Draw Media

هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی پارچە زەویەك خەت خەت دەكات بۆ دابەشكردن

هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی پارچە زەویەك خەت خەت دەكات بۆ دابەشكردن

2023-10-11 09:57:59



درەو:
هێزێكی ئەمنی لە گەرەكی قولەرەیسی سلێمانی پارچە زەویەكی (23) دۆنمی خەت خەت دەكەن كە پێشتر لەلایەن فەرماندەیی پێشمەرگەوە بە فۆرم دابەشكراوە، شوێنەكەش شارەوانی و وەبەرهێانی سلێمانی داویانە بە وەربەرهێنەرێك بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون.
ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنی لە گەڕەكی قولەڕەیسی سلێمانی بە شۆفڵ گرێدەر دەستیانكرد بە تەختكردن و خەتخەتكردنی پارچە زەویەكی (23) دۆنمی كە دەكەوێتە نێوان هەردوو پرۆژەی ئارۆ سیتی و دەروو سیتی، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو پارچە زەویە شوێنی پرۆژەی نیشتەجێبوونە.
دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو پارچە زەویە بە شێوەی فۆرم لەلایەن فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەوە دابەشكراوەو دواتر (200) پارچە زەوی فرۆشراوە لە رێگەی دەڵاڵەكانەوە لە نوسینگەكان، لە دووای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە ئەو پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لەرێگەی فۆرمەوە راگیرا، لەلایەن شارەوانی سلێمانی و وەبەرهێنانی سلێمانیەوە ئەو پارچە زەویە (23) دۆنمە درا بە وەبەرهێنەرێك و مۆڵەتی پێدراوە بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون، لەبەرامبەردا دوو ئاوەڕۆ و شەقامێكی نوێ لە قولەڕەیسی درووست بكات، ئێستا ئەو شوێنە شوێنی پرۆژەی نیشتەجێبوونە بەرەسمی، بەڵام ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنی بەبێ بڕیاری شارەوانی و وەبەرهێنانی سلێمانی دەستیكرد بە تەختكردن و خەتخەتكردنی.
دووساڵ لەمەوبەر مامەڵەكردن بەو زەویانەوە راگیرا كە بە فۆرم لەرێگەی دژەتیرۆرو كۆماندۆ و فەرماندەیی پێشمەرگەوە دابەشكراوە، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا قوباد تاڵەبانی بڕیاری بۆ ئەو پارچە زەویانە دەركرد، لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەیدا هاتووە بەمەرجێك زەویە فۆرمەكان مامەڵەی پێوەدەكرێت، یان دەبێت پرۆژەی نیشتەجێبوون نەبێت و پرۆژەی خزمەتگوزاری شارەوانی نەبێت، بۆیە ئەو پارچە زەویە شوێنی پرۆژەی نیشتەجێبوونەو بڕیار و رێنماییەكەی قوباد تاڵەبانی نایگرێتەوە.
  ماوەی چەند رۆژێكە دەستكراوە بە دابەشكردن و خەتخەتكردنی زەوی لە سنوری شارەوانی سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە.
چەند خاوەن موڵكێك قسەیان بۆ (درەو) كرد جارێكی تر هەندێك كەسی سەربازی و ئەمنی كەوتوونەتە پارچەكردن و خەتكردنی موڵكەكانیان و بە فۆرم دابەشی دەكەن، لە چەند گەڕەكێكی سلێمانی ئەو پرۆسەیە روو لە زیاد بوونە.
زیاتر لە ساڵێكە شارەوانی پرۆسەی كڕین و فرۆشتنیان بەو زەویانەوە راگرتووە، كە بە زەویەكانی فەرماندەیی پێشمەرگەو دژە تیرۆر ناسرابوو، لەسەر دابەشكردنی ئەو پارچە زەویانەو كڕین و فرۆشتن پێیانەوە، ژمارەیەك دەڵاڵ و نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی زەوی و بەرپرسی حكومی دەستگیركران، بەڵام دواتر بە بارمتەی (پارەو ئۆتۆمبێل و خانوو)لێسەندن ئازاد كران.
(درەو) لەگەڵ چەند خاوەن موڵكێك قسەی كرد، ئەوان رایانگەیاند: لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی زەوی لە تاسڵوجەو راپەڕین و بەكرەجۆ، زۆربەی دابەشكرا لە پرۆسەكانی پێشوودا لە ئێستادا خەتكردن و پارچەپارچەكردنی موڵكەكان لە رۆژهەڵاتی سلێمانی دەستی پێكردووە، بەتایبەت لە گەڕەكەكانی ( قڕگە، كۆڵەبی، شێخ وەیساوا، رازیانە، ژاڵە، وانە....).
یەكێك لە خاوەن موڵكەكان بە (درەو)ی وت، لە ئێستادا موڵكەكەی پارچە پارچەكراوەو بە فۆرم دابەشدەكرێت، لەلایەن كەسێكی ئەمنیەوە، ئەو ئاماژەی بەوەشكرد، لە سەرو شوقەكانی دانیا سیتی لە رۆژهەڵاتی سلێمانی موڵكێكی گەورە ئامادەكراوە بۆ دابەشكردن لەوێدا پارچەیەك زەوی (70) هەزار دۆلار واتا (7) دەفتەر دۆلار دەكات، هەروەها لای شوقەكانی مامۆستایان چەند موڵكێك پارچە پارچەكراوە بۆ دابەشكردن بە فۆرم، لەوێدا پارچەیەك زەوی (30) هەزار بۆ (50) هەزار دۆلار دەكات.
ئەو خاوەن موڵكانە ئاماژەیان بەوەكردووە، كە شارەوانی سلێمانی ئاگای لەو پرۆسەیە نیەو هەفتەی رابردوو لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیاندا ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی ئاگاداركراوەنەتەوە لەو پرۆسەی دابەشكردنی زەویانە كە بەشێكی زۆری ئەو زەویانە قەرەبووی خاوەن زەویەكانە، بەشێكی بەرێككەوتن دەكرێت لەگەڵ خاوەن زەویەكان و بەرپرسە ئەمنییەكان، ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیرایگەیاندووە رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو كەسانە دەگیرێتە بەر كە بچێتە سەر موڵكی خەڵكی كە لە ئێستادا بەشێكن لە موڵكی شارەوانی.
ئەو خاوەن موڵكانە ئاماژەیان بەوەكرد، كە ئەو كارەكتەرە ئەمنیانە چۆن دەتوانن زەوی بە فۆرم دابەش بكەن، ئەگەر بەرپرسی باڵایان لە پشتەوە نەبێت. دڵنیاین وەك رابردوو بەرپرسی ئەمنی و سەربازی گەورەیان لە پشتەوەیە.
ئێستا لە نوسینگەكانی سلێمانی ریكلامی فرۆشتن و كڕینی زەوی فۆرم كە ناسراون بە زەویەكانی (دژەتیرۆر، كۆماندۆ، پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆن....)

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand