رەزوان فاید، ئەو دزەی كە پۆلیسی فەرەنسای گیرۆدە كردووە
2018-07-04 14:08:24
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
رەزوان فایدی بە رەگەز جەزائیری ئەو كەسەیە كە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و پۆلیسی ئەو وڵاتەی گیرۆدە كردووە، دوای ئەوەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو بۆ دووەمجار لە ماوەی پێنج ساڵدا بە شێوازی پاڵەوانەكانی سینەمای هۆڵیود لە زیندان هەڵات.
رەزوان فایدی فەرەنسیی بە رەگەز جەزائیری كە تەمەنی 46 ساڵە، خۆی بە یەكێك لە بەناوبانگترین مافیاكانی فەرەنسا دەناسێنێت و مێژوویەكی دووردرێژی لە تاوان ودزی هەیە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسادا.
رەزوان فاید رۆژی یەكشەممەی رابردوو، بە هاوكاری چەند كەسێكی چەكدار توانی لە زیندانێكی باكوری پاریس بە هێلیكۆپتەرێك هەڵبێت و وەزارەتی دادی فەرەنساس دان بەوەدا دەنێت كە ئەو زیندانە كەموكوڕی تێدابووە و ئەوەش پرۆسەی هەڵاتنی رەزوان فایدی ئاسان كردووە.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا سێ هەزار پۆلیس و كارمەندی هەواڵگری بڵاوەپێكردووە بۆ دەستگیركردنەوەی، بەڵام هێشتا رەزوان بە زیندوویی لە نێو خاكی فەرەنسادایە، ئەوەش بەوتەی دەزگا هەواڵگرییەكانی فەرەنسا.
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی " نەهار"ی لوبنانی، رەزوان كە خاوەنی خەیاڵ و فانتازیایەكی كەموێنەیە، بەهۆی تێوەگلانی لە پرۆسەیەكی دزیكردنی شكستخواردوو ساڵی 2010 كە ئەفسەرێكی پۆلیسی فەرەنسای تێدا كوژران سزای 25 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە كە ئەوە یەكەمجار نەبوو رەزوان فاید لە زیندان هەڵبێت، بەڵكو لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا دوای راكردنی لە زیندان سێ ساڵی لە هاتن و چون لە نێوان سویسرا و ئیسرائیل بەسەربردووە بۆئەوەی نەكەوێتە دەست پۆلیس.
بەڵام هەڵاتنی رۆژی یەكشەممەی رەزووان لە زیندانێكی باكوری فەرەنسا، زۆر سەرنجڕاكێش و دراماتیكی بوون لە پرۆسەیەكی چەكداریی كە تەنها چەند خولەكێكی خایاند و بەبێ دەستگیركردنی هیچ بارمتەیەك و بێ كوژران و برینداربونی هیچ كەسێك، ژمارەیەك لە ئەندامانی گروپەكەی دەستدەگرن بەسەر هێلیكۆپتەرێكدا و لەناو گۆڕەپانی زیندانەكەدا دەنیشنەوە و رەزوان رزگاردەكەن، گۆڕەپانی زیندانەكە تاكە شوێنە كە بەهۆی ئەوەی بۆ پێشوازیكردن لە میوانە گەورەكان و كەسایەتییە رەسمییەكان تەرخانكراوە تۆڕی دژە تیرۆری تێدا دانەنراوە.
وادەردەكەوێت كە هاوكارەكانی رەزوان زۆر بەباشی شارەزای شوێنەكە بوون و لەكاتی گەیشتنیاندا دەستبەجێ بۆمبی دوكەڵیان فڕێداوەتە گۆڕەپانەكە و دەرگایەكی زیندانەكەیان كردوەتەوە و دوو دەرگای تریان شكاندووە و چونەتە ناو هۆڵی زیندانەكەوە لەوێ رەزوان و یەكێك لە براكانی چاوەڕوانیان بوون.
" دزە نوسەرەكە"
بە گوێرەی راپۆرتەكەی رۆژنامەی " نەهار" رەزوان فاید خاوەنی جەماوەر و رێزێكی زۆرە لە نێو تاوانباران و مافیاكاندا لە ناوچە میللییەكانی فەرەنسادا، هەتا لە نێو دزە پیشەگەرەكانیشدا و پیاوانی پۆلیس نازناوی " دزە نوسەرەكە" یان لێناوە بەهۆی ئەوەی ساڵی 2009 كتێبێكی نوسیوە و تێیدا باس لە ئەزمونی گەشەكردنی دەكات لە كۆڵانە پەراووێزخراو و میللیەكانی پاریسدا، كە تاوان و یاسای دارستان و دەسەڵاتی مافیاكان تێیاندا بڵاوە.
رەزوانی دز و تاوانباری نامۆ ناوبانگێكی بەرفراوانتری بەدەستهێنا، كاتێك لە شاشەی زۆربەی تەلەفزیۆنەكانی فەرەنساوە دەركەوت بۆ باسكردنی كتێبەكەی و ئەزمونی خۆی لە جیهانی تاوانكاریدا لە نێو پەراوێزخراوەكان و بێ سەرپەرشتانی پاریسدا.
رەزوان كە لە دایك و باوكێكی كۆچبەری جەزائیری لەدایكبووە و زۆر كاریگەرە بە سینەما، لە كتێبەكەیدا باس لەوەدەكات كە چۆن هاوشێوەی فیلمێكی سینەمایی دزی لە بانكێك كردووە و چۆن لەسەر شێوازی فیلمی " Reservoir dogs " دزی لە بارهەڵگرەكان كردووە.
لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكەیدا ئەو دزە شیك پۆشە بانگەشەی ئەوەیكرد كە چیتر ناگەڕێتەوە جیهانی مافیاكان و دزی و تاوان و جەختیشیكردەوە كە داوای لە لێبوردن ناكات لەو تاوانانەی كردونی چونكە ئەوەی رۆی رۆیشت، هەروەها وتیشی كە كارێكی لە بواری بازرگانیدا دەستكەوتووە و ژیانی بۆ كوڕەكەی تەرخاندەكات، بەڵام ئەو بە رێگایەكی زۆر قەناعەتپێكەرانە درۆی كرد، چونكە هەر لە هەمان ساڵدا و بەدیاریكراوی لە 20 ئایاری 2010دا لە ئوتۆسترادی خێرا خۆی و گروپەكەی دەسترێژی گوللەیان لە كاروانێكی هێزەكانی ئاسایشی فەرەنسا كرد و چەند كەسێكی مەدەنیان برینداركرد، لە نیسانی 2018شدا دادگای بەرایی لەسەر ئەو كردوەیە و هەوڵێكی دزی كە ئەفسەرێكی پۆلیسی تێدا كوژرا، رەوزانی تاوانبار كرد.
هەروەها ساڵی 2017ش دووجار سزای بەسەردا سەپاند، سزای 10 ساڵ زیندانیكردن بەهۆی هەڵاتنی لە زیندانی لیل لە ساڵی 2013 ەو سزای 18 ساڵ زیندانیكردن بەهۆی هێرشكردنەسەر بارهەڵگرێك لە بادو كالیە لە ساڵی 2011دا و ئەویش تانەی لە هەردوو بڕیارەكەی دادگا دا.
لە 13ی نیسانی 2013 رەزوان دوای لە نیو كاتژمێردا دوای گرتنی چوار پاسەوان و بەكارهێنانیان وەك قەڵغانی مرۆیی لە زیندانی لیل سكیدان هەڵات و پێنج دەرگای تەقاندەوە پێش ئەوەی بگگاتە ئۆتۆمبیلێك كە چاوەڕوانی دەكرد و هەڵاتنەكەی چەند هەفتەیەكی خایاند.
یەكێك لەو پاسەوانانەی كە لە نزیكەوە لە زینداندا رەزوانی ناسیوە دەڵێت لە یەكێك لە گۆشەكانی مێشكیدا رەزوان هەرگیز دەستبەرداری بیرۆكەی هەڵاتن بۆ جیهانی ئازادی و تاوان نەبووە، لە پشت رەفتارەكانی ئەم كەسەوە كە زۆر عاقڵ دەردەكەوێت، هەمیشە گەمە و پلانە جەهەننەمییەكان خۆیان حەشارداوە.
هەروەها یەكێك بە شارەزایانی پزیشكی دەروونیی فەرەنسا لە یەكێك لە دادگاییكردنەكانیی رەزواندا ساڵی 2016 وتی كە رەزوان " دڕەندەیەكی كۆمەڵایەتی" یە و سیفاتە كەسییەكان و سیحر زیرەكی و ئازایەتی و كاریگەریی بۆ كۆنترۆڵكردنی كەسانی تر بەكاردەهێنێت ئەوە دەستكەوتنی ئەوەی دەیەوێت و ئارەزووی دەكات.