Draw Media

زیاتر لە 100 كەس مردن

زیاتر لە 100 كەس مردن

2023-09-27 06:40:53


(درەو): 
حەنین‌و ئیرڤان ئاهەنگی هاوسەرگیرییان كرد، هەزار كەس بۆ بەشداری لەم ئاهەنگە بانگهێشتكرابوون، لە ئەمریكاو ئوسترالیاو بەریتانیاوە خەڵك هاتبوون، مەسیحی‌و ئێزدی ناوچەكە بەشداربوون، لە پڕێكدا ئەم خۆشییە گەورەیە كارەساتی لێكەوتەوە.
درەنگانێكی شەوی رابردوو عێراق‌و هەرێمی كوردستان بوون بە شایەتحاڵی كارەساتێكی مرۆیی گەورە، زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا لە ئاهەنگێكدا لە قەزای حەمدانیە. 
(حەنین)‌و (ئیرڤان) كە كچ‌و كوڕێكی خەڵكی قەزاكەن، دوێنێ شەو ئاهەنگی هاوسەرگیرییان كرد، ئاهەنگەكەیان لە هۆڵێكدا سازكرد كە ناوی هۆڵی (هەیسەم)ە، میوانێكی زۆر بۆ بەشداری لەم ئاهەنگە بانگهێشت كرابوون، هەموان لەناو سەماو خۆشیدا بوون كاتێك كاتژمێر 10:30ی شەو كارەساتەكە روویدا. 
زانیارییە بەراییەكان باسلەوە دەكەن، بەهۆی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان لەناو هۆڵەكەدا لەلایەن هەندێك لە بەشداربوانەوە، ئاگركەوتوەتەوە، بەكارهێنانی ماددەی (سەندویچ پەنەڵ) لە سەقف‌و دیواری هۆڵەكەدا كە ماددەیەكە بەخێرایی گڕدەگرێت، وایكردووە لەماوەیەكی كەمدا هۆڵەكە بەتەواوی بسوتێت.
سەرباری ئەمەش بۆ مەبەستی جوانكاری سەقف‌و دیواری هۆڵەكە بە قوماشی رەنگاو رەنگ داپۆشراوە‌و پێشبینی دەكرێت ئەمەش هۆكارێكی تری خێرایی ئاگركەوتنەوەكە بووببَت. 
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی رایگەیاند، بەكارهێنانی ئەو ماددانە لە سەقف‌و دیواری هۆڵەكەدا پێچەوانەی رێنماییەكانی سەلامەتییە، بۆیە بەگوێرەی یاسای بەرگری شارستانی ژمارە 44ی ساڵی 2013 خاوەنی هۆڵەكە رەوانەی دادگا دەكرێت، چونكە پێداویستی سەلامەتی‌و ئاگاداركردنەوە‌و ئاگركوژێرنەوە دانەناوە. 
بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی مانگی سوری عێراقی، ژمارەی قوربانیانی ئەم رووداوە بۆ زیاتر لە (450) كەس بەرزبوەتەوە، دۆخەكە بەشێوەیەكە خەڵكی حەمدانییە ناڕازایەتییان هەیە لەوەی نەخۆشخانەكانی نەینەوا فریای وەرگرتنی قوربانیانی رووداوەكە ناكەون‌و داوای هاوكاری دەكەن، بۆیە دەستكراوە بە گواستنەوەی ژمارەیەك لە بریندارەكان بۆ شاری هەولێر. 
دواین ئامارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ژمارەی ئەوانەی لەم رووداوە گیانیان لەدەستداوە بۆ (120) كەس بەرزبوەتەوە. 
پێشتر بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی نەینەوا رایگەیاند، ئاگرەكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵكراوە‌و تەرمی هەموو قوربانییەكان لەناو هۆڵەكە دەرهێنراون، بەڵام هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە دەڵێن هێشتا تەرم لەژێر داروپەردووی هۆڵەكەدا ماون. 
ئەوانەی بەشدارییان لە هەوڵی فریاگوزاریدا كردووە باسلەوە دەكەن، سەرجەم خەڵكی شاری (بەغدێدە) لەم رووداوەدا كەسێكی نزیكیان لەدەستداوە. 
شاری بەغدێدە دەكەوێتە ناو قەزای حەمدانییەوە لە پارێزگای نەینەوا، زۆینەی دانیشتوانی ئەم شارە مەسیحین‌و زۆربەیان پەیوەندی خزمەمایەتی‌و خێزانیی لەنێوانیاندا هەیە. 
بۆ بەشداریكردن لەم ئاهەنگە تەنیا مەسیحییەكان بانگهێشت نەكراون، خەڵكی ئێزدی ناوچەكەش بەشداربوون‌و لەناو قوربانییەكاندا هەن، زانیارییە بەراییەكان دەڵێن تەنانەت خەڵكانێك لەم ئاهەنگەدا بەشداربوون كە لە ئەمریكاو ئوسترالیاو بەریتانیاوە هاتوون، بەجۆرێك نزیكەی (هەزار) كەس بەشداربوون لە ئاهەنگەكەدا. 
دۆخەكە بەجۆرێكە وەزیری تەندروستی عێراق فەرمانی كردووە سەرجەم نەخۆشخانەكان یارمەتی پێشكەشی فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا بكەن بەمەبەستی فریاكەوتنی بریندارەكان.

ئاگرەكەی هۆتێل رەشید
هاوكات بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆتێل (رەشید) لە بەغداد ئاگرێك كەوتەوە، بەهۆی ئاگرەكەوە، ئەمە وایكرد دیپلۆماتكاران كە بۆ مانەوە روو لەم هۆتێلە دەكەن، شوێنەكانیان چۆڵ بكەن، دواتر ئاگرەكە كۆنترۆڵ كرا. 
هۆتێل رەشید دەكەوێتە ناوچەی سەوزەوە، ئەم ناوچەیە بارەگای پەرلەمان‌و حكومەت‌و هەندێك لە وەزارەتەكان‌و باڵیۆزخانەكانی تێدایە‌و ناوچەیەكی پارێزراوە لەڕووی ئەمنییەوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand