Draw Media

هاوكێشەی نوێی هێز لە عێراق و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان

هاوكێشەی نوێی هێز لە عێراق و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان

2023-09-23 08:56:42


یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەڵكشان و داكشانی پێگەو كاریگەریی هێزو لایەنە بەشدارەكانییەتی، چ لەسەر ئاستی پەرلەمان و چ لە ئاستی حكومەت و كاریگەریی سیاسی و چەكداری. ئەم شڵۆقی و بێسەروبەرییەیش لە پێنج خولی ڕابردوودا (2005_ 2022) بووەتە هۆی گۆڕینی ئینتیمای سیاسیی سەرۆك وەزیران و پۆستی وەزارەتە سیادی و جومگەیییەكان و، هاوكاتیش هەڵكشان و داكشانی ژمارەی كورسی و كاریگەریی لایەنەكان لە دروستكردنی بڕیار. ئەم شرۆڤەیە تیشك دەخاتە سەر دوا پێشهاتی لێكترازانە سیاسییە ناوخۆیییەكانی شیعەو نوێترین هەڵوێست لەگەڵ لایەنە سوننەكان و، هەوڵدەدات دیدو تێڕوانینی هەردوولا بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو.

دوو جەمسەرە كاریگەرەكەی شیعە: چوارچێوەو سەدرییەكان

لە پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان لە ناوەڕاستی پار (2022)، خولی پێنجەمی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش لە عێراق بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلابووەوە، كە چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی گرنگترین هێزو لایەنە شیعەكانی دۆست و هاوپەیمان و شوێنكەوتەكانی ئێران. لەماوەی 15 مانگیش لە هەژموونی چوارچێوەی شیعەو مانەوەی سەدرییەكان لە دەرەوەی خولی پێنجەم و دوورەپەرێزگرتنی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتەكە لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆتاییی ئەمساڵ (2023)؛ هێشتا ناوەندی سیاسیی شیعی هەر لە دڵەخورتێی ئەگەری گەڕانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی سەدرییەكان یان بەریەككەوتنە توندەكانی سەدرو هێزە خاوەن چەكدارەكانی شیعەدا دەژی. ئەوەیشی ئەم ترس و نیگەرانییانە زیاتر دەكات، نەبوونی هیچ بەرچاوڕونییەكە لەسەر پلان و بەرنامەی سەدر بۆ قۆناغی داهاتوو؛ تەنانەت لای سەركردەكانی ڕەوتەكەیشی كە نایشارنەوە سەرەتاو كۆتاییی بڕیار، بەدەست سەدرەو ئەمان بێئاگان لەوەی چی دەكات.

سەدرییەكان كۆمەڵێك گرژی و ناكۆكییان لەگەڵ پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعە هەیە، بەتایبەت لەگەڵ مالیكی و عەسائیب و بە ڕێژەیەكیش لەگەڵ ڕەوتەكەی عەممار حەكیم، لە پاش هەڵبژاردنی 2021، كە ئەمانە كەمپینیان بۆ ڕاگرتنی سەدر دروست كرد؛ ئەویش ناوی نان “سێكوچكەی شووم”[1]. ئەم گرژییەیش لە كۆتایییەكانی ئابی 2022 بە شەڕێكی خوێناوی لە نێوان سەدرییەكان و گرووپەكانی چوارچێوەی شیعە لە ناوچەی سەوزی بەغدا كۆتایی هات و سەرەنجامیش سەدر بڕیاری دا بە كشاندنەوەی ڕەوتەكەی لە هەموو چالاكییەكی سیاسی و هەموو هێڵێكی تەماسی بەریەككەوتن، ئەویش لە دەركەوتنێكی شپرزەو كتوپڕدا لەبەردەم كامێرای میدیاكان[2]. هەرچەندە سەدر زۆر پێداگریی كرد لەسەر دوورەپەرێزی و پاراستنی ئاشتی، بەڵام دوو مانگ بەر لە ئێستا جارێكی تر بەریەككەوتن و گرژیی ناوخۆیی كەوتەوە نێوان لایەنە شیعەكان؛ بەناوبانگترینیان لە تەممووزی ڕابردوودا، كاتێك سەدرییەكان بارەگاكانی حزبی دەعوە و هەندێك لە هێزە چەكدارەكانی تری شیعەیان لە بەغدا و باشوری عێراق سوتاند، چونكە مالیكی و باڵە میدیایییەكانی دەستوپێوەندەكەی، تۆمەتبار كران بە بێڕێزیكردن بە مەرجەعی كۆچكردووی سەدرییەكان، محەمەد محەمەد سادق سەدری باوكی موقتەداو دامەزرێنەری یەكەمی ڕەوتی سەدر لە ساڵانی نەوەدەكان[3]. ئەگەرچی گرژییەكانی سەدرییەكان و حزبی دەعوە بەخێرایی دامركێنرانەوە، بەڵام نوێبوونەوەو سەرهەڵدانەوەیان ئەگەرێكی هەمیشە كراوەیە، چ لەنێوان سەدرییەكان و بەرەی مالیكی یان سەدرو عەسائیب و هێزەكانی تری شیعەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەت ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردن بەبێ سەدرییەكان بەڕێوەبچێت. لەكاتێكدا خۆخواردنەوەو توڕەیی زۆر لە بنكەی ڕەوتەكەدا هەیە دژ بە گۆشەگیربوونیان، ئەوەیشیان بیر نەچۆتەوە، پار بەدەستی باڵە چەكدارییەكانی چوارچێوەی شیعی، نزیكەی 30 كەسیان لێ كوژرا. چەند ڕۆژێك بەر لەئێستایش بەفەرمی یادی قوربانییەكانی مانگرتن و خۆپیشاندانەكانی پاری بەغدایان لە بەردەم پەرلەمان لە كەربەلا كردەوە[4]؛ ئەمە لە كاتێكدا لە هەڵچوونە كتوپڕەكەی پاردا موقتەدا سەدر جەختی كردەوە “بكوژو كوژراوی ئەو خۆپیشاندانانە لە دۆزەخدان”[5]؛ بەڵام دیارە ئێستا كە دۆخەكە هێور بووەتەوە، سەدرییەكان بڕیاریان گۆڕیوەو كوژراوەكانی خۆیان پێ ستەملێكراوەو بەرامبەرەكانیان دەستدرێژیكارو خەتابار!

لە نوێترین پێشهاتی ئەو ناكۆكییانەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، كۆمێنتێكی سەدرە بە دەستخەتی خۆی لەسەر سكاڵای كەسوكاری 28 ئەفسەری پاسەوانی بەردەم باڵیۆزخانەی سوید كە سزا دراون لەسەر بەجێنەهێنانی ئەركی پاراستنی باڵەخانەكە، كە كەوتەبەر ڕقی سەدرییەكان لە چوارچێوەی كاردانەوە دژی سوتاندنی قورئان لە سوید. سەدر لە پەراوێزی سكاڵاكەدا حكومەتی چوارچێوەی شیعەی، چواندووە بە “حكومەتی عەباسی” كە “هیچ دۆست و هاوەڵی قورئان نین، هیچ پەیوەندییشیان بە عەقیدەوە نییە.”[6] ئەمەیش ئاماژەنمایەكی ڕوونە لەسەر هەڵكشانی كێرڤی ناكۆكییەكانی سەدرو چوارچێوە، لە سیاسییەوە بۆ دابڕانی عەقیدەیی؛ بەو مانایەیش دێت كە سەدر خۆی بە خاوەنی شەرعیی دەسەڵات دەزانێت لەسەر شێوازی عەلەوییە شیعەكان و، چوارچێوەی شیعەیشی پێ “عەباسی”یەكانە كە بە ناوی “ئالوبەیت”ەوە چوونە سەر دەسەڵات و لە عەلەوییەكان زەوتیان كرد. ئەمەیش دەرگەی كردووەتەوە بۆ ئەوەی هەندێك كەس گریمانی ئەوە بكەن سەدر پلانی ڕاماڵین و قڵپكردنەوەی دۆخەكەی هەیەو جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ بەشداری و شەراكەت لەگەڵ شیعەكان.

دابەشبوونە ناوخۆیییەكانی چوارچێوەی شیعی

بەپێی دوا ئامار، 134 لیست بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بۆ كۆتاییی ئەمساڵ پەسەند كراون؛ 39 لەوانە هاوپەیمانێتین و 29 حزب و 66 پاڵێوراوی تاكیش بەشدارن؛ سەرجەم كاندیدە ڕكابەرەكانیش 6 هەزار كەسن[7]. لەناو ئەم قەرەباڵغی و جەنجاڵییەیشدا سەرەكیترین هێزە پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعی بەشدارن كە بریتین لە: دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی مالیكی، بەرەی هادی عامری، سەرۆكی بەدر، حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەممار حەكیم، ئەلنەسر بە سەرۆكایەتیی عەبادی، عەسائیب بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی، لەگەڵ كۆمەڵێكی تر هێزی شیعی لە چەشنی ئیرادەی حەنان فەتلاوی و لیستێكی ئەحمەد ئەسەدی سەرۆكی “جند الإمام”؛ سەرجەمیشیان بەفەرمی لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی 18ی كانوونی یەكەمی 2023 بەشدار دەبن.

هەرچەندە هێزە شیعەكان لە هەندێك پارێزگا بە یەك لیست و لە هەندێكی تر بەپەرتەوازەیی دەچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەو چەترەی كۆیان دەكاتەوە- كە چوارچێوەی شیعییە- بڕیاری هەیە لەپاش هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دیسانەوە هاوپەیمانی دروست بكاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو[8]؛ بەمەیش بەسەر لێكەوتەكانی فرەلیستیی ئەم بەرە شیعییەدا زاڵ ببێت. بەڵام دابەشبوونەكانی بەر لە هەڵبژاردن ئالۆزو گەرمن و بەفەرمی 11 لیستی شیعییە لە 15 پارێزگا كە 50 حزب و ڕەوت و هێز لەخۆ دەگرێت؛ لە 10 پارێزگادا لیستەكەی مالیكی (دەوڵەتی یاسا) بەتەنیایە، لە باشوری عێراقیش دوو لیستی گەورە هەن؛ یەكێكیان تێكەڵ لەگەڵ چوارچێوەی شیعی و ئەوی تر فرەجۆرە[9]. بەهۆی ئەم دابەشبوونەی هەڵبژاردنەكانیشەوە، خەریكە تای هەڵبژاردن وردە وردە لەناوخۆی چوارچێوەی شیعە گەرم دەبێت، بەتایبەت كە شەڕی گەورە بە دوو ئاڕاستەیە: یەكەمیان پەڕینەوەی زۆر لە هێزە شیعەكان بۆ پارێزگا نوێیەكانی وەك ئەنبارو نەینەواو دیالەو كەركوك، دووەمیشیان پڕكردنەوەی بۆشاییی سەدرو بردنی میراتی كەنارگیرییە سیاسییەكەی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق. هەر لە چوارچێوەی ئەم ململانێیەیشدا لە دیالە بۆ نموونە، كە پارێزگای قاچاخچێتی و گرژیی تائیفی و “خاصرة لاکەلەکە” كەلەكەی ئەمنیی ئێرانە، قەیس خەزعەلی و بزوتنەوەكەی، عەسائیب وەك ڕكابەرێكی سەرەكیی ڕێكخراوی بەدری هادی عامری و فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەركەوتووە كە هەردووكیان خەڵكی ئەم پارێزگایەن. بەم پێیەیش كێبركێی گەرم لەنێوان هاوپەیمانیی عامری/ فەیاز (هاوپەیمانیی نبني) لەگەڵ بزوتنەوەی عەسائیب و وردە هێزەكانی هاوپەیمانی دەبن[10].

لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور چەند لیستێكی تری هەڵبژاردن كێبركێ دەكەن لە چەشنی، “المنتصرون”ی كەتیبەكانی “سید الشهدا‌ء”، لیستی  “الصدق والعطاء” بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد ئەلئەسەدی، وەزیری كارو فەرماندەی “كتائب جند الإمام” كە لیوای شەشەمن لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، هەروەها بزوتنەوە سیاسییەكەی حەنان فەتلاوی بەشدارە بە ناوی “إرادە”[11]. بەم پێیەیش شێوەیەكی گشتیی ڕكابەرییەكانی قۆناغی داهاتووی شیعە لەنێوان چەند جەمسەرێك دەبێت لە چەشنی مالیكی - خەزعەلی/ عامری - خەزعەلی/ حەكیم - عامری/ حەكیم - خەزعەلی و، سەرجەمیشیان لەگەڵ ڕەوتی سەدردا لە ناكۆكی و ناجۆریدان. لەناو ئەم جەنجاڵییەیشدا یەكێك لەو كەرەستانەی كە سەرجەمیان هەناردەی كێشە ناوخۆیییەكانی پێ دەكەن، مەسەلەی بودجەو موچەو چۆنێتیی مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان. ئەوەیش بەڕوونی لە گوتاری سیاسیی هێزە شیعەكاندا دیارە كە جەخت لە بەشخوراویی پارێزگاكانی باشورو ڕێگرتن لە گواستنەوەی داهاتی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە؛ تەنانەت پاش ئەوەیشی كە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە بەبێ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخەكە بخاتەڕوو یان ئەم گوتارە بەرامبەر ئەو پارێزگایانەی تر بەكار بهێنێت كە بەرهەمی نەوتیان نییە وەك: ئەنبار یان دیالە بە نموونە.

كێشە بۆماوەیییەكانی هێزە شیعەكان و لایەنە سوننەكان

كۆتاجار كە شیعەكان لەسەر زاری “محەمەد شیاع سودانی”یەوە گفتیان دا پابەند بن بە مەرج و داخوازییەكانی لایەنە سوننەكان لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت، لە دیداری سودانی و حەلبوسی بوو لەناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوو[12]، بەڵام ئاماژەكان لەسەر ئەوەن جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە بەكردەیی و بەهێمنی بەرەو سڕكردن دەڕوات[13]؛ بەتایبەت كە یەكێك لە بڕگە سەرەكییەكانی ئەو داواكارییانە مەسەلەی لێبوردنی گشتییە بۆ زیندانییەكان كە زۆرینەیان هی ناوچە سوننەكانن بە تۆمەتی تیرۆر. یاساكەیش سەرباری ئەوەی بە فەرمانی سەرۆك وەزیران لیژنەی بۆ پێكهێنراوە، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە كێ دەگرێتەوەو، زۆر لە چاودێرانیش پێیان وایە دەكرێت بەئاسانی پرۆژەكە لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵ بكرێتەوەو بە ئاڕاستەیەكی تر ببرێت لەژێر ناوی سوككردنی باری سەرشانی زیندانەكان كە كێشەی قەرەباڵغییان هەیە[14]. هەروەها زۆر لە هێزە شیعەكان نایشارنەوە بەنیازن گیراوەكانی ماددەی 4ی تیرۆر هەڵاواردە بكەن لە لێبوردن كە زۆرینەیان لە ناوچە سوننەكانن. بۆ داواكارییەكانی تر كە ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سوننە وێرانەكانی پاش جەنگە، لەگەڵ داواكارییەكانی تر، هێشتا هیچ هەنگاوی گەورەی بۆ نەنراوە.

لایەنە سەرەكی و فەرمییەكانی سوننە ناتوانن بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن یان لە حكومەت بكشێنەوە، چونكە باوەڕێكی زاڵ هەیە كە “مەرجەعییەتی پێكهاتەی سوننە، دەسەڵاتە”؛ بەو مانایەی هێزێك لێی دوور بكەوێتەوە پەراوێز دەكەوێت. بەڵام لەسەر ئاستی ئەو هێزە سوننە نەیارانەی شیعە كە لە دۆخەكە سودمەند نین یان لە دەسەڵاتدا نین، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە خۆیان نمایش بكەن كە یەكێكیان بانگەشەی هەرێمی سەربەخۆیە، یان هەوڵی ترساندنی شیعەكان بەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا یەكدەگرن بۆ دروستكردنی هەرێمێكی یەكگرتوو. بۆ ئەم مەبەستەیش سەكۆ ئەلیكترۆنی و كەمپینیان لە سۆشیاڵمیدیا بەرپا كردووەو نەخشەسازی بۆ پرۆژەگەلێك دەكەن كە ژێرخان و زەمینەی جێبەجێبوونیان لە واقعدا نییەو زیاتر بۆ دروستكردنی گوشارە[15].

مامەڵەی لایەنە شیعەكان لەگەڵ هەرێم

جیاواز لە ویلایەتی دووەمی مالیكی كە گرژی و بەریەككەوتنی ئاشكرا لەنێوان هەرێم و بەغدا ناونیشانی سەرەكیی بوو، لە ئێستادا حكومەتی سودانی، كە هی چوارچێوەی شیعییە، لەسەر ئاستی فەرمی و میدیایی خۆی بەدوور دەگرێت لەوەی بكەوێتە سەنگەری ململانێی ئاشكرا لەگەڵ هەرێم. ئەوەیشی هاندەرە بۆ ئەم تەبایییە ڕووكەشە، زیاتر لە دوو پاڵنەری سەرەكیدا دەردەكەوێت كە یەكێكیان هەوڵی پارێزگاریكردنە لە دەسكەوتەكانی چوارچێوەی شیعەو ئەزموونە حوكمڕانییە نوێیەكەی لەبەرچاوی دنیا، دووەمیشیان شڵۆقیی پێگەی حكومەتی چوارچێوەیە لە بەردەم تەحەددا ئابوری و دارایییەكان (دۆلار بەتایبەتی) لەگەڵ مۆتەكەو تارماییی بەردەوامی سەدر. بەڵام لەسەر ئاستە كردارییەكە ئەوەی بۆ ئەم حكومەتە ڕەخساوە لە ئیحتیواكردنی هەرێمی كوردستان و ئابورییەكەی و كەڵكوەرگرتن لە كێشە كەڵەكەبووە ناوخۆیییەكانی، بۆ هیچ كابینەیەكی پێشووتر بەبەردەوام دەستی نەداوە، بە كابینەی حەیدەر عەبادییشەوە كە لە 2017 كەركوكی گێڕایەوە بۆ چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵ و بەسەر تەنگژەو قەیرانی ڕیفراندۆمدا زاڵ بوو. بەشێك لەو شانس و دەرفەتانەیشی بۆ ئەم حكومەتە ڕەخساوە، لەڕێگەی “دادگەی فیدراڵی”یەوە فەراهەم بووەو بەشەكەی تریشی پۆپۆلیزمی شیعی لەناو پەرلەمان یارمەتیدەرییەتی، بۆ نموونە لە كاتی گفتوگۆی بودجەدا “هەڵۆكانی دارایی”و لەكاتی پێدانی قەرزدا “پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشور”[16]. هەرەچەندە ئەمانەیش زۆرینەی پەرلەمانتاران نین، بەڵام ڕێژەیەك لە پاڵپشتیی جەماوەرییان هەیەو لەم نێوەیشدا هەندێك ڕاپرسیی سنوردار دەریدەخات كە، نزیكەی زیاتر لە 80%ی بەشداربووانی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشور، پێیان وایە هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی نییە؛ هەروەها چیرۆكی كوردستان وەك جاران جێگەی سەرنجی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشور نییەو 38%یش لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە[17]. هەندێك كەسایەتیی شیعەیش بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن بەغدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی و بیانیدا بكات بۆ  وردبینیی خەرج و داهاتی هەرێم[18].

جگە لەو هۆكارانەی سەرەوەیش لێكترازانی ناوخۆییی هەرێم و كەڵەكەبوونی هەڵەكان بەبێ هەبوونی ئاسۆیەك بۆ چارەسەربوونیان، هاندەری حكومەتی فیدراڵ و هێزە شیعەكانە گوشاری زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكات. لە لایەكی تریشەوە هەناردەكردنی نەوت بۆ توركیا عەیبەكانی ئابوریی بەرخۆری هەرێمی دەرخست و، ئێستا دەگوترێت قەوارەی هەرێمێك كە پشتئەستوور بوو بە نەوت، شڵۆق و لەرزۆكە [19]، لە كاتێكدا ئەم ڕاستییە دەرهەق بە دەوڵەتی عێراقیش هەر هەمان شتەو ئەویش ئابورییەكەی دەوروبەری 95%ی، بەپێی ڕاپۆرتە دارایییە فەرمییەكان پشتئەستوورە بە نەوت.

لەناو پێكهێنەرەكانی حكومەتی چوارچێوەی شیعەدا هێزە دێرینەكانی وەك دەعوەو بەدرو حیكمەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، خۆیان لە بەریەككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەدوور دەگرن، بەڵام پەرلەمانتارو ئاستەكانی خوارەوەیان، لە ئیشی خۆیان بەردەوامن كە هەوڵی چەسپاندنی ناوەندگەراییی دارایی و كارگێڕی دەدەن و كۆدەنگیی نوێنەرەكانیشیان لە لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بڕگەو بابەتەكانی بودجە ئاماژەنمایەكی ڕوونە. لە دەرەوەی حزبە سیاسییە دامەزرێنەرەكانی پرۆسەی سیاسی، هەندێك لە كادرە شیعە باڵاكان تا ئاستی سڕینەوەی ناوی كوردستان لە ئەدەبیاتی سیاسیدا دەڕۆن؛ بۆ نموونە باقر جەبر كە لە چوار كابینەی حكومەتەكانی عێراقدا وەزیر بووەو سەركردەیەكی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە، داوای چەسپاندنی زاراوەی “شمال الوطن” دەكات لەبری كوردستان[20]؛ كە ئەمەیش دووبارەكردنەوەی هەمان كەلتووری بەعسە.

بەم دوایییانە هەندێك هێزی سیاسیی شیعەی نوێ هەڵكشاون، لەوانەیش: بزوتنەوەی عەسائیب بە سەرۆكایەتیی خەزعەلی. ئەم هێزە كە یەكێكە لە ڕاگرەكانی حكومەتی سودانی و بە وەزیری خوێندنی باڵا لە كابینەكەدا بەشدارە، نایشارێتەوە لەگەڵ “جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی ناوەندییە كە پارێزگاری لە دەوڵەتی عێراق بكات”؛ هەروەها بانگەواز بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی نوێ دەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان “لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتی عێراقی یەكگرتوو”[21]. مەترسیی ئەم گوتارە ناوەندگەرایییەیش، هاوكاتبوونییەتی لەگەڵ بارودۆخێكی هەرێمایەتی كە تێیدا سەرچاوە ئەمریكییەكان ئاماژە بەوە دەكەن گرنگیدانی ئەمریكا بە عێراق پاشەكشەی كردووە بۆ نزمترین ئاست لەچاو كۆمەڵێك دۆسیەی تر لە ئۆكراینا و تایوان[22]؛ هەروەها لە كاتێكدایە كە ئێران لە هەڕەشەی بەردەوامەو، گوشار دەكات بۆ دوورخستنەوەی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە سنورەكانی عێراق و ئێران لەناو هەرێمی كوردستان، ئەگەر نا هێرش و پەلاماری سەربازی ئەنجام دەدات[23]. هەموو ئەمانەیش هاوكات لەگەڵ قەیرانی دارایی، بوونەتە ئەوەی هەرێم لەچوارچێوەی عێراقدا هیلاك و گەمارۆدراو دەركەوێت، كە ئێستا بە شێوەیەكی كاتی و لە دۆخێكی دەگمەن و بێپێشینەدا لەڕووی سیاسی و داراییشەوە جێگیرە، بەتایبەت كە نرخی نەوت لە هەڵكشانە.

بژاردەكانی بەردەم هەرێم

سەرباری ئەوەی عێراق نەخۆش و كێشەدارە بەڵام وا دیارە لەژێر ناونیشانی “نە بووژانەوە نە ڕووخان” هەر بەردەوام دەبێت، چونكە ئەوە پێویستییەكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە. بۆ هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا هیچ بژاردەیەكی بەدیل بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق بەردەست نییەو هەموو كێشەكان لە بەغدا كەڵەكە بوون و هەموو ڕێگەكانی چارەسەریش هەر دەچنەوە بەغدا. ئەگەرچی هەرێمیش كارتی زۆری لەدەست داوەو لە ئێستادا لەژێر گوشاری گەمارۆ و لێكەوتەكانی كێشەی ناوخۆیی و خراپیی ئیدارەدانە، بەڵام هێشتا هەندێك دەرفەتی كەمی ئەوەی هەیە بە كاركردن لەسەر دژیەكی و كەڵكوەرگرتن لە كێشەو لێكترازانە عیراقییەكان، هەندێك لە گوشارەكانی سەرشانی كەم بكاتەوە، ئەگەر ئامادەسازی بكات و هەندێك لە كێشەكانی ناوخۆی چارەسەر یان كپ بكاتەوە.

تێگەیشتن لە عێراقی پاش داعش ئاڵۆزترەو، نەخشەی هێز هاوشێوەی پاش 2003 نییە، بەتایبەت لەناو پێكهاتەی حوكمڕان؛ بۆیە سەرەتا تێگەیشتن و توێژینەوە و پاشان هەوڵی دروستكردنی ڕایەڵەی پەیوەندیی نوێی پێویستە، بەتایبەت كە ئێستا هێزو دەموچاوی نوێ لەناو شیعە لە هەڵكشاندان لەسەر حیسابی كۆنەكان و، تا ئێستایش لە عێراقدا بەدیلێك بۆ هاوپەیمانێتیی كوردو شیعە نییە بۆ ڕاگرتنی دۆخەكە. بۆیە مامەڵەكردن لەگەڵ یەكتر ناچارییە.

[1]https://2u.pw/0RtBXce

[2]https://2u.pw/N8ualBh

[3]https://2u.pw/H3h2LLS

[4]https://2u.pw/lmFhvn0

[5]https://2u.pw/N8ualBh

[6]https://2u.pw/H5QM0Qs

[7]https://2u.pw/0f6vpI7

[8]https://2u.pw/RNCBNxH

[9]https://2u.pw/DelXlOm

[10]https://2u.pw/86FptPG

[11]https://2u.pw/86FptPG

[12]https://2u.pw/LPZHOae

[13]https://2u.pw/vubuYbf

[14]https://2u.pw/Ygln26o

[15]https://2u.pw/W184o0r

[16]https://2u.pw/G6D6zjh

[17]https://2u.pw/nOFULjd

[18]https://2u.pw/lvFJEHY

[19]https://2u.pw/RD2FXoh

[20]https://2u.pw/ATKomVV

[21]https://2u.pw/FGqJu2P

[22]https://2u.pw/C4DM1M8

[23]https://2u.pw/1WK9KvE

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ پێنووس _ خانەی هزریی كوردستان وه‌رگیراوه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand