پێشنیاز دەكرێت (عەبدوڵا حاجی مەحمود) بكرێتە وەزیری پێشمەرگە
2023-09-21 17:49:38
درەو:
قوباد تاڵەبانی بڕیاری داوە بە دانانی (دارا رەشید)، مەسرور بارزانی رەتیدەكاتەوە، بۆ چارەسەرێكی ناوەندی پێشنیاز دەكرێت (عەبدوڵا حاجی مەحمود) بكرێتە وەزیری پێشمەرگە.
وەك چارەسەری ناوەند پێشنیازكراوە عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت وەربگرێت، ئەویش رەتی نەكردووەتەوە و وتویەتی ئەوە لە دەسەڵاتی حزبە سیاسیەكان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندایە.
(درەو) لە بەرپرسانی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە ئەوەی دەستكەوتووە كە پێشنیازەكە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمریكیەكانەوە لە بۆنەیەكی نافەرمی كۆمەڵایەتیدا بووە بە هەریەك لە عەبدوڵا حاجی مەحمود و حەمەی حەمەسەعید راگەیەندراوە كە یەكێكتان ئەو پۆستە وەربگرن، حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری وەرگرتنی پۆستەكەی رەتكردووەتەوە، (عەبدوڵا حاجی مەحمود) پێشنیازەكەی رەتنەكردووەتەوەو وتویەتی ئەوە لەدەستی سەرۆك وەزیران و حزبە سیاسیەكاندایەو ئەوان بڕیار بدەن، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئامادەیە ئەو ئەركە وەربگرێت.
سەرچاوەیەك لە كونسوڵخانەی ئەمریكا بە (درەو)ی راگەیاند: وەك ئەمریكا هیچ پێشنیازێكی لەو جۆرەمان نەكردووە.
ئەم پێشنیازە وەك چارەسەرێكی ناوەند بووە لە پێناو ئەوەی كێشەی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكرێت و یەكێتی و پارتی لەسەر دانانی وەزیرێك بەوەكالەت بگەنە رێككەوتن، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە پشكی ئەوەو خۆی كەسێكی بۆ دیاری دەكات، هەربۆیە قوباد تاڵەبانی لە پێشوازی وەفدی سەربازی هاوپەیمانان رایگەیاند: پێویستە وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت دابنرێت، ئێمە كاندیدی خۆمان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت دەستنیشان كردوە.
بەڵام مەسرور بارزانی وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوەو لە پێشوازی ژەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراقو سوریا رایگەیاند: پێویستە دەستوەردانی شەخسیو حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران نەكرێت لە دانانی وەزیرێك كە توانای جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی هەبێت.
هەفتەی رابردوو قوباد تاڵەبانی بە نوسراوی فەرمی بڕیاریداوە بە دانانی (دارا رەشید) وەزیری پلاندانان لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە "بەوەكالەت"، مەسرور بارزانی ئەم نوسراوەی قوباد تاڵەبانی رەتدەكاتەوەو دەڵێ دانانی وەزیر بە وەكالەت لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندایە نەك جێگری سەرۆك وەزیران.
هاوپەیمانان ئەم مانگەیان وەكو دوا وادە بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە دیاری كردووە، لە ئابی 2022ەوە پۆستی وەزیری پێشمەرگە بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی (شۆڕش ئیسماعیل)ەوە بەتاڵ بووە، ئەم پۆستە پشكی یەكێتییە، بەڵام مەسرور بارزانی داوای ئەوە دەكات قسەی هەبێت لە دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكەدا.
بەتاڵبوونی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە، بەمدواییە ململانێكانی نێوان پارتیو یەكێتیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بۆ بەڕێوەبەرو بەرپرسی بەشەكان شۆڕكردوەتەوە.
هاوپەیمانان مانگانە بڕی (20 ملیۆن) دۆلار وەكو هاوكاری بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن، بەڵام ئەم هاوكارییەیان مەرجدار كردووە بەوەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بكرێتو هێزەكانی هەردوو حزب لەناو لیوای هاوبەشدا رێكبخرێتەوە.