Draw Media

راوێژكارێكی ترەمپ:  رژێمی ئێران لە یەك ساڵدا دەڕوخێت  

راوێژكارێكی ترەمپ:  رژێمی ئێران لە یەك ساڵدا دەڕوخێت  

2018-07-04 11:44:14


(درەو میدیا):
دوانیوەڕۆی شەممە 30 حوەزەیران، رۆدی جولیانی راوێژكاری یاسایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەمتمانەیەكی زۆرەوە لە بەردەم كۆنگرەی ساڵانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پاریس بە ئامادەبووانی راگەیاند كە كۆتاییهاتنی رژێمی ئێران  و پێشبینی ئەوەشی كرد كە رژێمی تاران لە ماوەی یەك ساڵدا بڕوخێت.
باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، جۆن بۆڵتۆن، پێش ئەوەی وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی دەستبەكاربێت وتی"  نابێت رێگە بە مەلاكان بدرێت ئاهەنگی جەژنی 40 ساڵەی رژێمەكەیان بگێڕن" كە ئەو یادە ساڵی 2019 دەكات، ئەوەش بە وتەی چاودێران بەواتای ئەوە دێت كە قسەكەی رۆدی جولیانی لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵكو پشت بە بوونی پلانێكی ئەمریكی دەبەستێت كە ئامانج لێی رووخاندنی رژێمی ئێرانە.

لە كۆنگرەكەدا كە حزب و رێكخراوە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران و جەیان كەسایەتی خۆرئاوایی و ئۆپۆزسیۆنی ئێران جولیانی بە بێ‌ دوودڵی وتی:" كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران، كە سەپاندنی گەمارۆ و سزاكانی ئێرانیشی لەگەڵدا بوو، ئامانج لێی خنكاندنی رژێمی دیكتاتۆری ئێرانە".
كۆنگرەكەی پاریس ساڵانە لەلایەن " رێكخراوی موجاهدینی خەلق"ی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە لە پاریس رێكدەخرێت و چالاكییەكانی چەند رۆژێك دەخایەنێت و كۆنگرەكەی ئەمساڵیش لەلایەن چەندین كەسایەتی گرنگ و وڵاتانەوە  پشتیوانی لێكرا، ئەوەش بە رای چاودێران ئارەزوویەكی جدی خۆرئاوا بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران نیشاندەدات.
واشنتۆن چەندین جار لەسەر زاری " مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوە  رایگەیاندووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران ئەنجام نادات، بەڵام لە هەمان كاتیشدا جەختیكردوەتەوە كە پشتیوانی لەهەر جوڵەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتیانە دەكات كە ئامانج لێی گۆڕانكاریی بێت لە ئێراندا.
راستەوخۆ دوای كردنەوەی كۆنگرەكەی پاریس، نزیكەی 50 سەرۆك شارەوانی فەرەنسا چوونە سەر ستەیج و سەرۆكی شارەوانی پاریس ئان هیدالگۆ بەناوی ئەوانە پشتیوانی خۆی بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران  راگەیاند " لە هەوڵیدا بۆ روخاندنی رژێمی ئێران و دیكتاتۆریەتی ئاینی كە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پایتەختەكانمان لە خۆرئاوا بە تیرۆر تێكدەدات".
مریەم رەجەویی سەرۆكی رێكخراوی موجاهدینی خەلق و ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرگری ئێران لە كۆنگرەكەدا وتی:" ئاماژەكانی گۆڕانكاری و روخانی رژێمی لە ئێران دەستیپێكردووە و ئێستا رژێم لە لاوازترین دۆخیدایە".
رەجەوی داواشی لە ئێرانییەكان كرد پانتایی خۆپیشاندانەكانیان لە ناو ئێراندا بەرفراوان بكەن، تا رژێم دەڕوخێت و وتی:" پرۆگرامی موشەكی و پشتیوانكردنی تیرۆر و دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی تر هۆكاری تەواوەتین بۆ سزادانی رژێمی ئێران".

كۆنگرەكە چەندین پەیامی سیاسی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان پشتیوانی روون و ئاشكرای ئەمریكابوو بۆ كەسایەتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران و لەو بارەیەوە چاودێری سیاسی محەمەد توهامی بۆ " رەسیف 22 " دەڵێت:" ئامادەبووونی ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی دیاری ئەمریكی لە كۆنگرەكەدا بەواتای ئەوە دێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەنگاوی كرداریی بە ئامانجی گۆڕینی رژێم لە تاران دەستپێكردووە".
دەشڵێت:" گەورەترین ئاماژە بۆئەوە ئەوەیە كە واشنتۆن هەرگیز پێشوازی لە رێكخراوی موجاهدینی خەلق نەكردووە لە واشنتۆن لە سەردەمی ئیدارەی باراك ئۆبامادا، هەروەها لە لیستی تیرۆریشدا بوو، بەڵام ئێستا بایەخیان پێدەدرێت و پشتگیری دەكرێن و رێگەیان پێدەدرێت كۆنگرەی گرنگ لە وڵاتانی گەورەی جیهان رێكبخەن، ئەوەش ئارەزووی ئیدارەی ترەمپ  نیشاندەدات بۆ كۆكردنەوەی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە ئامانجی رووخاندنی رژێمی ئێران."
وتەكانی جولیانی لە كۆنگرەكەی پاریسدا كە دروشمی " ئێرانی ئازاد ... ئەڵتەرناتیڤە"ی هەڵگرتبوو، دوای چەند رۆژێك دێت لە راگەیاندنی پشتیوانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ئێران كەبەهۆی قەیرانی ئابورییەوە دژی حكومەتی وڵاتەكەیان رژانە سەر شەقامەكان.


" ئازادی بەڕێوەیە"
جولیانی تاكە كەسایەتی دیاری ئەمریكا نەبوو، كە بەشداری كۆنگرەكەی پاریس بوو، بەڵكو سەرۆكی پێشووی كۆنگرێكی ئەمریكا و راوێژكاری ستراتیژی دۆناڵد ترەمپ " نیوت گینگریچ"یش ئامادەبوو و جەختیكردەوە تاگە رێگە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكدا گۆڕینتی دیكتاتۆریەت بێت بە دیموكراتیەت و وتی :" پێویستە ئەوە ئامانجمان بێت".
هەرچەندە كە گینگریچ جەختیكردەوە كە بەناوی ئیدارەی ئەمریكاوە قسەناكات، بەڵام پێشبینیكرد ئیدارەی ترەمپ زۆر خۆشحاڵ بێت ئەگەر رژێمی ئێران بگۆڕدرێت.
هەروەها چەند سیناتۆرێكی كۆنگرێسی ئەمریكا پشتیوانیان بۆ كۆنگرەكەی پاریسی ئۆپۆزسیۆنی ئێران راگەیاند، یەكێك لەوانە شیلا جاكسۆن بوو كە گرتەیەمكی ڤیدیۆییدا بۆ هاوڵاتیانی ئێران دەڵێت:" پشتیوانی لە كۆماری ئێرانی عەلمانی و دیموكراتی نائەتۆمیی دەكەم".
دەشڵێت ": گۆڕینی دیموكراتی لە ئێران لە بەردەستدایە و رژێمی ئێران نەك تەنها لە ژمارەیەكی زۆر قەیراندا نغرۆ بووە، بەڵكو كۆمەڵێكی زۆری ئازادیخواز لە ئێران هەن و من باوەڕم وایە كە ئازادی بەڕێوەیە".
هەروەها لە كۆنگرەكەدا  گرتەیەكی ڤیدیۆیی كۆنگرێسمانی ویلایەتی كالیفۆرنیا " جودی چۆ" نمایشكرا و تێیدا رایگەیاند لەگەڵ ئێرانییەكاندایە لە خەباتیان لە پێناوی ئازادی و دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ لە ئێراندا و جەختیشیكردەوە كە پشتیوانی لە ئێرانێكی ئازاد و دیموكراتی دەكات كە كار لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی تر دەكات بۆ بونیادنانی  جیهانێكی زیاتر سەقامگیر، نەك ئەو جیهانەی كە پشتیوانی تیرۆر دەكاتن یان خراپەكاری بەرامبەر گەلەكەی دەكات.
هەڵوێستی ئێران
حكومەتی ئێران لەدژی كۆنگرەكەی پاریس هاتەدەنگ و بە فەرمیی ناڕەزایەتی خۆی گەیاندە حكومەتی فەرەنسا، كە رێگەی بە موجاهدینی خەلق داوە لەسەر خاكی ئەو وڵاتە كۆنگرە ببەستێت.
لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ مۆریس گۆردۆ ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، عەباس عێراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران هەفتەی رابردوو داوای لە پاریس كرد هەموو چالاكییەكانی موجاهدین لەو وڵاتە قەدەغەبكات.
موسا ئەفشار، بەرپرسی راگەیاندنی عەرەبی لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" رژێمی ئێران فشارە سیاسیی و دیپلۆماتییەكانی لەسەر فەرەنسا زیادتركرد بۆئەوەی رێگە بە بەستنی كۆنگرەكە نەدات، بەڵام حكومەتی فەرەنسا رەتیكردەوە  بە پاساوی ئەوەی چالاكییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەسەر خاكی فەرەنسا لە چوارچێوەی یاساكانی فەرەنسادا بەڕێوەدەچن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand