نێرگز محەمەدی كێیە ؟
2023-10-06 11:40:20
(درەو):
نێرگز محەمەدی وەكو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2023 راگەیەندرا، ئەم خاتوونە كێیە ؟ چی كردووە كە ببێتە هۆی ئەوەی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت ؟
نێرگز لە یەك دەیەی رابردوودا ناوی خۆی وەكو یەكێك لە راشكاوترین نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ناساند، لەكاتێكدا ئەو پێشتر زیاتر وەكو چاودێریكارێكی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران ناسرابوو.
خانم محەمەدی هەرچەندە تۆماری دەستگیركردنی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو هەیە، بەڵام دەستگیركردنی لە ساڵی 2011دا وەكو جێگری سەرۆكو وتەبێژی ناوەندی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، زیاتر بە خەڵكی ناساند.
نێرگز ئەندامی رێكخراوێك بووە كە لوتكەی چالاكییەكانی لە ناوەڕاستی 2000دا بوو، ئەم رێكخراوە ئەركی چاودێریكردنی دۆخی مافی مرۆڤو بەرگریكردن لە تۆمەتبارانو زیندانیانی سیاسی لە ئێران لەئەستۆگرتبوو.
ناوەندی بەرگریكارانی مافی مرۆڤ كە شیرین عەبادی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2003 سەرۆكایەتی دەكات، بەر لە داخستنی ئۆفێسەكەی لە تاران، شوێنی كۆبونەوەی ژمارەیەك لە دیارترین پارێزەرانی مافی مرۆڤ بوو لە ئێران، لەوانە (عەبدولفەتاح سوڵتانی- محەمەد شەریف- محەمەد سەیف زادە- محەمەد عەلی دادخواە).
خاتوو نێرگز هەر لەو سەردەمەدا لە پاڵ كاركردن لە ناوەندی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ، لە ئەنجومەنی نیشتمانی ئاشتی وەكو سەرۆكی دەستەی كارگێڕی ئەنجومەنەكە كاری دەكردو پاشان بەشداری لە هەڵمەتی "هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزای لەسێدارەدان"دا كرد، كە بە "لگام" ناسرابوو.
بەڵام لە ساڵانی رابردوودا بە نیشاندانی هەڵوێستی وەكو " پێویستی تێپەڕاندنی حكومەتی كۆماری ئیسلامیو ستەمی ئاینی" هەروەها بانگەشەكردن بۆ "بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان"، ئاستی چالاكییەكانی لەناو ئێراندا توندتر كردەوە.
نێرگز محەمەدی یەكێك لەو 15 چاكوانە سیاسیو مەدەنییەی ئێران بووە كە پێیان وابووە حكومەتی كۆماری ئیسلامی "چاكسازی پێناكرێت"و داوای ئەوەیان كردووە لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكاندا ریفراندۆم لە ئێران بەڕێوەبچێت.
ئەو لە كانونی دووەمی 2020دا داوای لە خەڵكی ئێرانكردووە وەكو رێزگرتنێك بۆ "خوێنی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان"، بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن.
نۆبڵی ئاشتی یەكەم خەڵات نییە كە نێرگز محەمەدی وەریدەگرێت، ئەو پێشتر چەندین خەڵاتی جیهانی تری پێدراوە، لەوانە خەڵاتی (ساخارۆڤ) لە ساڵی 2018دا، خەڵاتی (ئەلكساندەر لانگر) لە ساڵی 2009دا، خەڵاتی (رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی) لە 2016دا.
نێرگز لە نیسانی 1972دا لە زنجان لەدایكبووە، لە شارەكانی (كەرەج)و (قروە)ی رۆژهەڵاتی كوردستان گەورە بووە، زانستی فیزیای خوێندووە، سەرەتای كاركردنی لەگەڵ گروپە نیشتمانپەروەرە- ئاینییەكان دەستپێكردووە. ئەو لە ساڵی 1999دا لەگەڵ (تەقی رەحمانی) چالاكی نیشتمانی- مەزهەبیو زیندانكراوی سیاسی پێشوودا هاوسەرگیری كردووەو بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە دوو منداڵی دوانەیە.
ئاغای رەحمانی هاوسەری نێرگز محەمەدی، لە ساڵانی دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە 1979دا، زیاتر لە 14 ساڵ ژیانی خۆی لە زینداندا بەسەربردووە.
دوای چوونەدەرەوەی ئاغای رەحمان لە ئێرانو مانەوەی نێرگز لە وڵاتدا كە هاوكات بوو لەگەڵ دەستگیركردنیدا، ئیتر بارودۆخی دوو منداڵە دوانەكەیان چەندین جار بووە بە باسو خواسی میدیاكان.
منداڵەكانی نێرگز محەمەدی بەر لە زیندانیكردنی دایكیان، لە ئێران چوونە دەرەوەو گەیشتنە لای باوكیان لە فەڕەنسا، ئاغای رەحمانی چەندین جار گلەیی ئەوەی كردووە كە بەرپرسانی ئەمنیی ئێران رێگری لەوە دەكەن نێرگز پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ منداڵەكانی ئەنجام بدات.
ئاغای رەحمانی پێشتر لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (یۆرۆنیوز) وتویەتی:" نێرگز محەمەدی هاوسەرم یەكێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤە كە ئێستا لە زینداندایەو پێشتر 7 ساڵ زیندانی بەسەر بردووەو ئێستاش دەبێت 8 ساڵو نیوی تر زیندانی بكێشێت، ئەو سەرباری ئەوەی لەناو زینداندایە، بەڵام پشتیوانی خەباتی گەلی ئێران دەكاتو ئەمە بە ئەركی خۆی دەزانێت. نێرگزو زۆرێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤ ئێستا لە زینداندان لەوانە كەیوان سەمیمی، سەعید مەدەنی، مستەفا نیلی، حەسەن یونسی.. ئەمانە هەموویان پارێزەرو كۆمەڵناسن كە لە زنیداندان. ببینن رووداوێكی گرنگ لە ناوخۆی ئێران روودەداتو خەڵكی ئێران چارەنوسی هەموو شتێك دیاری دەكات، بەڵام پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ خەڵكی ئێرانو جوڵانەوەكەیان گرنگە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە خەڵكی ئێران بكات".
یەكەم ئەزمونی زیندان
یەكەمین ئەزموونی زیندانكردنی خانم محەمەدی بۆ نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە كاتێك خوێندكاری زانكۆ بووە، ئەو لە ساڵی 2000دا دوای دەستگیركردنی ژمارەیەك لە چالاكانی ئاینیی- نەتەوەیی لەناویاندا ئاغای رەحمانی هاوسەری، ئەویش بۆ ماوەیەك لە زیندانی 59ی سوپا لە (عەشرەت ئاباد) دەستبەسەر بووە.
خانم محەمەد پاش ناڕەزایەتییەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2009، سەرەتا چونە دەرەوەی لێ قەدەغەكرا، دواترو لە ئایاری 2010 دەستگیركراوە. دوای ئەوەی لە زیندان توشی "گرژبوونی ماسولكەكانو ئیفلیجبوون" هات، ئازادكرا.
لە نیسانی 2012 جارێكی تر نێرگز دەستگیردەكرێتەوە، دەستگیركردنێك كە لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا دوای دەستنیشانكردنی دۆخی تەندروستی لەلایەن پزیشكەكانەوە، كۆتایی پێ هات.
لە ساڵی 2014دا، كاتێك كاترین ئاشتۆن بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا سەردانی تارانی كرد، نێرگز محەمەدی دیدارێكی لەگەڵدا كرد، ئەمە وایكرد جارێكی تر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیربكرێتەوەو هەر لەو ساڵەدا لە پرۆسەیەكی دادگایكردندا كە دادوەر (سەلەواتی) سەرۆكایەتی دەكرد، بە (14 ساڵ) زیندانی حوكم درا، 10ساڵی حوكمەكەی لەسەر جێبەجێ كرا.
نێرگز كە حوكمەكەی لە زیندانی (ئەوین) بەسەر دەبرد، هاوسۆزی بۆ خێزانی ئەو كەسانە نیشاندا كە لە خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019دا كوژرابوون، ئەمە وایكرد لە لە زیندانی (ئەوین)ەوە بگوازرێتەوە بۆ زیندانی (زنجان)، ئەوكات نێرگز باسی لەوە دەكرد لە كاتی گواستنەوەیدا رووبەڕووی لێدان بووەتەوە.
خراپی دۆخی جەستەیی نێرگز لە زیندان هۆكار بوو بۆ ئەوەی چەندین جار رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، سەرەنجام بەهۆی ئەوەی یاسای نوێی كەمكردنەوەی سزای زیندانی گرتییەوە، لە ئەیلولی 2020دا لە زیندان ئازادكرا.
لە ئایاری 2021دا جارێكی تر بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی رژێم"و "یاخیبوون لە سەرۆكو بەرپرسانی زیندان"و "شكاندنی پەنجەرەكان"و "ناوزڕاندن" حوكمی (80 شەلاق)و (30 مانگ) زیندانی بەسەردا سەپێندراو ئەم حوكمەشی لە ئۆكتۆبەری 2021وە جێبەجێكرا.
بەمشێوەیە نێرگز محەمەد لەناو زیندانەوەو لەدوای (شیرین عەبادی) بووە بە دووەم ژنی ئێرانی كە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبدرێت.