Draw Media

خۆپیشاندەران، بەرپرسان دەهێننە سەرشەقام  

خۆپیشاندەران، بەرپرسان دەهێننە سەرشەقام  

2018-03-26 19:57:39


ئا: درەو 
خۆپیشاندانی مامۆستایانی و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان جیاواز لە خۆپیشاندانەكانی پێشوو توڕەیی و نیگەرانی زۆری پێوەدیارەو ئەمجار سنوری دەڤەری سلێمانی تێپەڕاندووەو هەولێر و دهۆكیشی گرتۆتەوە، ئەمجار داواو خواستی خۆپیشاندەران بەرپرسانی حیزبی لە بارەگاكان هێنایە دەرەوەو پێشبڕكێی بەرپرسان بەتایبەتیش پارتەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی بۆ ناوخۆپیشاندەران زیادی كردووە، ئەگەرچی هەندێك بە هەڵمەتی پێش هەڵبژاردنی لێكدەدەنەوە بەڵام هەندێكی تریش پێیان وایە بەرپرسانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە دەسەڵات لەم هەرێم ملنادات ئەگەر شەقام بە جدی نەجوڵێنن و ئەگەر نەچنە بەرەی خۆپیشاندەران دواجار خۆپیشاندەران حیزبەكان تێدەپەرێنن.
لەیەكەم شەوی هەڵدانی خێمەی خۆپیشاندەران لەبەردەم دادگای سلێمانی، عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆپیشاندەری كرد و لە وتەیەكدا داوای لە خەڵكی هەولێر و دهۆك و كەركوك كرد بڕژێنەسەر شەقامەكان بۆ مافەكانیان، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم شكستی هێناوە و شكاوە و پێویستە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی رونبكاتەوە، كە رێككەوتن و لێكگەیشتنەكانی لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی چییە لەبارەی موچە و بودجە و لایەنی سیاسییەوە و بۆ خەڵكی رون بكەنەوە كە پەیوەندییەكانی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی لەكوێدا وەستاوە ئەو رێككەوتنە ئاشكرا بكەن و دان بە شكست و شكانی خۆیاندا بنێت.
لەلایەن خۆشیەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  كە بۆ یەكەمجارە وەك حزبێكی نوێ بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، سەردانی خۆپیشاندەرانی كرد و  داوای لە سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم كرد بەشداری خۆپیشاندانەكان بكەن بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافەكانیان.
شاسوار عەبدولواحید وتی "واجبە لەسەر هەر تاكێك بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بكات و هەتا سەرشەقام قەرەباڵغتر بێت هاوڵاتیان سودمەندتر دەبن".
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌  وتیشی " پارتی و یەكێتی بە پلەی یەكەم بەرپرسیاری ئەو دۆخەن كە لە هەرێمی كوردستان دروستبووە".
بەڵام توندرین لێدوان لێدوانی قادری حاجی عەلی بوو سەبارەت بە دەسەڵاتدارانی هەرێم و رایگەیاند دەبێت ئەم دەسەڵات بڕوات و مل بۆ خواستی خۆپیشاندەران بدات، قادری حاجی عەلی یەكێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری خۆپیشاندانی سلێمانی كرد و ڕایگەیاند، هەم بۆ بەشداری خۆپیشاندان و هەمیش بۆ پشتیوانی لەخۆپیشاندەران هاتووە، ئەو خەڵكەی كەلەسەر جادەیە لە ئەنجامی ئەوەوە هاتووە كە زوڵمێكی زۆری لێكراوە، ژیان و ئازادییان لێ زەوتكراوە.
هەروەها وتی "موچەی كەمئەندامێك دەبڕن، بەڵام بانكەكانی دەرەوە پڕدەكەن لەپارە، پارەی نەوت هەمووی لەدەرەوەیە و لە حسابی تایبەتیدایە، بەڵام خەڵكیش بێ مووچەیە، كۆمەڵگا برسیكراوە و چیتر تەحەمول ناكرێت".
وتیشی "ئیتر كاتی گۆڕینی دروشمەكان هاتووە، ئیتر بەسە بڕۆن و ئەم میللەتە ڕزگاری بێت، خەڵكێك كە دڵسۆزی ئەم میللەتەیە وڵات بگرێتە دەست و دزی نەكات و بانكەكانی دەرەوە پڕ نەكات بۆ ئەوەی خەڵك بەخۆشی بژی و "پێویستە خەڵك بەردەوام بێت هەتا ئەمانە مل بەداواكارییەكانی دەدات".
سەبارەت بەهێرشكردنە سەر ئەو مامۆستایەی هەولێریش، وتی: ئەوكارە شكاندنی شكۆی هەمو كورد بو و بۆیە لێیان قبوڵ ناكرێت و دەبێت لەمەودوا دروشمەكان بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە وازبهێنێت و بڕوا هەروەها هاوڵاتیان بەردەوامبن لەو ناڕەزایەتییە مەدەنییانە، تاوەكو دەسەڵاتداران مل دەدەن
لە شاری هەولێریش بەشێك لەسەركردەكانی یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری خۆپیشاندانەكانیان كردوو چونە ناو خۆپیشاندانەكان و پشتیوان و پێشڕەوی خۆپیشاندانەكان بوون، كە لە شاری هەولێر خۆپیشاندانەكان توندتر بوون و هێزە ئەمنیەكانی ئەو ناوچەیە رێگریان لە خۆپیشاندانەكان كردو چەندین كەسیشیان دەستگیركرد. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand