قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگاریەکانی
2023-09-30 10:56:56
ئامادەكردنی: سلێمان مستەفا حەسەن
شاراوە نییە قەوارەی هەرێمی کوردستان زادەی خەباتی سەدان ساڵەی گەلی کوردستانە ،و رەوایەتی لە شۆرش و خەبات و ڕاپەرینی گەلی کوردستان وەرگرتوە و بەری کوردستانیش لە دەست پێشخەرێکی بێ وێنەدا لەرێگای هەڵبژاردنەوە رەوایەتی یاسایی پێدا لە رێگەی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩ / ٥/ ١٩٩٢ ، کە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ بە ریفراندۆمی نەتەوەی ناوزەد دەکرێت لەبەرامبەر ئەو پێشوازیە گەرمەی لێکرا ، لێرەدا کاتی ئەوە نییە هەڵسەنگاندن وشرۆڤەی بۆ بکەین ، یان زامەکان بکولێنینەوە ، ئەوەی بەلامەوە گرنگە ئاماژە دانە بە پێگەی یاسایی و دەستووری قەوارەی هەرێمی کوردستانە ، دوای پەسەند کردنی دەستوری هەمیشەیی کۆماری عێراقی فیدراڵ پێگەی هەرێمی کوردستان لە هەرێمێکی دیفاکتۆوە بوو بە هەرێمێکی دانپێنراوی دەستووری کە پێگەیەکی بەرزو نکۆڵی لێنەکراوەو ، وە تا ئەم دەستورە بەرکاربێت هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی شەرعی و دەستورییە ، وە لە بەرامبەریشدا دەبێت پابەندی دەستووری ئیتتحادی بین وەک لە دەقی ماددەی (١٣)ی دەستووردا هەتوە ( یەكەم: ئەم دەستورە بە یاسای باڵاو هەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقداو، پێویستە لە هەموو شوێنێكی عێراقدا پابەندبن پێوەی بە بێ جیاوازی.
دووەم: نابێت یاسایەك دابنرێت پێچەوانەی ئەم دەستورە بێت ، کاتی ئەوە هاتووە کە سەرکردایەتی کورد بە هەموو هێزەکانیەوە لاپەرەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە بە ئەرکی ئەم قۆناغە هەڵسن لەوانە :
لەسەر ئاستی عێراق :
پێویستە لە بەغدا بەفەرمی لیستی کوردستانی رابگێنن و دەست بە ئەرکە هەنووکیەکانیان بکەن ، چونکە لەدەستوردا چەندین ماف و دڵنیایی هەیە کە پێگەی دەولەتی فیدراڵی بەهێز دەکەن و لە قازانجی هەرێمەکاندان ، لە عێراقی فیدرالیشدا تەنها هەرێمی کوردستان هەیە وەک هەرێمی فیدراڵ بۆیە پێویستە ناکۆکیە لۆکالیەکان و کەسیەکان وەلابنرێن پەلەبکەن لە ئامادەکردنی چەند پرۆژە یاسایەکی گرنگ کە لە دەستووری بەدەق هاتوون ، لەگەڵ ئامادەکردنی پرۆژەکان زەمینەسازی و کۆدەنگێش دەوێت لەگەڵ حزب و لایەنەکانی تر .
یەکەم : پرۆژە یاسای (ئەنجومەنی فیدراڵی) کە هاوبەشی دەسەڵاتی یاسادانانە وەک لە ماددەی (٤٨) و(٦٥) دەستوردا هاتوە ،
دەسەڵاتی یاسادانان لە کۆماری عێراقی فیدراڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵی پێكدێت. ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی و بەهێزی دەوڵەتی فیدرالیە کە دەسەڵاتی یاسادانان دوانەیی بێت و دان بە هەبوونی دەستووری هەرێمەکاندا بنێت واتە دەستوریش دوانەیی بێت ، بێ گومان ئەمانە لە دەستوری پەسەندکراودا هاتوون ، هەروەها لە ماددەی (٦٥) دەستووردا هاتوە :
ئەنجومەنێكی یاسادانان پێكدەهێنرێت كە بە (ئەنجومەنی فیدرالی) ناودەبرێت، نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانە لە خۆدەگرێت كە ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە ، پێكهاتەو مەرجەكانی ئەندامێتی و بواری تایبەتمەندێتی ئەم ئەنجومەنەو هەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا ڕێكدەخرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی 3/2 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
دووەم :پرۆژە یاسای نەوت و گاز پرۆژەیەکی ژیارییە بۆ هەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە هەموو تواناکانی کورد و دۆستانی یەکبخرێن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە مافی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەم هێنەکان دەستەبەربکات بۆ ئەمەش دەقی هەردوو ماددەی (١١١) و(١١٢ ) بکرێنە پێوەر، لە ماددەی (١١١) ی دەستوردا هاتوە :
نەوت و غازی موڵكی سەرجەم خەڵكی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا. هەروەها لە ماددەی (١١٢) دا هاتوە :
یەكەم: حكومەتی فیدرالی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێك داهاتەكانیان بەشێوەیەكی دادپەروەری و بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرجەم پارچەكانی وڵاتدا دابەش بكرێت لەگەڵ دیاریكردنی پشك بۆ ماوەیەك بۆ ئەو هەرێمە زیانلێكەوتوانەی ڕژێمی پێشوو بێبەشی كردبوون و ئەوانەش كەپاشتر زیانیان لێكەوت بەجۆرێك گەشەسەندنێكی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەكانی وڵات مسۆگەر بكات و ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت.
سێیەم :( پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی )
ئاماددەکردنی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە ، ئەزموونی ئەو چەند ساڵە ئەو گرنگیە بۆ هەموو لایەک دووپات کردەوە بە تایبەتی کە دەستوور قسەی کۆتایی داوە بە دادگای باڵای فیدراڵی وەک لەدەقی ماددەی (٩٤) داهاتوە (بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەكلاكەرەوەیەو دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن) بۆیە گرنگە بە پیێ ئەم دەقە دەستوریانە مامەلە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەین وەک لە ماددەی ( ٩٢ ) (٩٣) دا هاتەوە :ماددەی (٩٢ )
یەكەم: دادگای فیدرالیی باڵا دەستەیەكی دادوەری سەربەخۆیە لەڕووی دارایی و بەڕێوەبردنەوە.
دووەم: دادگای فیدرالیی باڵا لە ژمارەیەك داوەرو پسپۆڕی بواری فیقهی ئیسلامی و یاساناس پێكدێت. دیاریكردنی ژمارەو شێوازی هەڵبژاردن وكاری داگاكە بە یاسا ڕێكدەخرێت بەزۆرینەی دوولە سێی 3/2 ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
هەروەها لە ماددەی (٩٣ ) دا هاتوە :
دادگای فیدرالیی باڵا تایبەتە بەم بوارانەوە:
یەكەم: چاودێریكردنی ڕادەی دەستووری بوونی یاساو پێڕەوە كارپێكراوەكان.
دووەم: لێكدانەوەی دەقەكانی دەستوور.
سێیەم: یەكلاییكردنەوەی ئەو كێشانەی لە ئەنجامی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی فیدرالیەوە دروست دەبن و ئەو بڕیارو پێڕەوو ڕێنمایی و ڕێوشوێنانەی لە دەسەڵاتی فیدڕاڵیەوە دەردەچن، یاساش ماف دەدات بە هەریەك لە ئەنجومەنی وەزیران و كەسانی خاوەن پلەو ئەوانی دی كە ڕاستەوخۆ لە دادگا ڕەخنە لەو بڕیارانە بگرن.
چوارەم: یەكلاكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لەنێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاو شارەوانی و ئیدارە ناوخۆییەكان ڕوودەدات
پێنجەم: یەكلاكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لەنێوان حكومەتی هەرێمەكان یان پارێزگاكان ڕوودەدات.
شەشەم: یەكلاكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان، ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت.
حەوتەم:.پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە گشتیەكان بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران
هەشتەم:
أ- یەكلاییكردنەوەی ناكۆكی لە نێوان بواری كاری دادگای فیدرالی و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگاكان كە ناكەونە سنوری پارێزگاكان.
ب- یەكلاییكردنەوەی ناكۆكی لە بواری كاری دەستەی دادوەری هەرێمەكان و پارێزگاكان كە ناكەونە سنوری هەرێمەكانەوە.
لەماددەی (٩٤) دەستوردا
چوارەم : پرۆژە یاسای دەستەی پاراستنی مافی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لەناو هەرێمەکاند رێکنەخراون :
لەماددەی (١٠٥ ) و ماددەی (١٠٦)ی دەستوردا پرسی دەستەی مافی پارستنی هەرێمەکان و پارێزگاکان دووپاتدەکاتەوە ، کە وایە لەبەر چی کورد دوورو نزیک باس لە گرنگی و ئامادەکاری ناکات بۆ تێپەرەندی ئەم یاسایە گەر سەرنج بدەین لە ماددەی (١٠٥) ی دەستوردا هاتوە :
دەستەیەكی گشتی پێكدەهێنرێت بەمەبەستی پاراستنی مافی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە بۆ بەشداریكردنیان بە شێوەیەكی داپەروەرانە لە بەڕێوەبردنی دامودەزگا جۆراوجۆرەكانی حكومەتی فیدرالی و نێردەكان و زەمالەكانی خوێندن و شاندەكان و كۆنگرە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان. ئەم دەستەیەش پێكدێت لە نوێنەرانی حكومەتی فیدرالی و هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی سەر بەهیچ هەرێمێك نین و ئەوەش بەیاسا ڕێكدەخرێت.
هەروەها لە ماددەی (١٠٦) دەستوور باس لە دەستەی گشتی چاودێریکردن و تەرخانکردنی وداهاتی فیدراڵ دەکات گەر سەرنجی دەقی ماددەکەبدەین :
ماددەی (١٠٦ ) : بەیاسا دەستەیەكی گشتی بۆ چاودێریكردن و تەرخانكردنی داهاتی فیدرالی دادەمەزرێنرێت. دەستەكە لە پسپۆڕانی حكومەتی فیدرالی و هەرێمەكان و نوێنەرانیان پێكدێت و ئەم لێپرسراویتیانەی هەیە:
یەكەم: دڵیابوون لە دابەشكردنی دادگەرانەی باربوو و یارمەتی و قەرزە نێودەوڵەتیەكان بەگوێرەی پشكی هەریەكە لە هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.
دووەم: دڵیابوون لە بەكاربردن و دابەشكردنی داهاتی دارایی فیدرالی بەباشترین شێوە.
سێیەم: دڵنیابوون لە هەبوونی شەفافیەت و دادپەروەری لەتەرخانكردنی پارەوپول بۆ حكومەتە هەرێمیەكان و ئەو پارێزگایانەی كە ناكەونە سنوری هەرێمەكانەوە بەپێی ئەو ڕێژانەی بڕیاری لەسەر دراوە.
لە دروشم و قسەوە بۆ کردار
پێنجەم :جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور بکرێتە ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی حزبەکان ، ململانی ناوخۆیی و دووبەرەکی و فرە گوتاری دادی ناوچەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نادەن ، بۆیە ئیتر کاتی ئەوەهاتوە کورد بەرنامە و داخوازیەکان بکاتە بنەمای گفتوگۆ واز لە پۆست و پشکپشکێنەی حزبی بێنێت
ئەرکە هەنوکیەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان
دڵنیام هاوڕان لەگەڵما کە پێویستە حیکمەتەکی ئەحمەدی خانی بیر خۆمان بێنینەوە کە لانی کەمی ٣٠٠ ساڵ بەر ئێستا فەرمویەتی ( گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک ، ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک ، رۆم و عەرب وعەجەم تەمامی هەمیا ژمە را دکر غوڵامی ، تەکمیل دەکر مەدین ودەوڵەت ، تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت ) بۆیەپیویست بە هیچ بەهانەو پاساوێک ناکات دەردی ئێمە خۆ خۆری بووە ، دەرمانی دەردی ئێمەش تەنها و تەنها یەکگرتنە بۆیە پێوستە بەرنامەو پلانی ئایندەمان چربکەینەوە لە :
یەکەم : ئاشتبونەوەی گشتی لە نێوان حزبەکان خۆیان و ئاشتکردنەوەی جەماوەر ، هەروەها هەماهەنگی و بەخۆدا چونەوە لەگەڵ برایانمان لە پارچەکانی تری کوردستان لەبەر رۆشنایی سەردەمی درۆن و دەست کردی زیرەک و تەکنۆلۆجیاو بەجیهانبوون ، ئەمەش دەخوازێت راستگۆیانە و دوور لە خۆکردن بە پاڵەوان و خۆکردن بە خاونی تاپۆی رەشی کوردایەتی لەبەر رۆشنایی سێ کوچکەی ( سۆزو هاو خوێن و هاو نەتەوە ، و یاسا و بارودۆخی دیفاکتۆو ، و هێزمان ) پێداچونەوە بە پەیوەندیەکنماند ا بکەینەوە و لە دروشمی نەزۆک و پۆپۆلیستی دوربکەوینەوە و سوود لە هەڵەکانی رابردومان وەربگرین .
دووەم : پێویستە کاری جدی بکرێت بۆ کۆدەنگی و سازان لەسەر ئامادەکردن و تێپەراندنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان ، چونکە دوانەیی دەستوور لە دەوڵەتی فیدراڵدا لە سیما هەرە سەرەکیەکانی دەوڵەتی فیدراڵن ، هەر ئێمەی کوردین بە گرنگیەوە باس لە فیدراڵی دەکەین بۆیە باجی نەبوونی دەستورمان داوە پێویستە چیتر فێڵ لە خۆمان نەکەین هەنگاوی بە پەلەو جدی بگرینە بەر بۆ ئەم پرسە .
سێیەم : گەرانەوە بۆ میللەت ، و وەرگرتنەوەی رەوایەتی دەسەڵات لە گەڵەوە یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی سیستەمی حوکمڕانی کە ئەمرۆ بەپێی دەستوری عێراق سیستەمی حوکم رانی پەرلەمانییە و گەڵ سەرچاوەی دەسەڵاتە ، بۆیە تەنها دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن کۆتایی پرسەکە نییە بەڵکو زەمینە سازی گرنگە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئاشتبونەنەوە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ میللەت و خۆ ئامادەکردن بۆ گەڕی بەردەوامیدان بە دان و ستاندن لە حکومەتی ئتتحادی و چەسپاندنی مافەکانمان بە پێی دەستوور ، ئەزمونێش سەلماندی تەنها یەکبوون و یەکگوتاری هێزی کوردە گەرنا بە زمانی ژمارەکان کورد دۆراوی یەکەمە ، بیریشمان نەچێت ماددەی (٥ ،٦ )ی دەستوور جەخت لەسەر هەڵبژاردن و رەوایەتی دەسەڵات لە رێگای دەنگدانی نهێنی وهەڵبژاردن دەکاتەوە ، ناکرێت بنەماکانی دەستورو رێکەتننامە نێودەوڵەتیەکان وەلا بنرێن .
چوارەم : دەستەبەرکردنی ئازادی و ئازادی رادەربرین و ئازادی رۆژنامەگەری لەبەر رۆشنایی یاسایەکی پێشکەوتوودا ، گەر سەرنجی ماددەی ( ٣٧ ، ٣٨ ، ٣٩، ٤٠ ، ٤١ ) پێداگری لەسەر ماف و ئازادیەکان دەکاتەوە ، ناکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی زیندانی رۆژنامەنوسان ورێز لە ئازادی رادەربرین نەگیرێت.
پێنجەم : گەراندنەوەی شکۆو هێز بۆ دامەزراوەکانی حکومەت بە هەرسێ دەسەڵاتەکیەوە ، ئەزموونی رابردوو سەلماندی دەسەلاتی بێ هێز و بێ شکۆ ، حزبەکان و میللەت و هەرێم بێ هێز وبێ شکۆ دەکات ، نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێت پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان رۆحی دیموکراسی و سەروەری یاسا و عەدالەتە ، چونکە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەرهەمی تاقیکردنەوەی فەرمانڕەوایی ستەمکاریە ، مێژووش پێمان دەڵێت کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان و یاری پێ کردنیان مایەیی هێنانەکایەیی ستەمکاریە .
شەشەم : سەروەر بوونی یاسا و بێ لایەنی دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم ئەرکێکی لە پێشینەیە بۆیە پێویستە هەموو لەمپەرکان وەلابنرێن بۆ ئەوەی ئەم دەسەلاتە بە وەزیفە و دەسەلاتی خۆی پیادە بکات و کەموو کوریەکان پر بکرێنەوە و نەبن بە ئامراز بەدەست لایەنە سیاسەکان و دەسەلاتەکانی تر .
حەوتەم : یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و تەواوی هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، ئەم پرسەش بە دروستکردنی متمانە بەدی دەهێنرێت .
هەشتەم : پاراستنی مافی مرۆڤ و پێشەل نەکردنی بنەماو پرنسیپەکانی ، هەروەها پێدانی سەربەخۆیی تەواو بە دەستەی مافی مرۆڤ و دەستە بەرکردنی مافی وەک یەکی بۆ تەواوی پێکهاتەکانی کوردستان .
نۆیەم : پێداچونەوە بە سیستەمی دارایی و بانکی و رێکخستنەوەی یاساکان و بنبڕکردنی قۆرغکاری و دۆزینەوەی هەڵی کارو دەستەبەرکردنی مافی بیمەی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی بنەما یاسایی ودەستوریەکان وەک لە دەقی ماددەی (٢٨ ) دەستوردا هاتوە :
یەكەم: باج ناسەپێنرێت و هەموار ناكرێت و وەرناگیرێت و لێبوردن نایگرێتەوە تەنها بە یاسا نەبێت.
دووەم: خاوەن داهاتی كەم لە باج دەبەخشرێت بۆ ئەوەی ڕیگەنەدرێت دەستدرێژی بكرێتە سەر لانی كەمی ئاستی بژێوی، ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت.
دەیەم : پێداچونەوە بە یاساکانی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی دەستور، بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندی هەرچوار دەسەڵاتەکە (دەسەڵاتی ئیتتحادی ، دەسەڵاتە هاوبەشەکان ، دەسەلاتی هەرێمەکان ، دەسەڵاتە باس نەکراوەکان،
لە کۆتایی دا دەمەوێت بڵێم ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقیە کە زەمینە ساز بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەجندایە کە دەبێتە وەلام دەرەوەش بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە لە حوکمڕانی کورد بێ ئومێد نەبن ، چونکە ئەرکە هەنوکیەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ داواکاری کۆمڵگای نێو دەوڵەتیشە لە حزبە دەسەڵاتدارەکان ، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان کە لە بەدەست هێنانی مافە دەستوریەکانیدا ، هەروەها کۆتایی بەو نائومێدیە دێنێت کە ئێستا لە ئارادایە ، لەو بارودۆخەی دەگوزرێت و بارو دۆخێکی نا ئاساییە، ئێمەش خۆزگە بە غاندیەک بە ماندێلایەک دەخوازین کە بتوانێت ئەو خۆخۆری و رق و کینەو دووبەرەکی و دەمارگیری وخۆخواردنەوە و خۆ بەکەم زانینە بکاتە چەکی ئاشتی و لێبوردەیی و خاڵی ئاشتبونەوەو هەستانەوەو هێز ، بۆیە کاتی ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنێش زمانی خۆی بگۆرێت و نوسەران و رۆشنبیرانیش بێنەوە مەیدان ، زمانی رەخنەی بنیاتنەرانە بکرێتە بنەمای بەرنامەی کار .