145 ملیارو 973 ملیۆن و 250 هەزار و 411) دینار داهاتی داهاتی گشتی سەرجەم بەرهەم و لێوەرگیراوەکانی نەوتی خاو و گازی سروشتی زیادی کردووە.
سەرچاوە :
د. عبد الله محسن جايد، كميات وايرادات الانتاج المحلي من المنتجات النفطية في المصافي ومجمعات الغاز للمدة (2018 - 2022)، دائرة البحوث والدراسات النيابية قسم بحوث الموازنة، أذار 2023، یوم النشر (22/9/2023) علی الموقع؛
https://bitly.ws/X9Vj