كێشەكانی بەردەم نەوتی هەرێمی كوردستان دوای دەستپێكردنەوە

Draw Media

2023-10-02 13:02:56



راپۆرت: درەو
توركیا ئامادەیی خۆی نیشاندا لەم هەفتەیەوە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بەڵام هەرێم هێشتا كێشەی خۆی لەبارەی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق یەكلانەكردوەتەوە، ئایا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاریگەریی لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا دەبێت ؟ چارەنوسی قەرزەكانی كەرتی نەوتی هەرێم چی بەسەر دێت ؟ هەرێم ئەگەر نەگاتە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد چۆن كورتهێنانی خەرجی نەوت چارەسەر دەكات؟ ئایا كۆمپانیاكان ئامادەن بە نرخی سۆمۆ نەوت بۆ كوردستان بەرهەمبهێنن ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە
دوای زیاتر لە 6 مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، ئاسۆی دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەمڕۆ دەركەوت.
ئاڵپئەرسلان بایراكتار وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەبوزەبی بۆ نەوت ئاشكرایكرد" لە ئەمڕۆوە بۆری نەوتی توركیا - عێراق بۆ دەستپێكردنی گواستنەوەی نەوت ئامادە دەبێت‌و لەم هەفتەیەدا كار بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەكەن".
بڕیاری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دوای ئەوە دێت بەمدواییە وەفدێكی كۆمپانیای (سۆمۆ)و وەزارەتی نەوتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان سەردانی توركیایان كردووەو لەگەڵ لایەنی توركی لەنزیكەوە بۆری نەوتەكەیان بەسەركردووە.
توركیا بانگەشەی ئەوەی دەكرد لەدوای بومەلەرزەكەی 6ی شوباتی ئەمساڵەوە، بۆرییەكانی نەوت زیانیان بەركەوتووە، بۆ ئەمەش داوای مۆڵەتی دەركرد بۆ پشكنینی بۆرییەكان، بەڵام ئەم بەهانەیە بەلای عێراقەوە بایەخێكی ئەتۆی نەبوو، چونكە لەدوای بومەلەرزەكەوە، توركیا هەر بەردەوام بوو لە هەناردەی نەوتی هەرێم تا ئەوكاتەی لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاردا بەهۆی بڕیاری دادگای پاریسەوە هەناردەی راگرت.

داهاتی نەوتی هەرێم چی لێدێت ؟
لەحاڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەم مانگەدا، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بكات، نەوتەكە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە بە هەمان نرخی نەوتی عێراق دەفرۆشرێت.
فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە نرخی فەرمی عێراق سودی بۆ شایستە داراییەكانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا نابێت، چونكە پشكی هەرێم لە بودجەكە لەسەر بنەمای ناردنی (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دانراوە، نەك لەسەر بنەمای نرخەكەی.
بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، جیاوازی نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم لەگەڵ نەوتی عێراق 8 بۆ 10 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێك، واتە نەوتی هەرێم بە 10 دۆلار كەمتر لە نەوتی عێراق دەفرۆشرا.  
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی 13 لە یاسای بودجەی 2023-2024-2025ی عێراق، چیتر ناگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەچێتە ناو هەژمارێكەوە كە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوە، بودجە بۆ ئەمەش مەرجی داناوە‌و دەڵێ: داهاتی نەوتی هەرێم لەم هەژمارەدا نابێت هیچ بڕە پارەیەكی لێ گلبدرێتەوە یان مقاصەی لەسەر ئەنجام بدرێت، وەكو ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێ" تەنانەت نابێت پارەی هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و خەرجیی گواستنەوەشی لێ بدرێت".
بەر لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاردا، دواین بانك كە بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق داهاتی نەوتی هەرێمی تێدا دادەنرا، (سیتی بانك) بوو لە ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبی، بەڵام كاتێك لە 26ی حوزەیراندا یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتە بواری جێبەجێكردن، ئیتر بەپێی ماددەی 13ی یاساكە ئەم ژمارە حسابییە لە ئەبوزەبی داخراو هەرێم ناچاركرا داهاتی نەوتەكەی لە ژمارە حسابییەكەی بانكی ناوەندیی عێراقدا دابنێت.  
لەسەردەمی كابینەكانی پێشتردا داهاتی نەوتی هەرێم لە دۆلار دەگەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و لە بانكی كوردستان دۆلارەكە دەگۆڕدرایەوە بە دینار، لەسەردەمی كابینەی نۆیەمدا مەسرور بارزانی داهاتی نەوتی لە بانكی كوردستانەوە گواستەوە بۆ بانكی (ئاڕ تی)، بەڵام ئێستا ئیتر دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ كوردستان‌و حكومەتی هەرێمیش هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئەو هەژمارەدا نابێت كە لە بانكی ناوەندیی عێراق بۆ داهاتی نەوتی هەرێم دەكرێتەوە، تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم دەبێت بە داهاتی كۆتایی بۆ گەنجینەی گشتیی عێراق‌و هیچ بڕە پارەیەكی لێ داناشكێندرێت بۆ هیچ مەبەستێك، ئەمە بەواتای ئەوە دێت ئیتر سەردەمی "مقاصە" بۆ پاكتاوی حساباتی بودجە لەنێوان حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم كۆتایی هاتووە، حكومەتی هەرێم داهاتی خۆی بە كاش رادەستدەكات‌و حكومەتی فیدراڵیش دەبێت بە كاش شایستەی دارایی هەرێم دابین بكات، بەبێ پەنابردن بۆ هاوكێشەی لێبڕین‌و لێدەركردن.

داهاتی نەوتی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق چەندە ؟
ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە‌و عێراق بە نرخی خۆی نەوتی هەرێم بفرۆشێت، داهاتی نەوتی هەرێم چەند دەبێت بۆ گەنجینەی عێراق.
ئەگەر ئەو نرخە وەربگیرێت كە لە یاسای بودجەكە وەكو تێكڕا بۆ نرخی هەر بەرمیلێك دانراوە، واتا (70) دۆلار، ئەوا داهاتی هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق بەمشێوەیە دەبێت:
•    400 هەزار بەرمیل × 70 دۆلار× 30 رۆژ= 840 ملیۆن دۆلار داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمە بۆ گەنجینەی عێراق
•     840 ملیۆن دۆلار × 12 مانگ=  10 ملیارو 80 ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵانەی نەوتی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق

كێشەكانی نەوتی هەرێم دوای دەستپێكردنەوەی هەناردە
گەورەترین كێشەی نەوتی هەرێم دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بریتییە لە خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت.
لە یاسای بودجەدا عێراق، خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی زۆر بە كەمتر لەو نرخە ئەژماركردووە كە بەشێوەیەكی فعلی لە كوردستان هەیە.
یاسای بودجەی فیدراڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی بە هەمان ئەو نرخە ئەژماركردووە كە لە عێراق هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (6) دۆلاری دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕەكەی (24) دۆلارەو تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش (7) دۆلارە، واتا بە تێكڕای خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (31) دۆلار دەكەوێت.
یاسای بودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێك ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان‌و خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق.
بودجە پارەی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەكدا دیاریكردووە كە بڕەكەی (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دینارە بۆ یەك ساڵ، ئەم بڕە پارەیە كورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی لێكدانەوەیەك كە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی:
•    كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (1 ترلیۆن‌و 428 ملیار) دینار.
•    كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنان‌و هەناردەكردنی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (2 ترلیۆن‌و 448 ملیار) دینار.
واتا بە تێكڕا خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023دا بڕەكەی بە (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دینار دیاریكراوە، ئەم پارەیە بڕەكەی بە دۆلار دەكاتە (2 ملیارو 980 ملیۆن) دۆلار.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی (6 ترلیۆن‌و 695 ملیار) دیناری بۆ خەرجییەكانی نەوت خەرجكردووە، بەڵام لە بودجەی عێراقدا (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دیناری تەرخانكردووە، لێرەدا حكومەتی هەرێم توشی كورتهێنانێك دەبێت كە بڕەكەی (2 تریلیۆن‌و 800 ملیار) دینارە، وەكو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" ئەم كورتهێنانە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە".
ئێستا كە توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نیشانداوە، هێشتا دیار نییە ئایا كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئامادەن بەو نرخەی كە عێراق دیاریكردووە (6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم باسلەوە دەكات كۆمپانیاكان وتویانە ئامادە نین بەو پارەیە كار بكەن.
كەرتی نەوتی هەرێم كێشەیەكی تریشی هەیە كە ئەویش قەرزی مانگەكانی پێشووی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوت‌و پارەی وەرگیراوی پێشەكی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختەیە‌و بە تێكڕا بڕەكەی (8 ملیارو 623 ملیۆن) دۆلارە‌و ئەم قەرزەش هیچ چارەسەرێكی لە یاسای بودجەدا بۆ دیاری نەكراوە‌و نازانرێت حكومەتی هەرێم چۆن ئەم پارانە دەگێڕێتەوە.

داهات دوای رادەستكردنی نەوت
بەر لە رادەستكردنی بە كۆمپانیای سۆمۆ، نەوت رێژەی 77%ی تێكڕای داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی پێكدەهێنا، حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا لەبەرامبەر وەرگرتنی شایستەی دارایی خۆی، تێكڕای داهاتی نەوتی رادەستی بەغداد كرد، بەڵام ئەو بڕە پارەی كە بەغداد وەكو پشكی هەرێم دیاری كردووە، لەم چەند مانگەی رابردوودا كێشمەكێشی لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ دروستكردووە، هۆكاری سەرەكی ئەم كێشمەكێشەش پەیوەندی بە دیاریكردنی پشكی هەرێمەوە هەیە لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق، نەك خەرجی گشتی، ئەمە سەرچاوەی ناڕەزایەتییەكانی حكومەتی هەرێمە.
بەوهۆیەوە دوای سێ مانگ لە جێبەجێكردنی یاسایی بودجە، هێشتا ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان نەكەوتونەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ سێ مانگ (مانگەكانی 9-10-11) هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار وەكو قەرز بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، تاوەكو بتوانێت بەم پارەیە موچەی موچەخۆران دابین بكات، ئەمە بەو ئومێدەی هەردوو حكومەت تاوەكو سەرەتای ساڵی 2024 ناكۆكییەكانیان لەبارەی یاسای بودجەوە یەكلابكەنەوە.
بەشێكی گەورەی ناكۆكی هەرێم‌و بەغداد لە یاسای بودجە پەیوەندیدارە بە نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان، كە دەبێت ئەمەش چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.  
لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، لەبری ئەوەی توركیا هەناردەی نەوتی راگرتووە، حكومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجە بڕێك نەوتی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی رادەستی حكومەتی عێراقە، ئەم بڕە نەوتە لە سەرەتاوە 50 هەزار بەرمیل بوو لە هەر رۆژێكدا‌و ئێستا رۆژانە بڕەكەی گەیشتوەتە 85 هەزار بەرمیل، حكومەتی هەرێم ئەم نەوتە رۆژانە رادەستی پاڵاوگەی كۆمپانیای (كار) دەكات‌و كۆمپانیا نەوتەكە دەپاڵێوێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی سنوری پارێزگای نەینەوا، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێ:" ئەمساڵ حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ وەبەرهێنانی نەوت رادەستی هەرێم نەكردووە".

بەراوردكارییەك
لەماوەی 6 مانگدا كە هەناردەی نەوت راوەستاوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تێكڕا بڕی (6 ترلیۆن‌و 600 ملیار) دینار زیانی بەركەوتووە لەو بەر (54%)ی بۆ خەرجی كۆمپانیا و (46%)ی بۆ خەزێنەی حكومەت دەمایەوە بڕكەی نزیكەی (3 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارە ، لەبەرامبەردا لەم ماوەیە بڕی (3 ترلیۆن‌و 300 ملیار) دیناری وەكو قەرز لە حكومەتی عێراقەوە بەدەست گەیشتووە، واتا ئەوەی ئەوەی لەدەستتی داوە بە نزیكەی ئەوەندەی لە بەغدادەوە دەستكەوتووە، بەڵام ئەوەی بەغداد بە قەرزە، بەوهۆیەشەوە هەرێم لە دابەشكردنی موچەی موچەخۆران دواكەوتووە‌و لەكاتێكدا ئێستا موچەخۆرانی عێراق موچەی مانگی 10  وەردەگرن، حكومەتی هەرێم هێشتا لە دابەشكردنی موچەی مانگی 7 تەواو  نەبووە.
•    لە (25/3/2023 - 25/9/2023) واتا زیاتر لە (6) مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە.
•    پاڵپشت بە داتاكانی دیلۆیت، هەرێم لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، بە تێكڕای مانگانە زیاتر لە (12 ملیۆن‌و 461 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە.  
•    واتا لە ماوەی (6) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە زیاتر لە (74 ملیۆن‌و 766 هەزار) بەرمیل نەوت.
•    تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لەماوەی (25/3/2023 – 25/9/2023) بریتی بووە لە (82 دۆلار و 38 سەنت).
•     ئەگەر هەرێم بە داشكانی (15 دۆلار) نەوتەكەی بفرۆشتایە، وەك ئەوەی لە چارەكی دووەم‌و سێیەمی ساڵی (2022) دا رویدابوو. ئەوا؛
-    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 38 سەنت).
-    كۆی بەهای نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (5 ملیارو 51 ملیۆن و 146 هەزار) دۆلار واتا نزیكەی (6 ترلیۆن و 600 ملیار) دینار.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand