راگەیاندنی "دۆخی جەنگ" لەلایەن ئیسرائیلەوە بەواتای چی دێت ؟
2023-10-10 08:01:21
(درەو):
بەر لە 50 ساڵو لە جەنگی ئۆكتۆبەری 1973وە، ئەمە جاری یەكەمە ئیسرائیل بەشێوەیەكی فەرمی رایدەگەیەنێت "لە دۆخی جەنگ"دایە. بەڵێ، پێشتر ئیسرائیل چەندین هەڵمەتی سەربازی بۆسەر غەزە یان لوبنان ئەنجامداوە، بەشێوەیەكی كردەییش ئەو هەڵمەتانە بە جەنگ ناودەبرێن، بەڵام بەبێ ئەوەی بەشێوەی فەرمی رابگەیەندرێت ئەوە "دۆخی جەنگە" وەكو ئەوەی ئەمجارە كراوە.
راگەیاندنی دۆخی جەنگ گڵۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل هەڵدەكات بۆ ئەوەی ئەوەی بە گونجاوی دەزانێت بیكات لە هەنگاوی سەربازی دژی حەماسو ئەو گروپە چەكدارانەی تری فەلەستین كە بەشدارییان لە هێرشەكەی رۆژی شەممەدا كردووە، هێرشێك كە ئیسرائیلییەكانی لە "دۆخی ترسو تۆقین"دا بەجێهێشتووە، بەپێی وەسفێك كە گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانی كردویەتی.
راگەیاندنی "دۆخی جەنگ" رایگشتی ئیسرائیلیش ئامادە دەكات بۆ ئەگەری كوژرانی ژمارەیەكی زۆر خەڵك، هەروەك راگەیاندنەكە دەسەڵاتێكی زۆریش بە حكومەتی ئیسرائیل دەدات، لەنێویاندا: بانگهێشتكردنی هێزی یەدەگو كەڵك وەرگرتن لە سەرچاوە لۆجستییەكانو دانانیان لەژێر دەستی سوپادا.
یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئیمزای لەسەر بڕیارێك كرد بۆ بانگهێشتكردنی سەربازانی یەدەگ بۆ خزمەتی سەربازی، هەروەك سوپای ئیسرائیلیش لە رۆژی شەممەوە 300 هەزار سەربازی یەدەگی ئامادەكردووە.
بە راگەیاندنی فەرمی دۆخی جەنگ، حكومەتی ئیسرائیل دەتوانێت پاڵپشتی سەربازی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ خۆی فەراهەم بكات، ئەمەش لەسەر بنەمای پابەندی ئەمریكا لەبەرامبەر دەوڵەتی عیبری. بەشێوەیەكی خێرا، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا فەرمانیدا گروپی كەشتی فڕۆكەهەڵگری جەنگیی (جیراڵد ئاڕ فۆرد) بەرەو خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەرێبكەوێت بەمەبەستی نیشاندانی پاڵپشتی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل.
پێشتریش، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، یارمەتی سەربازی زیاتری ئەمریكا بۆ ئیسرائیل بەڕێوەیە.
ئامانجی ئیسرائیل چییە؟
ئیسرائیل دەیەوێت ژێرخانی سەربازی حەماسو گروپەكانی فەلەستینییەكانی تری بەشدار لە هێرشەكەی رۆژی شەممە، لەناوببات.
لە لیدوانێكدا بۆ (BBC) سەید غونێم پسپۆڕی سەربازی دەڵێ:" ئەگەری هەیە وەكو هەموو جارەكانی تر، ئەگەرچی ئەمجارە توندترە، ئیسرائیل لەشكركێشییەكی بەرفراوان بكاتە سەر كەرتی غەزە".
سەید غونێم ئاماژە بەوە دەكات:" لە پێنج روبەڕووبونەوەی ئیسرائیلدا لەگەڵ حەماس، بنەماكانی گەمەكە روون بووەوە: ئیسرائیلییەكان سوپا كۆدەكەنەوەو لە ئاسمانەوە هێرش دەكەنو زیان بە كەرتی غەزە دەگەیەنن".
باسلەوە دەكات:" بەڵێ. هەموو جارێك هەوڵدەدەن سەری سەركردایەتی حەماس ببڕن، بەڵام شكست دەهێنن، دواتر پەنا بۆ هەموو رێگایەك دەبەن بۆ ئەوەی حەماس قایل بكەن بەوەی موشەك رابگرێتو بچێتە ناو دانوستانەوە بۆ ئازادكردنی دیلو بەرمتەكان".
سەید غونێم پێشبینی دەكات" تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل سەركەوتووش بێت لە جەنگێكی بەرفراواندا، هێشتا پێی دەچێتە ناو زەلكاوی غەزە بەبێ ئەوەی بتوانێت كاتو چۆنیەتی دەرچوون لێی دیاری بكات، هەروەك ناتوانێت روبەڕووی دەرەنجامەكانی ببێتەوە".
ئامانجی حەماس چییە؟
سەید غونێم وای دەبینێت بزوتنەوەی حەماس لەمپەری بۆ پرۆسەی "ئاسایكردنەوەی پەیوەندی سعودیە- ئیسرائیل" دروستكردووە، كە لە چوارچێوەی ئەوەدا دێت ناوی لێنراوە "رێككەوتنەكانی ئەبرەهام"و لێكنزیكبوونەوەی عەرەبو ئیسرائیل، كە دەبێتە بە هەڕەشەیەكی قوڵ لەسەر حەماس.
ئاماژە بەوەدەكات" حەماس دەیەوێت بەر لەوە، جیهان جارێكی تر ئەو بیرۆكەیە لە ئامێز بگرێتەوە كە ناسەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو هەرێمەكانی دەوروبەری بەهۆی نادادیو بایەخ نەداتە بە دۆزی فەلەستین".
ئاڵوگۆڕی دیلەكان
ململانێی عەرەبو ئیسرائیل چەندین رێككەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەكانی بەخۆوە بینیوە. لە ساڵی 2011دا ئیسرائیل ناچار بوو (هەزارو 27) دیلی فەلەستین ئازاد بكات لەبەرامبەر ئازادكردنی گەڵعاد شاڵیت- ئەو سەربازە ئیسرائیلیەی كە ساڵی 2006 حەماس بە دیل گرتی.
موسعەب برێم وتەبێژی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بە (BBC)ی راگەیاند" تەنیا بزوتنەوەكەی دەیان دیلی ئیسرائیلی لەبەردەستدایە".
برێم وتویەتی ژمارەی كوژراو بریندارو رفێندراوانی ئیسرائیلی چەند هێندە زیاترەو ئەو دیلانە ئازاد ناكرێن تا هەموو زیندانیانی فەلەستینی لە ئیسرائیل ئازاد نەكرێن.
ژمارەی زیندانیانی فەلەستینی لە گرتوخانەكانی ئیسرائیلدا بە نزیكەی (5200) كەس دەخەمڵێندرێت، ئەمە بەپێی قسەی رێكخراوی ناحكومی (الچمیر)ی بۆ مافەكانی فەلەستین.
هێشتا ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی كە بە دیل كەوتونەتە دەست گروپە فەلەستینییەكان پشتڕاست نەكراوەتەوە، سەرباری ئەوەی حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە زیاتر لە 100 كەس بەدیل گیراون.
لێكەوتەكانی چی دەبێت ؟
هێشتا زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، لە رۆژی شەممەوە كار بۆ ئەوە دەكەن خەڵكی خۆیان لەسەر خاكی ئیسرائیلو فەلەستین ببەنە دەرەوە. پێشبینی دەكرێت پرۆسەی بردنە دەرەوەی خەڵكی مەدەنی ئیسرائیل لە گوندەكانی نزیك سنوری كەرتی غەززە دوێنێ تەواو بووبێت.
ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل باسی لە جەنگێكی "درێژو سەخت" كردبوو، زۆرێك پێشبینی هێرشێكی بەرفراوانی زەمینی ئیسرائیل دەكەن، ئیسرائیل بە هێزێكی پیادەو زرێپۆشی گەورەوە لە بنكەكانی باشوری ئیسرائیل خۆی ئامادە دەكات.
یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل فەرمانیداوە بە سەپاندنی "گەمارۆیەكی هەمەلایەن" بۆسەر كەرتی غەزە لەچوارچێوەی روبەڕووبونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ گروپە فەلەستینیەكانی كەرتی غەزەدا، وتی:" كارەباو خۆراكو سوتەمەنی ناڕوات".
نزیكەی 74 هەزار كەس لە كەرتی غەزە پەنایان بردوەتە ناو دەیان خوێندنگە كە لەلایەن ئاژانسی فریاگوزاریو پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەڕێوەدەبرێنو بە "ئۆنروا" ناسراوە، ئەمەش بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل.
لە رۆژی شەممەوە، ژمارەی ئاوارەبووانی فەلەستینی بۆ نزیكەی (50) هەزار كەس زیادی كردووە، پێشبینی زیادبوونی ئەم ژمارەیەش دەكرێت هاوكات لەگەڵ بۆردومانی چڕی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەزەی قەرەباڵغ بە دانیشتوان (نزیكەی 2 ملیۆن دانیشتوان) بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان.
ئیسرائیل بواری ئاسمانی غەزەو كەناراوەكانی كۆنترۆڵكردووەو ئەو قەبارەیو جۆری ئەو كاڵایانە دیاری دەكات كە دەگاتە كەرتی غەزە یان لەو كەرتەوە دەچێتە دەرەوە لەرێگەی دەروازەكانەوە.
لەلایەكی ترەوە، دەسەڵاتدارانی میسر جوڵەی ئەو دەروازانەیان كۆنترۆڵكردووە كە میسر بە كەرتی غەزەی ئابڵۆقەدراو دەبەستێتەوە.
سەرچاوە: BBC