هاوپەیمانی لە كەركوك پەشیمان دەبێتەوە
2018-07-03 20:05:22
درەو میدیا:
"پەیوەندیمان بەو پرۆسەی هەژماركردن و جیاكردنەوەی دەنگەكانەوە نیە كە بڕیارە لە كەركوك دەستپێبكات و نوێنەری خۆمان وەك بریكار و چاودێر رەوانەی پرۆسەكە ناكەین" ئەمە بەشێكە لە راگەیەنراوی ئەمرۆی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی پارێزگای كەركوك دەریانكردووە، ئەگەرچی هاوپەیمانی ئاماژە بەوە دەكات" بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی كەركوك و هەستیاری بارودۆخەكە و بەتەنگەوەهاتنی پرسە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكان بەباشمان نەزانی سكاڵا لەسەر سندووقەكانی دەنگدان تۆماربكەین " بەڵام پێشتر هاوپەیمانی زۆر توندبوو لەسەر ساختەكاریەكان و هەوڵەكان بۆ ئەژماركردنەوەی دەستی لە هەرێمی كوردستان بە ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە، كە لە راگەیەنراوی هاوبەشی چوار حزبەكە (بزوتنەوەی گۆڕان , هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری , كۆمەڵی ئیسلامی ,یەكگرتووی ئیسلامی) كە شەوی 12ی ئایاری 2018 بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بە دوو خاڵكراوە ئەوانیش:
1- كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو پابەند نابین بە ئەنجامەكانەوە.
2- داوای دوبارەكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەین
ئەم هەنگاوی هاوپەیمانی بە پاشەكشە لێكدەدرێتەوە لە هەوڵدان بۆ ئاشكراكردنی دەنگە " دزراوەكان" بە وتەی لێدوان و بڵاوكراوەی شەش حزبە ناڕازیەكە، د. محەمەد عەلی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی راگەیەنراوەكەی هاوپەیمانی "بە شەرعیەتدان بە ساختەكاری لێكدەداتەوە"و پێیوایە ئەو راگەیەنراوە "خراپترین ڕاگەیەنراوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەریە" هۆكارەكەشی بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێنێتەوە ئەوانیش:
یەكەم: ئەم ھەڵوێستە شەرعیەتدانە بەتەزویری كەركوك.
دوەم: بون بەبەشێك لەو گوتارە كوردایەتیە ساختەی پارتی و یەكێتی.
سێیەم: كەركوك بە بەرنامەی سیاسی سەركەتو و خزمەتكردن دەبێت بە كوردستانی نەك بەتەزویر!
چوارەم: ناكرێت لە پارێزگایەك دژی تەزویربیت و لەپارێزگایەكی تر لەگەڵیبیت.
پێنجەم: تەنانەت لەوە نەگەیت كە یەكێتی تەزویری بۆ خۆی كردوە لە كەركوك نەك بۆ كورد. ئەگینا بۆ ھەرشەش كاندیدە كوردە دەرچوەكانی كەركوك یەكێتین!
شەشەم: ھاوپەیمانی و كۆمەڵ و گۆڕان یەك لیستبون لەكەركوك (لیستی نیشتمان)، پێكەوە وتویانە: لە كەركوكیش تەزویركراوە. ئەرێ برادەران ئەمە پشتكردن نیە لە كۆمەڵ و گۆڕان و پێشینەیەكی خراپ و بێ متمانەییەك نابێت بۆ كاری پێكەوەیی لەداھاتودا..؟!
بەڵام ئەو راگەیەنراوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە:
1- هەڕەشەو فشارە بەردەوامە ئاشكراو نهێنیەكانی بەرپرسانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە چەند جارێك رایانگەیاندووە كە دەستكاریكردنی كورسیەكانیان قبوڵناكەن. یەكێتی تەركیزی زۆری لەسەر دەنگەكانی كەركوكە بەو پێیەی سندوقەكانی كەركوك لەژێر دەستی یەكێتیدا نەبووەو یەكێتی ترسی هەیە" ئەو ساختەكاریەی لەو شارە كردوویەتی ئاشكرا ببێت و كورسیەكانی كەمبكات" كە چەندین جار حزبە توركمان و عەرەب و كوردیەكانیش ئاماژەیان بە ساختەكاری گەورە كردووە لە شاری كەركوك.
2- هاوپەیمانی بۆی دەركەتووە كە گۆڕانكاری لە كورسی و دەنگەكانی كەركوك روودەدات بۆیە، بەر لەوەی یەكێتی كاردانەوەی هەبێت هاوپەیمانی بێبەری بوونی خۆی رادەگەیەنێت.
3- ترسی هاوپەیمانی لە تەخوینكردن، بەتایبەت ئیعلامی یەكێتی زۆر كار لەسەر ئەوە دەكات، كە كەمكردنی كورسیەكانیان و بردنیان بۆ حزبە عەرەبی و توركمانیەكان خیانەتە لە شاری كەركوك.
4- یەكەم كاردانەوەی هاوپەیمانی بەرامبەر بە حزبە ناڕازیەكان و بێئومێد بوونیان لە كاری هاوبەش، كە هاوپەیمانی زۆر بە جدی داوای هاوپەیمانی و كاری هاوبەشی لە گۆڕان كرد بەڵام گۆڕان بەو گەرمیە نەچووە پێشەوەو هاوپەیمانی نەكرد.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانیی لە پەیجی رەسمی خۆی بڵاویكردۆتەوە كە " دوای دەستكردن بە كردنەوەی سندوقە سكاڵالەسەر تۆماركراوەكان و بەراوردكردنی ژمارەیی بەراورد لەنێوان باڕكۆد و لێكۆڵینەوەی ئەلیكترۆنیی جیاوازییەكی گەورە لە ئەنجامەكاندا دەردەكەوێت.
بەڵام ئاسۆ مامەند بەرپرسی بەڵبەندی كەركوكی یەكێتی رایگەیاندووە" لە هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست رێژەی دەنگەكانی یەكێتی زیادی كردووە، بە جۆرێك لە داقوق یەكێتی رێژەی لە 50 % دەنگەكانی زیادی كردووە"