بۆچی یەكێتی لە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی كەركوك دەترسێت؟
2018-07-04 13:30:01
(درەو میديا):
لەدوای دەستپێكردنی ژماردنەوەی دەستيی دەنگەكان لە پارێزگای كەركوك، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەرِووی سیاسی و ئەمنی و جەماوەریيەوە شڵەژاوە. (درەو میدیا) زیانیویەتی، لە دوێنێوە یەكێتی كۆمیتە و رێكخراوەكانی مامۆستایان و لایەنگرانی ئاگاداركردوەتەوە كە ئامادەبن، بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری لە حاڵەتی درستبوونی گۆڕانكاریی لە كورسی و ئەنجامی دەنگەكانی هەڵبژاردندا.
پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكانی پارێزگای كەركوك، لە یەكەم رۆژدا تەنها 24 سندوقی قەزای داقوق لە بنكەی قوتابخانەكانی (ئاشتی، پێشەوا، زمناكۆ، ئیمام حسێن ) كە هەر بنكەیەك شەش وێستگەیە و كۆی گشتی 24 وێستگە دەنكەكانی بە دەستيی ئەژماركراونەتەوە.
بەوتەی وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان" دەنگەكانی یەكێتی لە كەركوك و داقوق بەرێژەی 50% زیادیكردووە"، ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیش بە ( pukmedia ) ی راگەیادووە كە ” لە هەژماركردنەوەی دەستيی دەنگەكان لە كەركوك، یەكێتی دەنگەكانی زیادیكردووە، بە جۆرێك لە داقوق یەكێتی رێژەی 50%ی دەنگەكانی زیادیكردوە.”
لەبەرامبەردا بەرەری توركمانی دەڵێ ژمارەی دەنگەكان لەو سندوقانەی جیاكراونەتەوە بەڕێژەی 50% جیاوازی هەیە، بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی بەرەی توركمانی وتی: لە هەژماركردنەوەی ئەمڕۆی دەنگەكاندا، ئەنجامەكانی بەڕێژەی زیاتر لە 50% جیاوازن لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی راگەیەندرابوون".
ئەحمەد رەمزی كوپەرلو بە سۆمەریە نیوزی راگەیاند، رۆژی یەكەم تەنها " 24 سندوق كراونەتەوە كە تایبەت بوون بە ناوچەی داقوق، بەڵام لەو وێستگانەی دەنگەكانیان جیاكراونەتەوە سندوقێكی بنكەی ئیمام حسێن لە قەزای داقوق كراوەتەوە، پێشتر 219 دەنگی ئەلكترۆنی تێدا بووە كە بۆ بەرژەوەندی حیزبێك بووە، بەڵام پاش ئەوەی دەنگەكانی بەدەست ژمێردراونەتەوە، دەركەوتوە ئەو حزبە تەنیا 70 دەنگی هەیە. واتە لەیەك سندوقدا لە داقوق، 149 دەنگ جیاوازی بووە و بەرێژەی 68% دەنگەكان زياد ئەژماركراون.
لە پارێزگای كەركوك لە كۆی نزیكەی (2800) سندوق زیاتر لە (400) سندوقی سكاڵای لەسەرە، كە هەر سندوقێك نزیكەی (350) بۆ (400) دەنگی تێدایە، بەوەش نزیكەی (14) بۆ (15) هەزار دەنگ سكاڵای لەسەرە.
بەپێی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ئەگەر لەو سندوقانەی ئەژماردەكرێنەوە ئەنجامەكان بەرێژەی 25% بن بەبەراورد بەئەنجامی پێشوو، ئەوا تەواوی دەنگی سندوقەكانی ئەو پارێزگایە ئەژمار دەكرێنەوە، خۆ ئەگەر لەتەواوی سندوقەكانی ئەو پارێزگایەش جیاوازی هەبێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەو ساختەكاری هەبێت، ئەوا ئەنجامی دەنگدانی ئەو پارێزگایە هەڵدەوەشێتەوە.
ترسی یەكێتی لە ئەژماركردنەوەی دەستيی دەنگەكانی كەركوك لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئەگەر جیاوازی لە ئەنجامی دەنگەكاندا هەبێت، ئەوا گومان لەسەر تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنی كەركوك دروستدەكات، بەوەش گومانەكان لە كەركوكەوە دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم، ئەمەش زیانی زۆر بە سومعەی یەكێتی دەگەیەنێت، بۆیە یەكێتی فشاری زۆری دروستكردووەو كارتی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەبەرامبەر حزبە كوردیيەكان بەكاردەهێنێت و تۆمەتی خیانەت دەداتە پاڵیان، ئەمە وایكردووە هەندێك لە لایەنە كوردییەكان بەنیازن چاودێرەكانن لە پرۆسەكە بكشێننەوە.
لە راگەیەنراوێكدا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئاماژە بەوە دەكات "پەیوەندیمان بەو پرۆسەی هەژماركردن و جیاكردنەوەی دەنگەكانەوە نیە كە بڕیارە لە كەركوك دەستپێبكات و نوێنەری خۆمان وەك بریكار و چاودێر رەوانەی پرۆسەكە ناكەین" لە هەمانكاتدا حزبەكانی دیكەش لە گفتوگۆی كشانەوەی چاودێر و بریكارەكانیانن لە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان.
بەڵام هاوژین عومەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی پێی وایە لە حاڵەتی گەڕاندنەوەی دەنگەكانی كەركوك كەمترین دەنگ بۆ عەرەب و توركمانەكان دەڕوات و زۆرینەی بۆ لیستە كورديیەكان دەبێت.
ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلایەك هەڕەشە دەكات و لەلایەكیش دەڵێت دەنگەكانمان زیاد دەكات، لەلایەك دەڵێت بێمنەتن لە ئەژماركردنەوەی دەستيی دەنگەكان و لەلایەكیش دەڵێت ئەوە موئامەرەیە، بۆیە هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن كە بەهۆی ئەوەی حزب دەستی بە سندوقەكانی كەركوك نەگەیشتووە گۆڕانكارییان تێدا بكات، ئەگەر هەیە جیاوازی لە ئەنجامەكاندا هەبێتبێت و گۆڕانكاری لە دەنگ و كورسیيەكاندا روبدات.
ئەمە لەلایەك دەنگ و كورسی یەكێتی لەو پارێزگایە كەمدەكات و لەلایەكی ترەوە یەكێتی بەشێوەیەكی فەرمی دەخاتە لیستی "ساختەكارەكان"ەوە، كە ئەمەش زیان بە سومعەی ئەو حزبە دەگەیەنێت.