گرێی سەروەری ئاستەنگی بەردەم پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازە
2023-10-01 07:52:52
🔻گرێی سەروەری ئاستەنگی بەردەم پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازە
🔻بەغداد دەیەوێت داهاتی نەوت بچێتە یەك ئەژمارو لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا بێت
🔻هەرێم داوای مافی گرێبەست و ئەژمارێكی تایبەتی داهاتەكانی نەوت دەكات
🔻هەرێم تەنها ئەو كێڵگە نەوتیانە بە هاوبەش دەزانێت پێش (2005) دۆزراونەتەوە
"بەغداد ئەو هەنگاوە بەمەترسی دەزانێت بۆ هاندانی پارێزگا نەوتیەكانی تر"
درەو:
رۆژنامەی (العرب):
🔹مەزهەر محەمەد, راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت, یاسای نەوت و غاز, كە هێشتا چاوەڕانی پەرلەمانە پەسەندی بكات, دەبێتە سەرەتای دەستپێكردنی وەبەرهێنان لەبواری وزەو داهاتەكان زیاد دەكات.
🔹پێشبینی دەكرێت پەسەندكردنی یاساكە, رێگا ئاوەڵا بكات لەبەردەم رێككەوتنەكانی دابەشكردنی بەرهەمهێنان لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان, بەڵام ناكۆكییەكانی نێوان بەغدادو هەولێر, هێشتا بەربەستە لەبەردەم پەسەندكردنی یاساكە.
🔹جەوهەری ناكۆكییەكان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ناكۆكی لەسەر سەروەری, بەسەر مافی نەوتیی و بەرهەمهێنان و داهاتەكانی.
🔹لەكاتێكدا بەغداد دەیەوێت هەموو مافەكان لە دەستی حكومەتی ناوەند بێت, بەجۆرێك هەموو داهاتەكان هەموو بخرێتە یەك هەژمارەوە كە لەژێر سەرپەرشتی خۆدابێت, دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت مافی ئەنجامدانی گرێبەستیان هەبێت لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان, داهاتەكانیشی بچێتە ئەژمارێكی تایبەتەوەو لەژێر سەرپەرشتی بەغدادا نەبێت.
🔹بەگوێرەی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت و غاز, بەرپرسیارێتی ئیدارەدانی كێڵگە نەوتیەكان دەبێت لەدەستی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتدابێت, ئەنجومەنێكی فیدڕاڵی تایبەتمەند بەو پرسە, سەرپەرشتی بكات.
🔹حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت, حكومەتی عێراق مافی بەشداری هەیە لە ئیدارەدانی كێڵگە دۆزراوەكان پێش ساڵی (2005), بەڵام ئەو كێڵگانەی دوای ئەوە دۆزراونەتەوە, سەر بە حكومەتی هەرێم دەبن.
🔹ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر ئەوەیە هەرلایەنەو دەوێت سەروەری خۆی بسەپێنێت, حكومەتی ناوەند دەڵێت, ئەو حكومەتی هەموو عێراقە, حكومەتی هەرێمیش پێیوایە سیستمی فیدڕاڵی رێگەی پێدەدات كۆنتڕۆڵی داهاتە نەوتیەكانی خۆی بكات, ئەوەش وایكردوە بابەتەكە ببێتە ناكۆكییەكی سیاسی و یاسایی لەیەك كاتدا.
🔹بەغداد ترسی هەیە لەوەی, پێدانی دەسەڵاتی فراوان بەهەرێم لەمەسەلەی نەوتدا, هانی پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بدات, لەنمونەی كەركوك و بەسرە, بەوەی داوای دەسەڵاتی وەبەرهێنان و دەرهێنان و بە بازاڕكردنی نەوتەكەیان بكەن, هاوشێوەی ئەوەی هەرێم داوای دەكات.
🔹پرۆژە یاساكە لە (53) مادە پێكدێت, پێویستە ئەنجومەنی فیدڕاڵی نەوت دابمەزرێت كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆكایەتی دەكات, وەزیرو نوێنەرانی پارێزگاكان تیایدا ئەندامن, ئەوان سیاسەتی نەوت دادەڕێژن و رێنمایی جێبەجێكردنی گرێبەستەكان دەردەكات و رەزامەندی لەسەر گەڕان و پێشخستن و بەرهەمهێنان دەدات و گرێبەستە واژوكراوەكان پەسەند دەكات.
🔹هەندێك لە شارەزایان دەڵێن, ئەگەر پرۆژەكە بەم دەقەی ئێستای پەسەندبكرێت, داهاتی گەنجینەی عێراق كەمدەكاتەوە, چونكە هەر پارێزگایەك هەوڵدەدات هەنگاوی هاوشێوەی هەولێر بنێت, بەوەی خاوەندارێتی دۆزینەوەی نەوت لەدوای (2005)وە, پارێزگاكە دەبێتە خاوەنی كێڵگە نەوتیەكەو رێژەیەك لە داهاتەكەی بۆ گەنجینەی گشتی دەگێڕێتەوە.