Draw Media

عەبدوڵای كوێخا موبارەك: دارایی و میدیاو دیپلۆماسی لای ئێمە نیە

عەبدوڵای كوێخا موبارەك: دارایی و میدیاو دیپلۆماسی لای ئێمە نیە

2018-07-03 17:31:20


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا
عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی  گۆڕان نائومێدی خۆی لە ئەنجامی ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەردەبڕێت و نایشارێتەوە كە ئێستا " هیچ ئومێدێكی بە ئەنجامەكانی نەماوە" و "چۆن لەسەرەتاوە تەزویرەكە كراوە و بۆیان رێكخستووە لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقی و رەنگە ئێران و ئەوانەشی تیابووبێت، پێم وایە ئێستاش بۆیان چارەسەر دەكەن  و ناهێڵن ئاشكرا بێت"
عەبدوڵای كوێخا موبارەك  گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ " درەو میدیا" راشكاوانە باس لە كێشەكانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات و دەڵێت" برادەرێك هەیە كە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندایە و خۆشمان ویستووە و كردومانە بە رەقەمێكی گەورە گەنج و رۆشنبیریشە، هەوڵی ئەو مامۆستایەی كوڕەكان ئەوەیە كە هەرچۆنێك بێت ئەو سەركردانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی لەگەڵ كاك نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانیان دروست كردووە، بە پاڵپشتی هەندێك هاوڕێی گەنج ئەو سەركردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان وەدەربنێت و تموحی ئەوەی هەیە ببێت بەرەقەمی یەكەم لەناو بزوتنەوەكەدا و مامۆستایایەكی تریان هەیە بەڵام بەراستی ئەم مامۆستایە لەسەر بنەمای عەقڵێكی كۆن و پیلانگێڕی و ماڵداری ئیش بۆ ئەو كوڕانە ئەكات" 
عەبدوڵای كوێخا موبارەك نایشارێتەوە كە چەند شوێنێكی گرنگ هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا  لەژێر دەسەڵاتی جڤاتی نیشتمانیدا نیە" میدیای گۆڕان ، دارایی گۆڕان، پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی گۆڕان ، ئەو سێ شوێنە قبوڵیان نیە و لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نیە"  سەبارەت بەو قسانەی لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەكرێن، عەبدوڵای كوێخا موبارەك دەڵێت"  بەڕوون و ئاشكرا ئەمەوێت بڵێم كوڕەكانی كاك نەوشیروان كە ئێستا قسەیان لەسەر دەكرێت لە میدیا كانەوە، خۆیان باشن و لە هیچ شتێك نەگلاون خاڵی رەشیان لەسەر نیە بەڵام مامۆستای خراپیان هەیە"
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەشپرسێت"  خێرە ئێمە یان هەر هەڵسوڕاوێكی دیكەی گۆڕان لە شەڕ و هەڕەشەكانی سەر گۆڕاندا خاوەنی گۆڕان بین ، بەڵام لەدارایی و سەروەتەكەی خاوەنی نەبین " 
ئەمەش دەقی گفتوگۆكەی " درەو میدیایە" لەگەڵ عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان:


درەو میدیا: هیچ ئومێدێكتان ماوە بە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان كە پێشتر ئومێدی زۆرتان پێی هەبووە؟ 
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: نەخێر ، پێشتر ئومێدمان هەبووە، لەبەر ئەوەی ئێمە لە پارێزگای سلێمانی سەدو قسور باركۆدی دووبارە هەبووە، ئێمە گەشبین بووین, بەڵام كاتێك دادگای فیدراڵی بڕیارەكەی دەركرد هەر ئەو رۆژە دەنگی ئاوارە و تایبەت پێنەوپەڕۆ كرا، تەزویرە زۆرەكە لەوێدا بوو هەر لەو كاتەشدا كە وترا تەنها ئەو سندوقانە دەژمێردرێنەوە كە سكاڵایان لەسەرە, بەڵام ئێمە سكاڵامان لەسەر ئەوە بوو كە لە هەموو وێستگەیەك باركۆدی دووبارەیان هەیە، ئەوە نائومێدیكردین، بۆیە ئەو كاتیش وتم ئەمە تەنها خۆ هەڵخەڵاتاندنەو هیچ سودێكی نیە و من قەناعەتم نیە هیچ گۆڕانكارییەكی گەورە ببێت، چۆن لە سەرەتاوە تەزویرەكە كراوە و بۆیان رێكخستووە لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقی و رەنگە ئێران و ئەوانەشی تیابووبێت، پێم وایە ئێستاش بۆیان چارەسەردەكەن ناهێڵن ئاشكرابێت.


درەو میدیا: ئێوە هەڵوێستی چیتان دەبێت ئەگەر هیچ گۆڕانكارییەك نەبوو لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئەگەر توانامان هەبێت نابێت بێدەنگ بین، هەڵوێستیش رەنگە قورس بێت لە كاتێكدا پلانەكە لە ئاستێكی نێودەوڵەتی بێت، بەڵام بێدەنگیش نابین.
درەو میدیا: لەدوای 12ی ئایار و هێرش بۆسەر گردی زەرگەتە پەیوەندیەكانتان لەگەڵ یەكێتی پچڕاندووە، هەربەردەوام ئەبن، یان هەوڵی ئاساییكردنەوەی دەدەن؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: وەك بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندییەكانمان هەڵپەساردووە و پچڕاندووە و بەڵام هەندێك پەیوەندی هەر دەمێنێت لەسەر ئاستی تاك چونكە سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان پەیوەندیەكی مێژوویان هەبووە لە شاخ و لە شار، ئاساییە هەندێك پەیوەندی هەر دەمێنێت، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندیەكانمان پچڕاوە، مەسەلە ئەوەش نیە كە ئێمە بیانوو بۆ یەكێتی دێنێنەوە تەنها ئەوەیە ئێمە دەڵێین ئەوەی ئێوە كردتان كارێكی ناڕەوا و نایاسایی و بێرێزی بوو بەرامبەر بە گۆڕان دەبێت  یەكێتی ئامادەبن بچنە بەردەم دادگا و داوای لێبوردن بكەن بەڵام تا ئێستا یەكێتی ئەو هەنگاوەی نەناوە، بۆیە ئێمە سوردەبین لەسەر هەڵوێستی خۆمان.

عەبدوڵا كوێخا موبارەك: بەروون و ئاشكرا ئەمەوێت بڵێم كوڕەكانی كاك نەوشیروان كە ئێستا قسەیان لەسەر دەكرێت لە میدیا كانەوە، خۆیان باشن و لە هیچ شتێك نەگلاون خاڵی رەشیان لەسەر نیە بەڵام مامۆستای خراپیان هەیە.


درەو میدیا: یەكێتی نەك داوای لێبوردن ناكات تەنانەت وتویانە پێویستە یارمەتیە داراییەكانی گۆڕانیش ببڕدرێت؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئێمە یارمەتی داراییمان لە یەكێتیەوە نیە, ئەو تۆمەتە بڵاودەبێتەوە، جگە لەو كاتەی كە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كرا كە ئەو كات رەوانشاد كاك نەوشیروان ، تەنانەت لەو كاتەدا دەنگۆكە بەو شێوەیە بوو كە ئێمە ئەم دوو لایەنە ببینەوە بەیەك، بۆیە لەو كاتەدا شتێك وەك هاوكاری  و هەدیەیەك وەرگیرا، بەڵام هیچ هاوكاریەك لە یەكێتیەوە نیە و ئەوە تەنها دەنگۆیە، ئەوان چییان توانی بێت كردوویانە بەرامبەرمان.


درەو میدیا: واتا تەنها لە كاتی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان ئەو هاوكاریە كراوە و ئێستا ناكرێت؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: نا بەهیچ شێوەیەك ئەو كاتەش كاك نەوشیروان خۆی مابوو، ئەگەر هەڵە نەبم 500 ملیۆن دینار وەكو هەدیەیەك دراوە بە بزوتنەوەی گۆڕان، تەنانەت ئەو كاتیش بەشێك لە گۆڕان وتویانە با رەتی بكەینەوە، بەڵام بەشێكیان وتویانە بۆ ئەوەی تەشەنوج دروست نەكات پێویستە وەری بگرین چونكە ئێمە تا ئاستی یەكگرتنەوە رێككەوتنەكەمان كردووە.

عەبدوڵا كوێخا موبارەك:  دوو كەس كە مامۆستای كوڕەكانن، یەكیان بە عەقڵی ماڵداری و میراتگیری مامەڵە دەكات كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ناگونجێت، ئەوی تریان كە گەنجە و رۆشنبیرە بە تموحی ئەوە سیاسەت دەكات و ئەو كوڕانە هەڵدەخەڵەتێنێ، كە خۆی ببێت بەڕەقەم، ئەگەر ئەم سەركردانەی لەناو گۆڕاندان بمێنن ئەو نابێت بەرەقەم.


درەو میدیا: واتا ئەو هاوكارییە یەكجار بووە مانگانە نەبووە؟ 
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: نا بەهیچ شێوەیەك.


درەو میدیا: لەگەڵ پارتیدا پەیوەندیتان چۆنە ئێستا هیچ پەیوەندیەكتان هەیە؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك:  ئەگەر راستگۆ بم  لەگەڵتا نەخێر لەگەڵ پارتی و یەكێتی هیچ پەیوەندییەكمان نییە، هەرچەندە من وەك خۆم قەناعەتم وایە ئەگەر دوو لایەن تا ئاستی شەڕیش لە نێوانیاندا هەبێت دەبێت وەفد و گفتوگۆ هەبێت لە نێوانیاندا، بەلایەنی باش یان خراپ ناكرێت گفتوگۆ بپچڕێنرێت، بەڵام ئێمە هەموو شتێكمان پچڕاندووە لەگەڵ یەكدی.


درەو میدیا: دەنگۆی دروستكردنی هێز لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە ئێوە هەڵوێستان چیە؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: من ئەو كاتیش هەڵوێستم وابووە كە نەك هێزی چەكدار بەرەسمی وەك هێزەكانی 70 ی یەكێتی و 80 ی پارتی دروست بكرێت، بەڵام رەئی خۆم وابووە كە ئەو هەڵسوڕاوو لایەنگرانەی گۆڕان كە چەكیان هەیە وەكو هێزی خۆبەخش رێكبخرێنەوە، نەك چەكی قورس و ئەسڵەحەیان هەبێت، بەڵكو لیستیان هەبێت و   ئاگاداربن و پەیوەندی پتەویان هەبێت بۆ هەر حاڵەتێكی زەرور، هەرچەندە من هەنگاوێكیشم بۆ ئەوە ناوە, بەڵام ئەمە هیچ رەسمیاتێكی نیە لەبەرئەوەی ئێمە، چونكە ئێمە ئەگەر بمانەوێ هێز دروست بكەین یەكەم هەنگاو دەبێت كۆنگرە ببەستین، لەبەرئەوەی لەدەستوری ناوخۆی گۆڕاندا ئێمە لایەنێكی مەدەنی بێ چەكین دەبێت ئەو خاڵە چاكبكەین. 

عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئێمە وەكو جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن، میدیای گۆڕان ، دارایی گۆڕان، پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی گۆڕان لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، ئەو سێ شوێنە قبوڵیان نیە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بن


درەو میدیا:  ئێستا دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆنە، كاری لەپێشینەتان چی دەبێت؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئێمە ئێستا دەمانەوێت خۆمان رێكبخەینەوە ئینجا هەنگاوی تر بنێین، كێشەشمان هەیە..


درەو میدیا: كێشەكانتان چۆنن؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئەوەی بڵاودەكرێتەوە زۆرینەی ناڕاستە، ئەمەوێت ئەوەش بڵێن من لە هیچ بەرەیەكی ململانێدا نیم لەناو گۆڕاندا، كێشەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتریش لەسەردەمی كاك نەوشیرواندا راستگۆیانە وتوومە كێشەكان بەم شێوەیەیە:
ئێمە وەكو جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن، چەند شوێنێكی گرنگ هەیە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، میدیای گۆڕان ، دارایی گۆڕان، پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی گۆڕان لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، ئەو سێ شوێنە قبوڵیان نیە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بن، دەڵێن خانەی راپەڕاندن سستە بەڵێ سستە بەڵام سستكراوە و لە هەندێك شوێندا دەسەڵاتیان نیە، ناشیانەوێت ئەو راستیە بڵێن، ئەوەیان پێ قبوڵە كە خەڵكی پێیان دەڵێت، بەڵام خانەی راپەڕاندن ئاسانە بەنوسراویش پێم داون و لە جڤاتیش باسمكردووە كە دەكرێت دوو كەسی گەنج بێت كەسێكی ئافرەت بێت و سێ كەسی خەڵكی تێكۆشەرو بە ئەزمونەكە بێت، سەبارەت بە رێكخەری گشتیش بزوتنەوەی گۆڕان بە شێوەیەك دارێژراوە كە رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هیچ دەسەڵاتێكیان نیە، رێكخەری گشتی كە ئێستا ئەو هەموو دەنگە دەنگەی لەسەرە ئەمەوێت ئەوە بەبیر بێنمەوە كە كاك نەوشیروان خۆشی مابوو دوو جار خەریك بوو هێرش بكرێتە سەر گردەكە كاك نەوشیروان خۆی مابوو لە حكومەت و پەرەلەمان دەركراین، كاك نەوشیروان خۆی مابوو كە تەزویری زەبەلاحمان لێكرا، هەر خۆشی مابوو ئێمە نەمانتوانی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر دابنێین، ئەوانە ئێستاو كاتی خۆشی هەروابوون، ئەمە پەیوەندی بە رێكخەرو  ناوخۆمانەوە نیە پەیوەندی بە بەرامبەرەكەوە هەیە.
سەبارەت بەو شوێنانەی كە بەدەست خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیەوە نیە، كۆمپانیای وشە بزوتنەوەی گۆڕان دەباتەرێوە, كاتی خۆی كاك نەوشیروان، بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند ئێمە ئەو پرسیارەمان لێكردووە، بەرێز كاك نەوشیروان تۆ بزوتنەوەی گۆڕان چۆن ئەبەیت بەڕێوە كە ئێمە ئەكەوینە دوات، وتویەتی بەم كۆمپانیای وشەیە، ئێستا دوای نەمانی خۆی كۆمپانیای وشە دارایی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەم داراییە بەراستیەكەی با ئێمە راستگۆ بین، رون نیە چەندی دەستدەكەوێت، وە چەندیی دەدات بە گۆڕان  تەنانەت میدیا بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە پارەكەی لەلایەن ژووری كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆی خەرج ناكرێت و لەلایەكی ترەوە بۆی خەرج دەكرێت، بەڕاستی ئەمە ناكرێت، ئەمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا یەك ناگرێتەوە و گۆڕان دەبێت بە سیستەم بڕواتبەرێوە.

عەبدوڵای كوێخا موبارەك: قەناعەتم نیە هیچ گۆڕانكارییەكی گەورە ببێت لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەكان، چۆن لە سەرەتاوە تەزویرەكە كراوە و بۆیان رێكخستووە، ئێستاش بۆیان چارەسەردەكەن ناهێڵن ئاشكرابێت.


درەو میدیا: دەوترێت جڤاتی نیشتمانی گەورەترین دەسەڵاتە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بۆچی ئەم كێشانە یەكلاناكاتەوە؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: لە راستیدا ئێمە لەیەك شتدا دەسەڵاتمان نیە ئەویش ئەجێندای كۆبوونەوەكانە كە ئەجێندای كۆبوونەوەكان بەدەست ئێمە نیە، ئەگەر هەموو ئەندامانی جڤاتیش لەسەر ئەجێندایەك قسەیان هەبێت، ئەمەش رەنگە خەلەل بێت، رەنگە پێویست بێت كە لەم چەند رۆژەدا كۆببینەوە بۆ ئەوەی بپرسین دارایی گۆڕان لەكوێیە؟ بەڵام ئەم ئەجێندایە لای ئێمە نیە كەلات نەبوو چی دەكەیت؟


درەو میدیا: دانانی ئەجێندای كۆبونەوەكانی جڤات لای كێیە؟ 
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئەوە دەبێت  ئەو پرسیارە لە سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بكەیت، ئەو لەگەڵ چەند برادەرێكی تردا ئەجێندا دادەنێن ئەوان ئەزانن، زۆربابەت هەبووە پێویست بووە كۆبونەوەی لەسەر بكەین بەڵام كاتێك ئێمە بۆمان نەخرێتە ئەجێندای كۆبونەوەوە لە كوێ كۆبونەوە بكەین و چی بكەین، ئەمە كێشەی ئێمەیە. 


درەو میدیا: دارایی و میدیا  وپەیوەندی دیپلۆماسی لای جڤات نەبێت، ئەمە دەوڵەت نیە لەناو دەوڵەتدا؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: بەروون و ئاشكرا ئەمەوێت بڵێم كوڕەكانی كاك نەوشیروان كە ئێستا قسەیان لەسەر دەكرێت لە میدیا كانەوە، خۆیان باشن و لە هیچ شتێك نەگلاون خاڵی رەشیان لەسەر نیە بەڵام مامۆستای خراپیان هەیە.


درەو میدیا: ئەو مامۆستایانە هەر لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا نین؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: بەڵی هەر لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندان و رەنگە بۆ بڵاوكردنەوە شیاو نەبێت ئەگەرنا ناوەكانیشیان دەڵێم , بەڵام برادەرێك هەیە كە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندایە و خۆشمان ویستووە و كردومانە بە رەقەمێكی گەورە, گەنج و رۆشنبیریشە، هەوڵی ئەو مامۆستایەی كوڕەكان ئەوەیە كە هەرچۆنێك بێت ئەو سەركردانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی لەگەڵ كاك نەوشیروان گۆڕانیان دروست كردووە، بە پاڵپشتی هەندێك هاوڕێی گەنج ئەو سەركردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان وەدەربنێت و تموحی ئەوەیە ببێت بەرەقەمی یەكەم لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، مامۆستایایەكی تریشیان هەیە, بەڵام بەراستی ئەم مامۆستایە لەسەر بنەمای عەقڵێكی كۆن و پیلانگێڕی و ماڵداری ئیش بۆ ئەو كوڕانە ئەكات، ئەگەرنا میراتگری نیە ئێمە خۆمان دژی میرات گیرین،  كۆمپانیای وشە بۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا چۆنە بۆ من و هەر هەڵسَوڕاوێكی تری گۆڕانیش وایە، گۆڕەكەی كاك نەوشیروان ماڵەكەی  و دارایی و  سەروەتەكەی بەهی خۆم ئەزانم، چونكە من كەوتومەتە دوای ئەو بزوتنەوەیەی كە ئەو دروستی كردووە بەو سەروەت و بەرنامەیەی كە خۆی دروستی كردووە، خێرە ئێمە یان هەر هەڵسوڕاوێكی دیكەی گۆڕان لە شەڕ و ململانێی گۆڕاندا خاوەنی گۆڕان بین, بەڵام لە دارایی و سەروەتەكەی خاوەنی نەبین .


درەو میدیا: كەواتا پێت وایە ئەو كەسانە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان كوڕەكان بەو ئاراستەیەدا دەبەن؟ 
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: بە دڵنیاییەوە، ئەو دە پانزە بیست كەسە كە دوایان كەوتوون دوو كەسیان مامۆستایانن، یەكیان بە عەقڵی ماڵداری و میراتگیری مامەڵە دەكات كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ناگونجێت، ئەوی تریان كە گەنجە و رۆشنبیرە بە تموحی ئەوە سیاسەت دەكات و ئەو كوڕانە هەڵدەخەڵەتێنێ، كە خۆی ببێت بەڕەقەم، ئەگەر ئەم سەركردانەی لەناو گۆڕاندان بمێنن ئەو نابێت بەرەقەم.


درەو میدیا: كەواتا گۆڕان بەم بارودۆخەوە دەتوانێت بچێتە هەڵبژاردنی داهاتووەوە و سەركەوتوو بێت تیایدا؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: نا نەخێر من كە ئەم قسانە دەكەم ئەمەوێت ئەوە بڵێم، من بە پێشنیاز و نوسراو داومە بە جڤاتی نیشتمانی و لەناو كۆبونەوەی جڤاتیشدا بە راشكاوی ئەمانەم وتووە، لەم رۆژانەشدا بەنامە پێم ووتون كە دەبێت باس لەم بابەتانە بكرێت، بەڵام كە جارێك دوان سیان وەڵام نەدرایتەوە خۆ نابێت دابنیشیت، بۆیە دەبێت بە راشكاوی ئەم قسانە بكەم بۆ ئەوەی خەڵكی گۆڕان بەلارێدا نەچن، كە گرفتەكە نە خانەی راپەڕاندنە نە رێكخەری گشتی نە جڤاتی نیشتمانی، بەڵكو گرفتەكە ئەوەیە ئێمە بێدەنگ بین بەڵام بێدەنگ نابین.


درەو میدیا: بێدەنگی ناوخۆ هۆكاری ئەوە نیە خەڵكی لەدەرەوە باسی كێشەكان دەكات؟
عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئێمە قسەمان كردووە و نوسراویشمان داوە، بەڵام وەك باسم كرد هەندێك گەنج لەبەرامبەر بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێت سەركردەكان دەرپەرێنن، لەبەرامبەریشدا هەندێك كەس دوای ئەو سەركردانە كەوتوون و بەراستی لە نیازی ئەوان نەگەیشتوون و دەیانەوێت دووبەرەكی دروست بكەن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand