لە (90) رۆژدا موچەخۆران یەك موچەیان وەرگرتووە
2023-09-22 18:03:22
درەو:
لە ماوەی (90) رۆژی رابردوودا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەنیا یەك موچەیان وەرگرتووە، لە (9) مانگی رابردوودا تەنیا (6) موچە دابەشكراوە، بە تێكڕا حكومەت لە 2023دا بە (45) رۆژ جارێك موچەی دابەشكردووە، تا كۆتایی ساڵ چارەنووسی (2 بۆ 3) موچە دیار نامێنێت، واتا لە سێ مانگی وەرزی هاویندا موچەخۆرێك تەنیا موچەی (یەك) مانگی وەرگرتووە، بەڵام كرێ خانوو كارەبا و ئاوو مۆلیدەی سێ مانگی داوە.
بەوەرزێك یەك موچە
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی حوزەیرانی 2023ەوە بۆ ئەمڕۆ 21ی ئەیلولی 2023 كە دەكاتە (90) رۆژ تەنیا یەك موچەی دابەشكردووە ئەویش موچەی مانگی (شەش) بووە لە لە 8ی ئابدا.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا 2023 بەم شێوەیە موچەی دابەشكردووە:
• لە رۆژی 6ی شوبات موچەی مانگی یەكی دابەشكردووە
• لە رۆژی 8ی ئازار موچەی مانگی دووی دابەشكردووە
• لە رۆژی 6ی نیسانی موچەی مانگی سێی دابەشكردووە
• لە رۆژی 14ی ئایار موچەی مانگی چواری دابەشكردووە
• لە رۆژی 24ی حوزەیران موچەی مانگی پێنجی دابەشكردووە
• لەرۆژی 3ی ئاب موچەی مانگی شەشی دابەشكردووە
ئێستا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نزیك دەبنەوە لە مانگی (10) بەڵام چاوەڕوانی موچەی مانگی (7) دەكەن، واتا لە (9) مانگی رابردوو تەنیا (6) موچەیان وەرگرتووە، واتا لەماوەی (265) رۆژ رابردوودا (6) موچەیان وەرگرتووە كە بە تێكڕا نزیكەی (45) رۆژ جارێك موچەیان وەرگرتووە.
خۆ ئەگەر تا كۆتایی ساڵی 2023، حكومەتی هەرێم (3) موچەی تر دابەش بكات، چارەنووسی (3) موچەی تر بە نادیاری دەمێنێتەوە، كە نازانرێت حكومەتی هەرێم وەك پاشەكەوت ئەژماری دەكات، یان وەكو قەرز دەیخاتە ئەستۆی بەغداد.
موچەو كرێ و قیست
موچەخۆرێك لە وەرزی هاویندا تەنیا (یەك) موچەی وەرگرتووە، بەڵام سێ كرێ خانوو، سێ كرێی كارەبا، سێ كرێی مۆلیدە، سێ كرێی ئاو، سێ قیست و قەرز (ئەگەر لای بێت) داوە.
بۆ نمونە.
ئەگەر موچەخۆرێك موچەكەی (750) هەزار دینار بێت و كرێچی بێت، ئەو موچەخۆرە یەك جار موچەی وەرگرتووە (750) هەزار دینار، بەڵام سێ جار خەرجی هەبووە:
• كرێی خانوو مانگانە (300) هەزار، واتا سێ جار (900) هەزار دینار
• كرێی مۆلیدەر ئەگەر (4) ئەمپێری هەبێت بە (10) هەزار واتا لە وەرزی هاویندا (120) هەزار دیناری داوە.
• كرێی ئاو (10) هەزاری مانگانە واتا (30) هەزار
• كرێی كارەبا (20) هەزار واتا بۆ وەرزی هاوین (60) هەزار
• كرێی ئینتەرنێت و مۆبایل (25) هەزار بۆ وەرزەكە (75) هەزار دینار.
• ئەگەر كەسێك قیستی لەسەر بێت مانگانە (50) هەزار بۆ وەرزی هاوین دەكاتە (150) هەزار دینار
• سەرەرای خەرجی دیكەی ماڵ كە مانگانە (100) هەزار دینار بۆ وەرزی هاوین (300) هەزار دینار.
واتا كۆی گشتی موچەخۆرێك لە سێ مانگدا (750) هەزار دیناری وەرگرتووە، بەڵام سێ مانگ خەرجی كردووە، نزیكەی ( ملیۆن و 600 هەزار) دیناری خەرجكردووە.
واتا بە كۆی گشتی موچەخۆرێك لە سێ مانگی وەرزی هاویندا تەنیا (یەك) موچەی وەرگرتووە، بەڵام خەرجی سێ مانگی داوە، ئەمەش بارگرانییەكی گەورەیە بۆ هەر خێزانێك و كاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕاو وەستانی كارو كاسبی هەیە.
موچەی تەمووز لە پاییزدا
بڕیارە لەسەرەتای هەفتەی داهاتووداو دوای گەیشتنی قەرزە (700) ملیار دینارەكە حكومەتی هەرێم دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی تەمووز بكات.
داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم:
• مانگانە 700 ملیار دیناری بەغداد
• مانگانە (320) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ
• مانگانە (25) ملیار دیناری یارمەتی هاوپەیمانان
• كۆی گشتی مانگانە: (ترلیۆنێك و 45 ملیار) دینار
• مانگانە كۆی موچە: (944) ملیار دینارە
• پارەی ماوە بۆ خەرجی (100) ملیار دینار