Draw Media

بافڵ تاڵەبانی، دەسەڵاتەكانی مام جەلال تێدەپەڕێنێت

بافڵ تاڵەبانی، دەسەڵاتەكانی مام جەلال تێدەپەڕێنێت

2023-09-29 07:55:43


درەو:
لە رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا (59) جار ناوی سەرۆكی یەكێتی هێندراوە، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، دەبێتە كۆنگرەی بەخشینی سەرجەم دەسەڵاتەكانی یەكێتی بە بافڵ تاڵەبانی، لە رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا كە ئەمڕۆ پەسەند دەكرێت، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیە، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیە، سەرۆكی ئەنجومەنی پشتیوانیە، سەرپەرشتیاری ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانە، ئەندامانی ئەنجومەنی پشتیوانی و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكان دادەنێت، و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دیاری دەكات، بەرپرسی مەڵبەندەكان و مەكتەبەكان و وتەبێژ خۆی دایدەنێت، سەرپەرشتیاری دارایی و مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ناوەندی یاساییە.

دەسەڵاتەكانی بافڵ تاڵەبانی
لە یەكەم رۆژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردرا، واتا لە رۆژی 27ی تەمووزەوە یەكێتی كۆتاییهێنا بە سیستەمی هاوسەرۆكی و ناوی هاوسەرۆكی و تەنانەت ناوی سكرتێری گشتی یەكێتیش، كە جەلال تاڵەبانی لە (1976 - 2017) واتا بۆ ماوەی (41) ساڵ سكرتێری یەكێتی بوو.
بە پێی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە بڕیارە ئەمڕۆ پەسەند بكرێت و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێدرێن، دەسەڵاتێكی زۆر دراوە بەسەرۆكی یەكێتی، سەرۆكی ئەنجومەنەكانی یەكێتی و دیاریكردنی ئەندامانیان و تەواوی دەسەڵاتەكانی دارایی و سیاسی و رێكخستن و بەرپرسەكان دراوە بە سەرۆكی یەكێتی.
بەپێی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی (59) جار ناوی سەرۆكی یەكێتی هێندراوە و دەسەڵاتەكانی لە مادە جیاوازەكاندا خراوەتە روو.
بەپێی مادەی (26)ی پەیڕەوی ناوخۆ.
سەرۆكی یەكێتی راگری یەكدەنگی و یەكریزی یەكێتیەو كاردەكات بۆ پاراستن و جێبەجێكردنی پەیڕەو ناوخۆ و یەكڕیزی و یەك گوتاری یەك هەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەكان و نوێنەرایەتی (ی.ن.ك) دەكات لەناوەوەو دەرەوە و لەبەردەم دامو دەزگا حكومی و یاساییەكاندا، سیمبولی یەكڕی و یەكگوتاری یەكێتیە لەناو خۆ و دەرەوە .
سەرۆكی یەكێتیەو سەرۆكی ئەنجومەنی گشتی یەكێتیە.

لە مادەی 21:
ئەنجومەنی سەركردایەتی بە سەرۆكەوە (61) ئەندامە.
دوای كۆنگرە سەرۆكی یەكێتی بانگهێشتیان دەكات بۆ كۆبوونەوەو سەرپەرشتیان دەكات، لەكاتی بەتاڵبونی ئەندامێكی سەركردایەتی سەرۆكی یەكێتی دەتوانێت شوێنەكەی پڕبكاتەوە
بە رەزامەندی سەرۆكی یەكێتی (5) كورسی سەركردایەتی بۆ كەسایەتیە سیاسی و حكومیەكان و (5) كورسی بۆ ئەو كەسانەی دێ،ە ناو یەكێتیەوە دیاری دەكات

بەپێی مادەی (30) :
•    دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی كاروباری یاسایی، لەگەڵ سەرجەم پەیوەندییەكانی بەغداد و عێراق بەگشتی و وەهەر پەیوەندییەكی تری كاریگەر لەسەر (ی،ن،ك) هەبێت راستەوخۆ بەسەرۆكەوە دەبەسترێتەوە

مادەی(31):
وتەبێژی یەكێتی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێت، تەنها كاری وتەبێژی دەبێت و هیچ ئەركێكی تری نابێت.

مەكتەبی سیاسی  مادەی (33):
ئەندامانی مەكتەبی سیاسی (12 - 14) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە پێشنیاز دەكرێت.

مەكتەبەكان مادەی (37):
لێپرسراوی مەكتەبەكان و بەرپرسی بۆردو بەشە سەرەكییەكان  كە ئەندامی سەركردایەتین هەروەها بەرپرسی مەڵبەندەكان لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن.

دەزگای دارایی  مادەی (46):
دەزگای دارایی یەكێتی سەرپەرشتی خەرجی و داهاتی یەكێتی دەكات و راستەوخۆ بە سەرۆكی یەكێتیەوە دەبەسترێتەوە، بۆردی داهات لەلایەن ئەنجومەنێكەوە بەڕێوە دەبەرێت كە سەرۆكی یەكێتی پەسەندی دەكات.

ناوەندی كاروباری یاسایی  مادەی (50):
ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتی بەرپرسێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتی دیاری دەكرێت.

مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتی مادەی (53):
مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتی لێپرسراوێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێت.

ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكان  مادەی (55):
ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە (9 -15) ئەندام پێكدێت و سەرۆكی یەكێتی ئەندام و سكرتێر و جێگرەكانیان دیاری دەكات.

ئەنجومەنی پشتیوانی  مادەی (57):
ئەنجومەنی پشتیوانی لە (100) ئەندام پێكدێت، ئەندامەكانی و جێگر و سكرتێری ئەنجومەنەكە لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن
ئەنجومەنی پشتیوانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

مادەی (60):
پاش كۆنگرە لیژنەیەكی باڵا بەسەرۆكایەتی سەرۆكی یەكێتی پێكدەهێندرێت بۆ رێكخستنەوەی گشتی كاری مەكتەبەكان و دابەشكردنەوەی ئەركەكان.

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand